د.کامرانئەمینئاوە
لاوانی ئێران هێزی سەرەکی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”ن و بزووتنەوەی ئێستا نیشانەی ویسته شارۆمەندییەکانی “ئازادی، جیایی ئایین لە دەوڵەت و سیاسەت، دادپەروەریی و بەرانبەری ڕەگەزی”یه.
بەشداری و چالاکیی بەرچاوی لاوان لە بزووتنەوە شۆڕشگێرانەکانی جیهان دیاردەیەکی گشتی و جیهانییه. به گشتیی، لاوان هێزی سەرەکی و بزوێنەری بزووتنەوە گۆڕانخوازەکانن. لە ئێرانی ئەمڕۆشدا، لاوان لەم بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەی ئێستادا کە لەپێناوی گۆڕانی بنەڕەتی له کۆمەڵگە و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی وەڕێ کەوتووە، پێیان ناوەته نێەو گۆڕەپانی خەباتەکە. بۆ دیتنەوەی وەڵامی بەشداریی بەرچاوی لاوان و بەتایبەتی کێژ و ژنانی ئێرانی لەم بزووتنەوەیەدا، دەکرێ و پێویسته بەستێنی عەینی و زەینی ئەم بەشدارییە لە پێوەندیی لەگەڵ فاکتەری پێکهاتەی تەمەنیی حەشیمەتی ئێران و گەلێک کێشەی لاوان لە بواری جۆراوجۆری سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا شی بکرێتەوە.
لاوان و پێکهاتەی تەمەنیی حەشیمەتی ئێران
بەپێی دوایین سەرژمێریی گشتیی خەڵک و ماڵ لە ساڵی ١٣٩٥، پێکهاتەی تەمەنیی ئێران بریتییه لە” منداڵ و میرمنداڵ(ژێر ١٥ ساڵ) ٢٤٪ بەرانبەر به ٢/١٩ میلیۆن کەس، لاوان(١٥ تا ٢٩ ساڵ) ١/٢٥٪ بەرانبەر به١/٢٠ میلیۆن، وەنێوکەوتووان (٣٠ تا ٦٤ ساڵ) ٨/٤٤٪ بەرانبەر به ٨/٣٥ میلیۆن کەس و بەساڵداچوو (٦٥ ساڵ و سەرتر) ١/٦ ٪ بەرانبەر به٩/٤ ملیۆن کەس. به پێی ئەم کۆژمارە لە سەتا 49/1ی حەشیمەتی ئێران واته 39/3 میلیۆن کەس له خەڵکی ژێر ٣٠ ساڵ پێکهاتووە. بهم پێیه، بێجگە لە ڕادەی زۆربوونی لاوان لە پێکهاتەی حەشیمەتیی ئێران، گوشارەکانی دەوڵەتی ئۆلیی ئێران تەنانەت له هەرێمی تاکەکەسیش وەکوو سەرەتاییترین مافی ئینسانی، هەروەها کاریگەریی نەرێنیی قووڵتربوونی هەرچی زۆرتری کەلێنی چینایەتی و کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی ژیانی ئەوان لە بواری جۆراوجۆر وەکو خوێندن، ماڵ، دەرمان، هەلی کار و بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان و هتد، هۆی سەرەکیی بەشداری لاوان له شۆڕشی نوێ ئێراندایه.
کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی لاوان
لاوانی ئێرانی هاوکات لەگەڵ دەستتێوەردانی بەردەوام و ڕۆژانەی کارگێرە وردە و درشتەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە ژیانی خۆیی ئەوان و، پێشێلکردنی ئازادیی تاک و شارۆمەندییان، هاوکات بەهۆی گوشارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کە بەرهەمی سیاسەتی ماڵوێرانکەری دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێرانه، توانایی دەستەبەر و ڕێکخستنی ژیان و درووستکردنی داهاتووی خۆیانیان نییە. زانیارییەکانی فەرمیی ئێران سەبارەت بهو کێشانەی تەواوی ئێرانی تەنیوەتەوە، پیشاندەری ئاستی ئەو کارەساته گەورەیەیە کە ژیانی تەواوی خەڵکی ئێرانی بەگشتی و، ژیانی لاوانی به تایبەتی خستووەتە مەترسییەوە. بۆ وێنە:
“بەپێی ڕاپۆڕتی بڵاوکراوە له چۆنیەتیی هەلی کار؛ ڕادەی بێکاریی لاوان ١٥ تا ٢٤ ساڵ لە ئێران لە پووشپەڕی ساڵی ١٤٠١ هەتاوی گەیشتۆتە ٢٤٪، واته، لە بەهاری ساڵی ١٤٠١ نزیک به یەک لە چواری ئەو لاوانەی لە تەمەنی ١٥ تا ٢٤ ساڵ به شوێن کاردا گەڕاون، نەیانتوانیوە کارێک بدۆزنەوە. هەروەها لێکۆڵینەوەکان پێشان دەدەن، لە گرووپی تەمەنیی لاواندا، ڕادەی بێکاریی ژنان نزیکەی دووقات زۆرتر لە نرخی بێکاریی پیاوانه و، ئەمەش نیشان دەدات ژنان لە تەمەنی خوارتر بۆ دیتنەوەی کار کێشەیان زۆرترە. بەگشتی ڕادەی بێکاری لە لاواندا بەرزتر لە بێکاری لە ڕادەی گشتیدایه […] ڕادەی بێکاری لە تەمەنی ١٨ هەتا ٣٥ ساڵ لە ناوچە شارییەکانی وڵات له بەهاری ئەمسال نزیک به ١٨٪ بووە و بە بەراوەرد لەگەڵ وەرزی هاوتا لە ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی سەتا یەک بەرز بۆتەوە. ڕادەی بێکاری لە ناوچە گوندییەکاندا، هەر لەم تەمەنەدا نزیک به سەتا ١٢ بەرز بۆتەوە و ئەم ڕادەیه بەراوەرد به بەهاری ساڵی ١٤٠٠ کەمتر لە سەتا یەک زیادی کردووە. بەگشتی دەکرێ بێژین بەرزبوونەوەی ڕادەی بێکاریی لاوان لە ناوچە شارییەکان پتر لە گوندەکانه.
سروشتییه، به پێی ڕادەی سەرەوەی بێکاری و نەبوونی بارودۆخی پێویست بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، ڕادەی لاوانی سەڵتی وڵات بەرز و ڕادەی زاوزێ و منداڵداربوون کەم بێتەوە و، تەمەنی حەشیمەتیی وڵات بەرەو پیری بڕوا. بێگومان ئەگەر ئەم کێشەیه چارەسەر نەکرێ، بەپێی قسەکانی مەسعوود عالەمی نیسی، سەرۆکی بنکەی توێژینەوەی حەشیمەتیی وڵات، مامناوەندی تەمەنی خەڵکی ئێران لە ٣٠ ساڵی داهاتوودا دەگاته نزیکەی ٤٨ ساڵ و دەتوانین بڵێین لە ساڵی ١٤٣٠ نزیکەی ٣٣٪ حەشیمەتی وڵات بەساڵداچوون و، ئەمه بەم مانایەیە که لە هەر ١٠ کەس، چواری پیر دەبن”.
بەپێی کۆژمارە فەرمییەکان “ڕێژەی کرێنشینەکانی ئێران له ١٢٪ لە ساڵی ١٣٦٥ گەیشتۆته ٣٨٪ لە ساڵی ٩٩. ئەمە بەم مانایەیە که ٣٢ میلیۆن ئێرانی گیرۆدەی کێشەی کرێماڵن. ئەم ڕێژەیە لەم ڕوانگەیەوە گرینگه کە بەپێی کۆژمارەکان، لە ناوچە شارییەکانی وڵات ٤٣٪ خەرجی بنەماڵەکان پێوەندیی به کرێماڵەوە هەیە؛ ئەم ژمارەیه ٢/٢ بەرانبەری مامناوەندی خەرجی بنەماڵەکان لە جیهاندایه. بەپێی ڕاپۆڕتی بڵاوبۆوە لەلایەن جێگیری ماڵ و ساختومانیی وەزارەتی ڕێگا و شارسازیی تەنیا لە دوومانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠١دا، مامناوەنجی کرێماڵ بۆ یەک میتری چوارگۆشه یەکەی نیشتەجێبوون لە تاران لە بانەمەڕی ئەمساڵدا گەیوەتە ١٢٦ هەزار و ٩٠٠ تمەن، کە بە بەراوەرد لەگەڵ ئەژماری ٨٤ هەزار و ٨٠٠ تمەن لە کۆتایی ساڵی ١٤٠٠دا نزیکەی سەتا پەنجا زیادی کردوە و، لە ماوەی ١٠ ساڵدا مووچە ١٢ جار و کرێ ماڵ ١٤ جار زیادی کردوە.”
