ئامادەبوانی خۆشەویست!
کادر و پێشمەرگە ئازیزەکان!
ئەمڕۆ لێرە کۆبوینەتەوە تا یادی دامەزرانی یەکەم حیزبی مۆدێرنی کوردی بەیەکەوە بەرز رابگرین،
حیزبێک کە هۆویەتی میللیی و ناسنامەی نەتەوەیی چەسپاند و هێما و سومبولەکانی لە هەرچواربەشی کوردستان و لە دنیای دەرەوەش بونەتە ناسنامەی نەتەوەییمان و کوردیان پێ پێناسە دەکرێت.ئاڵای کوردستان، سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و مێژووی کوردستان و بیری سەربەخۆیی.
دامەزرانی حیزبی دێموکرات چەندە لەباری سیاسی و نەتەوەییەوە گرنگ بوو، هێندەش لەباری پەرەپێدان و بەشداری پێکردنی لاوان و ژنان لە دەسەڵاتی سیاسی و کایەی سیاسیدا گرنگ بوو ، حیزبی دێموکرات لەسەردەمێکدا لاوان دێنێتە گۆڕەپانی سیاسی وهەروەها رێکخراوی تایبەت بە ژنان دادەمەزرێنێت کە لە زۆر وەڵاتی پێشکەوتووی ئەوکات ئەو مافە بۆ ئەو دوو توێژە دابین نەکراوە. هەر ئەو بنەمای پەروەردەیە لە حیزبی دێموکرات وایکرد کە دوای روخانی کۆماری کوردستان و گیران و شەهیدکرانی رێبەرانی کۆمار و دێموکرات، لاوانی گۆشکراوی مەکتەبی دێموکرات دوای ماوەیەک کپکرانی خەبات و تێکۆشان جارێکی دیکە حیزبی دێموکرات بنیات دەنێننەوە و تێدەکۆشن رەساڵەتی مێژوویی ئەم حیزبە بەجێ بگەیەنن، لاوان لەو سەردەمەدا لەوە تێگەیشتوون کە پارێزگاری له مێژووی پڕ له فیداکاری و ناوی پڕ له سهروهری حیزبی دێموکرات، به شێلگیر بوون لهسهر رێگا و رێبازی ئهم حیزبه و به نوێکردنهوه و بهرهوپێشبردنی مسۆگهر دهبێ.
ئێمە لەسەردەمێکدا یادی حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان دەکەینەوە کە رۆژ بە رۆژ رێژەی سیستمە دێموکراتیکەکان لە زیادبووندایە و حیزبەکان زیاتر تێدەکۆشن بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی و ئەوەی ئەمڕۆ ئیمە دەیبینین لە پارچەکانی دیکە ئەوەیە، کە ئایدیا و بیر و بۆچونەکانی حیزبی دێموکرات و پێشەواکەی زیاتر لە هەموو کات لە پەرە ئەستەندان و، بەروەپێشچوونی بیری نەتەوەیی و هێنانە پێشی لاوان و ژنان و پەروەردەکردنیان وەک هیزێکی تێکنۆکرات بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت زیاتر نەهادینە دەبێ.
ئێمەی کورد بۆ بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی لە هەموو بەشەکانی کوردستان، سیستمە جۆراوەجۆرەکانمان لە گەڵ دەوڵەتانی ناوەندی تاقی کردۆتەوە و بەداخەوە هیچکام لە دەوڵەتان ئامادە نین مافی کورد وەک نەتەوە دابین بکەن، هەر بۆیەش کورد مافی خۆیەتی لەهەموو بەشەکانی کوردستان رێفراندۆم بێننە گۆڕێ و پشت بە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی پرسەکانیان لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان یەکلایی بکەنەوە.
ئێستاکە لە ئێران، رێژیمی ئیسلامی کە لەبنەڕەت را باوەڕی بە مافی نەتەوەی کورد نەبوە و گرەوی لەسەر لەخشتە بردنی لاوانی کورد کردوە، رێز لە مافی ژنان ناگرێت و لەهەمانکاتدا بە خەیاڵی دەستگرتن بەسەر کوردستاندا، کوردستان میلیتاریزە دەکات ، لەوەها دۆخێکدایە کە رۆژانە بە تێکۆشانی بێوچانی ژنان و لاوان ئەم پیلانانەی رێژیم بەرپەرچ دەدرێتەوە و لاوان و ژنانی کورد لەم دۆخەدا هەوڵدەدەن لەسەر بنەمای ئەو میراتە مەعنەوی و فکرییەی کە رێبەرانی دێموکرات بۆیان بە دیاری بەجێهێشتن تێکۆشانی خۆیان درێژە بدەن و نایانهەوێ دەرفەتی سیاسی بوون و شۆڕشگێڕبوون لەدەست بدەن. لاوان و ژنان دەزانن کە لەکۆمەڵگایەکی بندەستدا بە سەربزێوی و یاخیبوون لە یاسا سەپێندراوەکان و هەروەها بە لەمەیداندابون دەتوانن دەرفەت و هەلەکان ببینن و لەهەمانکاتدا بیانقۆزنەوە، لاوان بە وەستانەوە لەبەرابەر سیستمی جاشایەتی و تێکۆشانی بەربڵاو لە دژی مادەی هۆشبەر لەم دواییانەدا سەلماندیان کە رێژیم بەخەیاڵی خۆی خاکی کوردستانی داگیر کردوە، بەڵام خەڵکەکەی پێ داگیر ناکرێت. لاوان و ژنان هەروەها بە پەرەپێدان بە تێکۆشانی مەدەنی و ژینگەپارێزی و زمانپارێزی، ئەو پەیامەیان بە گوێچکەی داگیرکەردا خوێند کە رۆژهەڵات قەڵای لەگیران نەهاتوویە.
لەکۆتاییدا پیرۆزبایی ئەو جیژنە بە کادر و پێشمەرگە قارەمانەکانی دێموکرات دەڵێم کە لە چەند دەیەی رابردوودا ئەرکی قورسی خەبات لە ئەستۆی وان بوە و هەروەها پیرۆزبایی بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دەڵێم کە بە فیداکاری خۆیان رێگا و رێبازی حیزبیان بەرز راگرتوە. ئەمن هیوادارم یادی دامەزرنی حیزبەکەمان بەبەشداری خەڵکی خۆمان و لە خاکی خۆماندا بکەینەوە و لەوێ پەیامی بەدەوڵەتبوونیان پێشکەش بکەین.
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
٢٥ی گەلاوێژی 1396