لاوانی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری کوردستان!
خەلکی وەزاڵەهاتوو لەدەست ستەم!
هەر وەک ئاگادارن زووڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی لە ماوەی نزیک بە چوار دەیە حکومەتداریی خۆی گەیشتۆتە ئەوپەڕی و لە ماوەی رابردوودا کە خەڵکی وەزاڵەهاتوی ئێران لە دژی ئەو رێژیمە هاتنە
سەرشەقامەکان و داوای ماف و ئازادییەکانی خۆیان دەکرد، بەداخەوە بێ بەزەییانە کەوتنە بەر هێرش و پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکان و وەڵامی ویست و داخوازییەکانی خەڵکیان بە کوشتن و بڕین و زیندان و ئەشکەنجە دایەوە.
لەو نێوەشدا کە خەڵکی کوردستان بۆ باسکردن لە ویست و داوا رەواکانی خۆیان هاودەنگ لەگەڵ نەتەوە چەوساوەکانی ئێران لە کۆمەلێک شار هاتنە سەر شەقام، بێ بەزەییانە لەلایەن سیستمی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی وەڵام درانەوە و هەنووکە رێژیم دەستی کردوە بە کوشتنی دەستبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵات لە ناو زیندانەکاندا و تا ئێستا دوو لاو بەناوەکانی سارۆ قارەمانی و کیانووش زەندی لە زیندانی سنە شەهید کراون و تەنانەت رێژیم بەمەش نەوەستاوە و دانپێدانانی زۆرە ملێ بە بنەماڵەکانیان بڵاو دەکەنەوە و ئیزن نادەن رێورەسمی پرسەیان بە ئاشکرا بەڕێوە بچێ.
لاوانی مافویستی کورد!
ئێمە لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای مەحکوم کردنی هەڵسوکەوتی جینایەتکارانەی رێژیمی ئیسلامی ئێران لەهەمبەر مامەڵەی بێ بەزەییانە لەگەڵ لاوانی کورد و بەندکردنی لاوانی مافویست و پڕکردنی زیندانەکان لە تێکۆشەرانی ئازادیخواز و کوشتنی گوماناوی بەندکراوان، وەبیر ئێوە لاوانی کورد دەهێنینەوە کە ئێوە لە خراپترین دۆخی ژیاندا بەسەردەبەن و بێکاری تەنگی پێهەڵچنیون و رۆژ نییە کە لەسەر سنوورەکان شاهیدی کوژرانی لاوان نەبن، بەڵام زۆرجار لە بۆنە نیشتمانی و هەروەزە نەتەوەییەکاندا سەلماندووتانە هەوێنی شۆڕشێکی مەزنن. هەر بۆیە بانگەواز لە ئێوە لاوانی کورد دەکەین کە ئیزن نەدەن خوێنی لاوانی کورد بە فیڕۆ بچێت و لەسەنگەری تێکۆشاندا لەسەر مافە رەواکانتان سوور بن و لەهەموو دەرفەتێک بۆ هێنانە گۆڕی ویست و داخوازیەکانتان کەڵک وەربگرن و بە هێنانە دی ویست و ئاواتەکانی ئەو نەمرانە تۆڵەی خوێنی خوێنی بەناحەق رژاویان بکەنەوە.
هەروەها ئێمە بانگ لە کۆمەلگای نێودەوڵەتی دەکەین کە وێڕای پشتیوانی لە خەڵکی وەزاڵەهاتوو، ئاوڕ لە دۆخی مافی مرۆڤی کورد بدەنەوە کە لە جوغرافیای ئێراندا، کوردستان وەک یەکەیەکی ئەمنیەتی دێتە ئەژمار و زۆر جار رقی سەرکوت لە تاران را بەرامبەر کوردستان چەند هێندەی ناوچەکانی ترە.
سەرکەوێ خەباتی رەوای کورد بە پێشەنگایەتی لاوان
سڵاو بۆ شەهیدان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
کۆمیتەی بەڕیوەبەریی گشتی
٢٥/١٠/١٣٩٦
١٥/٠١/٢٠١٨