به پێی بارودۆخی ئابووری زاڵ بەسەر کۆمەڵگەدا، بەرزبوونەوەی کرێماڵ و خواردەمەنی، ئاستی خوارەوەی مووچه و کێشەی بێکاری، نەک بوون بە خاوەنماڵی، بەڵکوو بۆ زۆر کەس کرێماڵ دانیش بۆتە ئاواتێکی وەدینەهاتوو. بەپێی بنەڕەتی مووچەی ٢ میلیۆن تمەنی له ئێران، بە بەراوەردێکی سانا و هاسان نزیک به ٥٠ ساڵ دەخایەنێ هەتا لاوێک ببێته خاوەنماڵ”!
لەلایەکی دیکەوە پرسی هەژاری و قەیرانی کار و دامەزران گرفتێکی هەرە گەورەی دیکەی کۆمەڵگەی ئێستای ئێرانە. “توێژینەوەکانی دەیەی ٩٠ دەریدەخەن کە بنەماڵه گەورەکانی ئێران، سەرەڕای هەبوونی کار، توانایی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خێزانەکەیان نییه. […] تا مانگی خاکەلێوەی ١٤٠١، نرخی خۆراک لە ئێران بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی 43% زیادی کردووە، هۆکاری سەرەکییش بۆ وشکەساڵیی چڕ، سزا ئابوورییەکان، هەڵاوسان و گەندەڵیی بەشێک لە دەزگا دەوڵەتییەکان دەگەڕێتەوە[….]. بەپێی ڕاپۆرتی ایران پرایمر و بە پێی کۆژماری حکومەت، تا سەرەتای ساڵی 2022 نزیکەی 30%ی بنهماڵەکان لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیاون. هەندێک لە شارەزایان مەزەندەیان کردووە کە لانیکەم نیوەی ٨٥ میلیۆن کەس لە دانیشتووانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و هەڵاوسان کە بۆ هەموو کاڵاکان گەیشتووەتە ٤٠ لە سەد، بەرۆکی گرتوون. لە ساڵی ١٩٩٤وە ئەم هەڵاوسانە بەرزترین ڕێژەی ساڵانەیە. لە ئێراندا 18%ی خەڵکی کۆمەڵگە تووشی هەژاریی ڕەها بوون […]. فەرامەرز تۆفیقی، سەرۆکی کۆمیتەی حەقدەست لە ناوەندی بەرزی شوورای ئیسلامی کاری وڵات، لەم پێوەندییە لە وتووێژێکدا دەڵێ” هیوای خاوەنماڵبوونی کرێکارێک لە تاران، گەیشتووەتە ١٢٣ ساڵ. ئێستا ئەگەر جلوبەرگ و دەرمان و خەرجی خوێندن و خەرجییەکانی دیکەش لای ئەم شتانه دابنەین؛ “بەڕاستی هەڵاوسان هاوار دەکات”. “ئەمڕۆ هەڵاوسانی فەرمی خۆراک بەراورد بە ساڵی پێشوو زیاتر لە 86% و هەڵاوسانی ڕاستەقینەی سەبەتەی بژێوی کرێکاران زیاترە لە 100%”،
نەبوونی ئازادیی تاکی و سیاسی، هەروەها بەپێی هەندێک کۆژماری سەرچاوە فەرمی و نافەرمییەکانی ئێران، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری، گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، کێشەی دابینکردنی خانووبەرە و بەرزبوونەوەی کرێی ماڵ و هتد، هیچ هیوایەکی بۆ داهاتووی لاوانی ئێرانی نەهێشتۆتەوە. لە دۆخێکی وادا سەیر نییە کە لاوان و بەتایبەتی ژنانی ئێرانی کە بە دەست چەوساندنەوەی دووهێندی جنسیەتییەوە دەناڵێنن، بنەمای سەرەکیی ئەم بزووتنەوەیە بۆ گەیشتن بە ئازادی و ژیانێکی باشتر بن و، داوای ڕووخاندنی ئەو حکوومەتە بکەن کە بەربەستی سەرەکییە بۆ وەدیهێنانی ژیانێکی به شەرەفانه.
