لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا بە هۆکار و بێ هۆکار کۆمەڵێک لە خەڵکی وڵاتەکەمان “کوردستان” بۆ ژیانی داهاتووی خۆیان ڕێگەی هەندەران و تاراوگە دەگرنە بەر .
ڕێگەی هاتووچۆی زۆربەیان بەداخەوە نێو شەپۆلی دەریاکانە، کەم و زۆر لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەموومان شاهیدی خنکان و وون بوونی منداڵان، گەنجان و ژن و پیاو و کوڕ و کچی کورد و نەتەوەکانی دیکەش بووین.
سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هۆکاری سەرەکی ڕژێمی ئاخووندی ئێرانە، گوشاری ئەمنییەتی، بێکاری ، گرانی ، هەژاری، گیران و ڕاودونان، دانەمەزراندنی گەنجان لە ئیدارە و شوێنە گشتییەکان چەند نموونەیەکن، جیا لەوانە هۆکاری کۆچ و گرتنەبەری ڕێگەی هات و نەهات، دەکرێ چەند خاڵێکی گرینگی دیکەش بن بۆ ژیانی داهاتووی ئەوانەی کۆچ دەکەن، نەبوونی کار و پیشە، دابین کردنی بژیوی و سەروەت و سامان، چاولێکەری و هات و هوت و شانتاژی بەشێک لە تاراوگە نشینانیش کاریگەری لە سەر کەسەکان هەبووە، جیا لەوانە بەشێکیش بڕیاری خۆیان بووە و هیچ یەک، لەو خاڵانەی ئاماژەیان پێکراوە پەیوەندیان بە ژیانی کەسەکەوە نەبووە، بەڵکوو تەنیا بە مەبەستی ژیانێکی باشتر و ئاسوودەتر ڕێگەی هات و نەهاتی گرتۆتە بەر و بەداخەوە بەشێکیان لە یەکەم وێستگەی ژیانیان دا تووشی نەهامەتی و چارەڕەشی و مردن بوونەوە.
لاوان و گەنجانی وڵاتەکەمان هیوای دوای ڕۆژی گەلن، هەر بۆیە زۆر گرینگە بایەخ بە گەنجەکان بدەین، هانیان بدەین کە ئەگەر کێشە و گرفتی ئەمنییەتی و سیاسیان نییە لە هەموو حاڵەتەکان دا مانەوە لە لای بنەماڵە و کەس و کار و خاک و زێدی لە دایکبوونیان قازانجی بۆ خۆیان و بۆ گەلەکەیان هەیە.
لە ئاست کۆچی لاوان دا، بەشێکی بەرچاو لەوانەی ڕێگەی هات و نەهات دەگرنە بەر بەداخەوە بە قەرز و قۆڵە و یا فرۆشتنی مڵک و ماڵ و دووکان و خانووی بنەماڵە و دانانی سەنەدی چەند میلیاردی لە لای چەند قاچاغچییەکی بێ ویژدان و چاوچنۆک ڕێگەیەک هەڵدەبژێرن کە هەم خۆیان لە مەترسی دەخەن و هەمیش دایک و باوک و کەس و کاریان تووشی خەمێکی گەورە و قەرز و قۆڵی و داماوی دەکەن، زۆرن ئەوانەی کە بە مەبەستی هاتنە دەریان کەس و کاریان تووشی قەرز و هەژاری کردووە و مافیاکانی قاچاخی مرۆڤیان دەوڵەمەندتر کردووە.
کەسانێکیش کە لە مردن و خنکانی دەریاکان و لێرەوار و باو و باران و سەرما و سرووشت ڕزگاریان بووە و گەیشتوونە وڵاتانی دڵخوازی خۆیان، ماوەیەکی زۆر لە چاوەروانی وەرگیران و ئیقامە دا دەمێننەوە و بەداخەوە بەشێکی بەرچاویان تووشی خەمۆکی و نەخۆشی بوون، هاوکات لەو وڵاتەی کە لێی نیشتەجێن بە هۆی نەزانینی یاساکان، نەزانینی زمان، بێکاری و ژیانیان لە کەمپەکان دا تووشی هەڵە و هەڵەکاری یاسایی دەبن و ڕەنج بەخەسار و مایەپووچ بوون و بەشێکی بەرچاو لە ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان لە ڕەوتی ژیانی ئاسایی وەدوا خستووە.
لە نێو ئەوانیش دا هەن کە بە خۆشیەوە لە ماوەیەکی زۆر کەم دا توانیویانە بە پێی یاسای وڵاتەکان و فێربوونی زمان و خوێندن و هەروەها پەیدا کردنی کار بۆ بژیوی خۆیان لە کۆمەڵگای ئەو وڵاتەدا جێ بکەون و بگەنە ئەو ئامانج و مەبەستەی کە هەیان بووە.
