سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٠، شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرەستی پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتیی ڕێکخراو بەشدارییان کرد لە کۆنگرەی یازدەهەمی یەکیەتیی لاوانی کوردستان لە شاری هەولێر.
کۆنگرەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ساتێک بە بێدەنگی وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی ڕێباز هاشم سکرتێری یەکیەتیی لاوانی کوردستان و هەروەها پەیامی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی جیهان و لاوانی شیوعی عێراق پێشکەش کران.
پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک میوانی تایبەتیی کۆنگرە، لە لایەن پێشەوا عەلی پوور پێشکەش کرا.
پێشەوا عەلی پوور لە پەیامەکەیدا وێڕای جەخت کردنەوە لە هاوکاری بەردەوامیی نێوان هەردوولا، باسی لەو ئاڵۆزییانە کرد کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وایکردووە کە ژینگەیەکی ساخڵەم بۆ لاوان وەدی نەیەت و بەتایبەت تێکدانی ژینگەی تێکۆشانی لاوانی شەقامی عەرەبی لە عێراق و لوبنان و سوریە و یەمەن و فەلەستین لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە کارەسات وەسف کرد کە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران لاوانی ئەو وڵاتانەی تووشی نەهامەتی کردوون.
پێشەوا عەلی پوور لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا پەیامی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی لە چیاکانی کوردستان گەیاندە کۆنگرە و بە ئاماژە بەوەیکە پێشمەرگەی کۆماری کوردستان و ڕێبازی قاسملوو چیاکانی کوردستان بە سنوور نازانن و پێشمەرگە بوەتە فاکتەری سەقامگیری و هەروەها پشتێندەی ئەمنی لەبەرابەر سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی، جەختی کردەوە کە ئەگەر بێت و پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لە چیاکان نەمێنن، ئەوە بێگومان هاوباوەڕەکانی کۆماری ئیسلامی لەو ناوچانە بە ئازادی تەراتێن دەکەن کە ئەمەش ناسەقامگیری بۆ لاوانی باشوور دروست دەکات.
شایانی باسە شاندی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک میوانی تایبەت تا کۆتایی لە چالاکییەکانی کۆنگرەدا بەشدار بوون و هەروەها کۆنگرەش بە پەسەند کردنی بڕیارنامەیەک دژی دەستوەردانەکانی ڕێژیمەکانی تورکیا و ئێران لە خاکی کوردستان، داوایان لە نوێنەرانی کورد لە پاڕلەمانی عێراق کرد کە هەوڵ بدەن بۆ دەرکردنی ڕێژیمەکانی ئێران و تورکیا لە خاکی عێراق.