پرسی حیجاب و ئازادییه شارۆمەندییەکان
لە سەرەتای شۆڕشی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی ئێرانەوە، سەرەڕای پەسەندکردنی بەشێک لە مافی شارۆمەندی وەک مادەی ٣٢ تا ٣٩ لە یاسای بنەڕەتیی ئێران و بڵاوکردنەوەی چەندین جاڕی مافی شارۆمەندیی لەلایەن سەرۆککۆمارەکانیەوە، بۆ یەک ڕۆژیش هیچ کام لە بەڵێنە بێبنەماکانی جێبەجێ نەکراون. سەرەتاییترین مافەکانی شارۆمەندیی وەک: هەرێمی خۆیی و بەتایبەتی مافی جلوبەرگ، مافی ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین، کەرامەت و یەکسانیی مرۆڤایەتی، ئاسایشی شارۆمەندیی و هتد لەلایەن دەسەڵاتدار و کارگێڕە فەرمی و بەرگمەدەنییەکانەوە پێشێل کراون. یەکێک لە دیارترین شێوەکانی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی شارۆمەندی ژنانی ئێران، سەپاندنی “حیجابی ئیسلامی و ستەمی ڕەگەزی”یە، کە سێ حەوتوو دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی ڕێبەندان لە ساڵی ١٣٥٧ بە فەرمانی خومەینی جێبەجێ کرا و، لەو کاتەوە ژنانی بێحیجاب ڕێگرییان لێ کراوە بچنە نێو دامودەزگاکانی حکوومەتییەوە. لە هەموو ساڵانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ژنانی ئەم وڵاته بە هۆی جۆراوجۆر و بە بیانووی پێشێلکردنی “حیجابی شەرعی” بەپێی مادەی ٦٣٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی سزا دراون. یاساکانی سەدەی نێوەڕاستی شەریعەت، وەک یەکێک لە نیشانە ئاشکراکانی فیکر و هزری کۆنەپەرەستانەی ئیسلامی کە تێکەڵ بە یاسا فەرمییەکانی حکوومەتی ئێران بووە، وێرای دەستتێوەردان لە تەواوی بوارەکانی سروشتیی ژیانی کۆمەڵ، بۆته هۆی سەپاندنی گوشاری پڕووکێنەر و لە ئەنجامدا ئازاری دەروونی و جەستەیی خەڵک و بەتایبەت ژنانی ئێرانی. ئەمەش شتێکه کە ململانێکردن لەگەڵی وەک نکۆڵیکردن لە تەواوی سیستەمی ئایینیی حاکم، واته پاژنەی ئاشیلی ڕژێمی ئیسلامی ئێران پێناسە دەکرێ.
لەلایەکی دیکەوە، ژنه ئازادیخوازەکانی ئێران نەک لە بواری حیجاب بەڵکوو بەپێی یاسا ئیسلامییەکان لە تەواوی بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگییەوە دەچەوسێنەوە. ژنانی ئێرانی بەباشی ئاگاداری ئەو ڕاستییەن کە لە چوارچێوەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا کە لەسەر بنەمای شەریعەت و یاسای کۆنەپەرەستانەی ئیسلامی دامەزراوە، هیچ ئەگەرێکی چاکسازی لە ئارادا نییه و، تاکەڕێگە بۆ ڕزگاربوونیان و گەیشتن بە ژیانێکی مۆدێرن، کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حکوومەتی ئۆلی لە ئێراندایه.
