یەلدا درێژترین شەوی ساڵە و لەو شەوەدا و لە ساڵی ١٣٠٩ی هەتاوی دا پێغەمبری کوردان دکتوور قاسملوو چاوی بە دنیا هەڵێناوە، ئەگەر تا ئەوکات یەلدا بە شەوی هەنارە سورەکان ناسرابوو، بەڵام لەو ساڵە را یەلدا بوو بە لە دایک بوونی ئەستێرەی بەخت و بۆ کوردان پڕ مانا تر و پڕشنگتر بوو .
یەلدا ئەو گەورەیەی پێ بەخشرا تا لەو شەوە دا ئەستێرەیەک بە ئاسمانی کوردەواریەوە هەڵبێت.
لاوانی کورد و گۆشکراوانی مەکتەبی قاسملوو و دێموکرات هەموو ساڵی و لەو شەوەدا پەیمانی رێز و وەفا لەگەڵ رێبازی دکتوور قاسملوو نوێ دەکەنەوە و مخابن ساڵی رابردوو لەجەنگەی ئەو یادکردنەوەدا دەستی رەشی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی هات و شین و شایی تیکەڵ کردین و بەداخەوە پۆلێک تێکۆشەری دێموکرات کە پێکهاتبوون لە شەهیدان عەلی قۆیتاسی و وەهاب میرخزری دوو کادری حیزبی دێموکرات و شەهیدان ئەرسەلان عەباس نیا و سالار باقری دوو پێشمەرگەی حیزب کە هاوکات ئەندامی یەکیەتیی لاوان بوون و هەروەها شەهید ناسری کەریمی کادری یەکیەتیی لاوان و شەهیدان سەنگەر ستار و عەدنان عەبدوڵڵا دوو کارمەندی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی لە کورد و کوردستان ئەستاند.
تێرۆری شەوی یەلدا تێرۆرێکی ئاسایی نەبوو، تێرۆری جیلی چوارەمی حیزبی دێموکرات بوو کە هەموو ساڵێ ئەو جیلە یادی لەدایکبوونی قاسملوویان دەکردەوە و پەیمانی وەفادری و بەردەوامیان لەگەڵ رێبازی قاسملوو دووپات دەکردەوە.
تێرۆری یەلدا تێرۆری باوەڕەکانی نەسلی چواری حیزب بوو بۆ وەستاندنی ئەوجیلە لە رێبازی قاسملوو، بەڵام شەهیدانی یەلدا بە خوێنی خۆیان بەڵێنی بەردەوامی ئەو رێبازەیان ئیمزا کرد . دوژمن نەیزانی کە بە شکاندنی هەنارەکانی یەلدا ، تۆی گوڵە هەنار بە زەویدا بڵاو دەبیتەوە و تانو پۆی رۆژهەڵات و هەناوی لاوانی شۆڕشگێڕ دادەگرێت.
ئێمە دڵنیاین کە پەروەندەی تێرۆری شەوی یەلدا لە ویژدانی لاوانی شۆڕشگێڕدا زیندوویەو و رۆژێک لە رۆژان تۆڵەی خوێنی شەهیدان دەکەینەوە. ئێمە لە یەکیەتیی لاوان رایدەگەیەنین کە دوای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر ئەم تەقینەوەیە، دەسەڵاتی دادوەری هەرێم نە تەنیا نەیتوانیوە تێرۆریستان بە سزای خۆیان بگەیەنێت بەڵکوو بەهۆی کەمتەرخەمی دەزگای ئەمنی، تێرۆریستی سەرەکی بەبەرچاوی ویژدانە نووستوەکاندا گەیشتەوە ماکەی تێرۆر و گەیشتەوە خاکی ئێران و ئێستاش لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە داڵدە دراوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە درێژایی مێژوو نیشانی داوە کە لە روانگەیەکی ئەمنیەتییەوە سەیری کوردستان و گەلی کورد دەکات و چاوی بە خۆشی و سەرکەوتنەکانی گەلی کورد بە گشتی هەڵ نایە و لە هەموو هەلێک ئیستفادە دەکات بۆ ڕەش پۆش کردنی دایکانی کورد و زەربە لێدان لە بزوتنەوەی کورد لە کوردستان، بەڵام بەخۆشیەوە لاوانی کورد لەم قۆناغەدا هوشیارن و لە تێکؤشانی ئەخیری خۆیاندا ئەو سیگناڵەیاندا بە کۆماری ئیسلامی دا کە ئیرادەی لاوانی کورد لەگیران نەهاتوویە.
ئەگەر کارەساتی تیرۆری قاسملوو و شەرەفکەندی و دیان کارەساتی ناخۆش بە چۆکی دا نەهێناوین، ئەم کارەساتەش بە چۆکمان دا ناهێنێ و بەردەوامتر و شێلگیرتر دەبین لە ڕێبازی شەهیدەکانمان و دڵنیاین خوێنی هاوڕێکانمان دەبێتە هەوێنی خەباتی پڕ لە شانازی بۆ دەستەبەر کردنی ژیانێکی ئازاد و سەربەست بۆ گەلەکمان. ئێمەش وەکوو لاوان بەڵێن دەدەین تا دوا هەناسە ڕێبواری ڕێگای پیرۆزیان بین و لە بەرانبەر شەهیدەکانمان و گەلەکەماندا وەک چۆن تا ئیستا ڕوو سوور بوین هەر وا بەردەوام بین.
یەکێک لە ئاموژگارییەکانی دکتوور قاسملوو ئەوەبوو “ئەگەر نەسلی پێش ئێمە ئەرکەکانی بەباشی بەجێ گەیاندبا رەنگە نەسلی ئێمە شەهیدی نەبا” مخابن دێموکرات لە نەسلی چوارەمی دایە بۆ تێکۆشان، کەچی شەهیدمان هەر هەیە!! با ئێمە رەسالەتی ئەو قۆناغە بەجێ بگەیەنین، بەڵکوو لەداهاتوودا کەمترین شەهیدمان هەبێ.
نەمری بۆ شەهیدان، سەربەرزی بۆ بنەماڵەکانیان
سەرکەوێ خەباتی رەوای نەتەوەی کورد
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
کۆمیتەی بەڕیوەبەریی گشتی
13/12/2017