ڕۆژی پێنجشەممە 4ی خەرمانان بەرامبەر 26ی ئاگۆستی 2021ی زایینی شاندێکی یەکیەتی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد بە سەرپەرستی سەرگوڵ شابازی سکرتێری ڕێکخراو هەروەها نوێنەری یەکیەتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارییان لە مەراسمی کردنەوەی کۆنگرەی سێزدەهەمی یەکێتی گشتی قووتابیانی کوردستان لە شاری هەولێر کرد.
لە یەکەم ڕۆژی مەراسمی کردنەوەی کۆنگرە بە مەبەستی بەرەو پێش بردنی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان ئەجێندای سیمپۆزییۆمی ئاڵنگاریەکانی بەردەم پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێی کوردستان پێک هاتبوو، کە لە دوو پانێلی جیاواز پێک هاتبوو، بەشی یەکەم لە سەر خستنە ڕووی دیدگای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پڕۆسەی پەروەردەو فێر کردن و بەشی دووەمی پانێل تایبەتکرابوو لەسەر هەڵسەنگاندنی پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن و ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی قووتابیان و خوێندکاران.
لە کۆتایی پانێلەکاندا خستنەڕووی دەرەنجامی ڕاپرسی ڕۆڵی پەروەردە و فێرکردنی میللی و وەرگرتنی ئەزموونی وڵاتی فەڕەنسا لە پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن.
لە کۆتایی دا شاندی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد و نوێنەری یەکیەتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستە گوڵێک و پەیامی پیرۆزبایی کۆنگرەیان پێشکەش کردن.