بزووتنەوەی جەماوەریی “ژن، ژیان، ئازادی” کە بە کوشتنی بێبەزەییانەی ژینا ئەمینی لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا دەستی پێ کرد، گەورەترین بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەردەمیانە بە پێشەنگایەتیی ژنان و پشتیوانی بەرچاوی پیاوانی ئێرانییه. داڕشتنی ئەم دروشمە لەلایەن پیاوانی کورد لە ڕۆژی ناشتنی ژینا ئەمینی لە شاری سەقز و تەشەنەسەندنی خێرای لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران، وێڕای ناڕەزایەتیدەربڕین بە پرسی حیجاب، چەند خاڵی سەرەکی لە داواکارییەکانی شارۆمەندی تەواوی خەڵکی ئێران، وەک “ئازادیی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ، سێکۆلاریزم -جیاکردنەوەی ئایین لە حکوومەت و سیاسەت-، دادپەروەری و یەکسانی ژن و پیاو” لەخۆ دەگرێ.
کچان و ژنانی ئێرانی کە بێجگە لە هەموو جۆرە ستەمێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی زیاتر لە ٤ دەیەیه تووشی ستەمی ڕەگەزییش بوون، داهاتووی خۆیان لە گۆڕینی حکومەتدا دەبینن نەک گۆڕانکاری لە حکومەت. ژن و پیاوە ئازاکانی ئێرانی بە بەشداری لە گەورەترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ٤ دەیەی ڕابردوودا خەریکی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی ئێراندان کە بە پێشکەوتنخوازترین و مۆدێرنترین ڕاپەڕین نەک هەر لە ئێران بەڵکوو لە ههموو جيهان لەقەڵەم دەدرێ.
نەبوونی ڕووخسارێکی کاریزما و ڕێبەریەک لە بزووتنەوەکەی ئێستا و، داهێنانی لاوان لە هەڵبژاردنی شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزی سەرکوتکەر
هەڵبژاردنی شێوازی خەباتی ناکوجێی لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” کە بەرهەمی ئەزموونی ڕاپەرینە سەرکوتکراوەکانی ڕابردووی خەڵکی ئێران لە دەیەکانی پێشوو لەلایەن هێزە کۆنەپەرەست و سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه، نیشاندەری جووڵەی ژیرانەی خەباتگێڕانی سەر شەقامەکان دژ به حکوومەتی ئیسلامییه. بێگومان لە ڕەوتی پەرەسەندنی ئەم بزووتنەوەیەدا، بەشدارانی توانایی گەیشتن به کۆدەنگی و کاری بەرێوەبردنی هاوبەشیان هەیە.
ئێستاش ئێمە شایەتی هاودەنگی، ڕێکخستن و وەیەکخستی نەگوتراو لە ڕەوتی بانگهێشتکردنی خەڵکی ئێران لە ڕۆژانی دیاریکراو بۆ بەشداریکردن لە ڕێپێوان و ناڕەزایەتییە گشتییەکان و دانی دروشمی هاوبەشین.
لەلایەکی دیکەوە نەبوونی ڕووخسارێکی کاریزما یەکێکە لە خاڵە ئەرێنییەکانی ئەم بزووتنەوەیە. خەباتکارانی سەر شەقامەکان که بۆ گەیشتن که بە داواکارییە عەینی و ڕاستەقینەکانیان، خەباتی مان و نەمان دژ به هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن، ژیان و چارەنووسی شۆڕشی داهاتوویان بەم ساکارییه ناسپێرنه دەست ڕووخسارێک کە بیەوێ ببێته خاوەن شۆڕش و، ڕێوشوێنیان پیشان بدات. بەڵکوو ئەوان به گەڵاڵەکردن و خستنەڕووی درووشمە پێشکەوتنخوازانەکەیان، کە لە ویست و داواکاریی ڕاستەقینەی خۆیان سەرچاوەی گرتووە، ڕێگای ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە و گۆڕینی ژیانی سیاسی لە ئێراندا تەیار دەکەن. لەم ڕەوتەدا کەسانێک دەتوانن لە داهاتووی ئێراندا ڕۆڵێکی کاریگەر بگێرن، کە خۆیان لەگەڵ ویستی هێزی سەرەکی و بزوێنەری شۆڕشی مۆدێرنی ئێستای ئێران بگونجێنن کە داوای جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت و حکوومەت، ئازادی، یەکسانی ژن و پیاو و هتد دەکەن، نەک پێچەوانەکەی.