بە گشتی ئەو کەسانەی کە کێشەی سیاسی و ئەمنییەتی و زیندان و لێپرسینەوەی قەزاییان وەک شارومەندی ئێرانی و کوردستانی بە هۆی جیابیری و کاری سیاسی و فەرهەنگی هەیە، بۆ دەرباز بوونیان لەو جەهەننەمەی کە کۆماری ئیسلامی بۆی درووست کردوون، تەنیا شانس و ڕێگەیان دەرباز بوونە لە ژێر حوکم و بڕیارە تووندەکانی کۆماری ئیسلامی و لەو پەیوەندییە دا دایک و باوکەکانیان هەرچی بۆ ڕزگاریان بیکەن ئێستا کەمیان کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە دایک و باوکەکان ئەرکیان لە سەر شانە کە چیدی نەهێڵن منداڵەکانیان، جگەرگۆشەکانیان، خۆشەویستەکانیان کە کێشەی سیاسی و ئەمنییەتی و زیندان و لێپرسینەوەی قەزاییان لە سەر نییە و ساڵانێکی زۆر زەحمەتی گەورەکردنیان لەو هەلومەرجە سەخت و دژوارەدا لەگەڵ کێشاون، ڕێگەی هات و نەهات بگرنە بەر. بەداخەوە ڕێکەوتی ١٧ لە سەر ١٨ی مانگی شەش، هەموومان شاهیدی نووقم بوونی کەشتییەکی بچووک لە ئاوەکانی وڵاتی ئیتالیا دا بووین، کەشتییەک کە هەڵگری ٧٦ کەس بوو، لە کۆی موسافیر و کۆچبەرەکان بەداخەوە تەنیا ١٠ کەس وەک موعجیزە ڕزگاریان بووە، مخابن ٦٦ کەس بە هۆی نووقم بوونی کەشتییەکە گیانیان لە دەست دا، بەشی هەرە زۆریان خەڵکی باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و چەند کەسێکی ئێرانی و سوریایی و ئەفغانستانی تێدا بوون، هەموویان قوربانی دەستی مافیای قاچاغی مرۆڤ و نەزانینی خۆیان لە ئاست چۆنیەتی گەیشتنیان بە وڵاتی سێهەمن، نووقم بوونی ئەو کەشتییە تراژیدیا و ڕووداوێکی خەمهێنەرە بۆ هەموو لایەکمان بە گشتی و بۆ بنەماڵەکانیان بە تایبەتی.
با هەموو لایەکمان هەوڵ بدەین بەرچاوی ڕوونی زیاتر لە ئاست شێوەی ژیان لە دەرەوەی وڵات لە سەر پەیج و لاپەڕە ئینترنێتیەکان و دونیای مەجازی دا بنووسین، چوونکە لانیکەم ویژدانی خۆمان لە ئاست پرسێکی گرینگی وەک پرسی کۆچ کردن هێناوەتە ڕۆژەڤی خوێندنەوە و ئەوەی کە چەندە نووسینەکانمان کاریگەری دەبێ، گرینگ نییە، ئەوەی گرینگە ڕاستی و درووستی ژیانی پەنابەری لە وڵاتانێکە کە ساڵانێکە خەڵک و حکوومەتی ئەو وڵاتانە کەم و زۆر لە پەنابەر وەڕەز بوون. لە ئێستا دا بە هاتنە سەرکاری حکوومەتە دەستە ڕاستییەکان یاسای پەنابەری ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی بە سەر داهاتووە و تەنانەت بۆ ئەو پەنابەرانەی کە چەندین دەیە لە دەرەوەی وڵات دەژین کۆسپ و کێشەی جۆراوجۆر ساز بووە.
لەو پەیوەندییە دا پێویستە کە هەموومان لە ڕێگەی کەس و کارمانەوە، لە ڕێگەی وتووێژ و پەیجەکانەوە بە ناردنی نووسین زانیاری زیاتر بە کۆمەڵگای خۆمان ببەخشین.
لە کۆتایی دا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کەس و کاری قوربانیانی ئەم ڕووداوە ناخهەژێنە دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم. هیوادارم کە ئەو کۆچبەرانەی کە لە قەراخ ئاوەکانی تورکیە ، یونان ، ئیتالیا ، فەرانسە و چەند وڵاتێکیترن و چاوەڕوانی پەڕینەوە لە ئاوەکان دەکەن ، بەر لە هەموو شتێک وریایی و باری ئەمنییەتی و ساخڵەمی خۆیان لە سەرەوەی سەفەرەکە دا ببینن و خۆیان نەدەنە دەستی مافیاکانی قاچاغی مرۆڤ.
نووسینی حەمەڕەسووڵ کەریمی