ڕەوتی پەرەسەندنی بزووتنەوەی ئێستای ئێران بە بەراورد لەگەڵ بزووتنەوەی بەرهەڵستیی شۆڕشی ١٣٥٧ گەلێک خێراترە. ئەگەر ڕاپەڕینی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٥٦ لە تەورێز، وەک خاڵی وەرچەرخانی شۆڕشی ئێران، چل ڕۆژ دوای خۆپیشاندانەکانی شاری قوم دەستی پێ کرد و وردە وردە بە مەودای زیاتر لە ٦ مانگ گەیشتە ناوچەکانی دیکەی ئێران، مەودای بزووتنەوەی ئێستا بە کەمتر لە حەوتوویەک دوای ڕاپەڕینی خەرمانانی سەقز، هەموو ئێرانی تەنیوەتەوە و، لە کوردستانەوە تا تاران، لە زاهیدانەوە تا ئەهواز و تەنانەت لە ئێرانەوە تا ئورووپا و ئەمریکاش گەیشتووە.
بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی درەوشاوەی خەباتی سیاسی و نافەرمانی مەدەنی لە کوردستاندا، ئەم بزووتنەوەیە لەوێدا لایەنێکی تەواو جەماوەری به خۆیەوە گرتووە و لە بەشەکانی دیکەی ئێرانیش پانتایی خەباتی پیشەیی و مەدەنی و پێشوازیکردنی چین و توێژی ناونجی و زەحمەتکێشی کۆمەڵ لەم بزووتنەویه له زیادبووندایە. مانگرتنی کرێکارە پەیمانی و گرێبەستە کاتییەکانی پرۆژەی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی پارسی باشووری(عەسلویه و پارێزگای بوشێهر)، کرێکارە پەیمانییەکانی فازی دووهەمی پاڵاوگەی ئابادان، شوڕای هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێرانی، مامۆستایانی زانکۆ، پزیشکان، پارێزەران، وەرزشوانان، هونەرمەندان و هتد نیشانەی ئاشکرای گەشەسەندنی ئەم بزووتنەوەیە و پێوەستبوونی خێرای چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانە بەم بزووتنەوەیه. بێگومان پێ بە پێی گەشەسەندنی بزووتنەوەی ژینا، ئەو ماتەوزەیەی لە بارودۆخی ئەمڕۆی ئێران ناڕازییه و، بە گوتەی مستەفا ڕۆستەمی، سەرۆکی ڕێکخراوی نوێنەرایەتیی ڕێبەریی لە زانکۆکانی وڵات، لە ئەنجامی ڕاپرسییەکدا، “لەسەدا ٨٣” خەڵکی بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا نەکردوە، بەڵام ناڕەزاین؛ 10%ی خەڵک ئاژاوەگێڕییەکان و 55%یش ناڕەزایەتییەکانیان پەسەند دەکەن”، هەندی بزووتنەوەی لاوانی شۆڕشگێڕ و مۆدێرن گەیشتۆتە تەواوی چین و توێژە لە ناخەوە ناڕازییەکانی کۆمەڵ و، درەنگ یان زوو ئەو ناڕەزایەتییانە دەتەقێتەوە و بەکردەوە یەخەی دەسەڵات دەگرن.
***
سەرچاوەکان:
١. رئيس نهاد نمايندگي رهبري در دانشگاههاي كشور ٨٣ درصد مردم ایران معترضاند. کیانیوز، شنبه ۱۴ آبان ۱۴۰۱
٢.روند نرخ بیکاری جوانان در مناطق شهری ایران. دنیای اقتصاد
٣.امسال ، بدتر از پارسال / افزایش ۴۰ درصدی نرخ بیکاری جوانان، خبرآنلاین
٤.۱۲ میلیون دختر و پسر “مجرد” در کشور/ نرخ باروری زیر ۲ یعنی “جانشینی” برای جمعیت وجود ندارد. سایت تحلیل خبری عصر ایران
٥.خط فقر در ایران از 18 میلیون تومان گذر کرد؟ اعتماد آنلاین
٦.۵۰ درصد هزینه مستاجران ایرانی مربوط به مسکن، شبکە شرق
٧. جوان ایرانی در چه سنی صاحبخانه میشود؟ ملک هفت
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٥ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.