جەواد حەیدەری
بەڕاستی ئەو كەسە كێ بوو پێشەوا قازی محەمەد شانازی دەكرد كە شاگردی ئەو بووە؟ ئەو كەسە كێ بوو مامۆستا هێمن موكریانی كرد بە شاعیر و سوێندی دا هەتا ماوە نابێت شیعری فارسی بنووسێت؟ ئەو كەسە كێ بوو شیعری شاعیرانی وەك حاجی قادری كۆیی، نالی، مەحوی، كوردی، سالم، مەولەوی، حەریق و میسباح دیوانی ئەدەب و وەفایی بۆ هێمن موكریانی شیكردەوە و هێمنی فێری كوردایەتی و نیشتمانپەروەری كرد؟ ئەو كەسە كێ بوو زۆربەی شاگردەكانی بە دژی ڕەزاشا خەباتیان كرد؟
ئەو كەسە مامۆستا مەلا ئەحمەدی فەوزی بوو. پیاوێك لە باشووری كوردستانەوە ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەبێت و چەند ساڵێك مەلا و پێشنوێژ دەبێت و پاشان وەك مامۆستایەك وانە بە پێشەوا و مامۆستا هێمن دەڵێتەوە.
لە مێژووی ئێمەی كورددا بە دەیان و سەدان كەس هەن وەك سەربازی ون خزمەتی كۆمەڵگەی كوردییان كردووە بەبێ ئەوەی كەس ناویان بهێنێت یان بە پێی پێویست هەقی خۆیان پێدا بێت. یەكێك لەو كەسانە مامۆستا فەوزییە. دەبێت سوپاسی مامۆستا هێمن و مامۆستا هەژار بكەین باسی فەوزییان كردووە و لە بیریان نەكردووە و لەسەریان نووسیوە. هەرچەند نووسینەكەی مامۆستا هەژار تەنها حەوت دێڕە، بەڵام نووسینەكەی مامۆستا هێمن زیاتر لە سێ لاپەڕەیە.
مامۆستا هێمن موكریانی لە پێشەكی كتێبی تاریك و ڕووندا ( لە كوێوە بۆ كوێ) سەبارەت بە مەلا ئەحمەدی فەوزی نووسیویەتی:” مەلا ئەحمەد فەوزی یان مەلای سلێمانی كێ بوو؟ چكارە بوو؟ بۆ پەڕیوەی مەڵبەندی ئێمە ببوو؟ نازانم. من ئەودەمی ئەوەندەم مەبەست نەبوو ئەوانە بزانم. لە ڕووشم هەڵنەدەهات لێی بپرسم، بۆ خۆشی هیچ باسی خۆی بۆ نەكردووم. ئەوەندە دەزانم دەیانگوت خەڵكی سلێمانییە و لە كوردستانی عیراقەوە هاتۆتە موكریان. لە موكریان ژنی هێناوە و كچێكی هەبووە. فەوزی لە ساڵی 1943 لە گوندی( ئاجی كەند) مردووە و لە خانەقای شێخی بورهان نێژراوە. كتێب و نووسینەكانی کەوتنە دەستی زاواكەی و هیوادارم نەفەوتابن.” ل ٢٨كتێبی تاریك و روون.
مامۆستا هەژار: فەوزی هێمنی كرد بە شاعیر
لەوبارەیەوە مامۆستا هەژار موكریانی بە جۆرێكی دیكە باس لە فەوزی دەكات و لە چێشتی مجێور دا نووسیویەتی: «مەلایەكی خەڵكی عەبابەیلێی شارەزوور بوو، شێخ مەحمود لە پاش كوژرانی عیرفان ئەفەندی ویستبووی فەوزی كە شاگردی عیرفان بووە بكاتە ڕاوێژكار. فەوزی لە ترسان پەڕەوازەی وڵاتان بووە. ماوەیەك لە ناو كەڵهوڕ بۆتە مەلای دێ، هاتبووە موكریان و لە گوندی ئاجی كەند دەژیا. زۆر كورد بوو، شاعیر بوو. ئەو بیری كوردایەتی خستە مێشكی زۆر لە لاوان، دنەدانی ئەو هێمنی كردە شاعیر.» ل ٣٥چێشتی مجێور
مامۆستا هێمن: من دەسكردی فەوزیم
مامۆستا هێمن موكریانی بەمشێوەیە باس لە كەسایەتی و ڕۆڵی مامۆستا فەوزی دەكات و دەڵێت: « گوندی كولیجە (گوندێكە لە نێوان بۆكان و مەهاباد) مامۆستا فەوزی لەوێ مەلایەتی دەكرد. دەبێ بڵێم من دەسكردی فەوزیم، ئەو هەڵیوەشاندمەوە و تێكی هەڵیشێلام و سەر لەنوێ دروستی كردمەوە. ئەو دەركی زانین و فێربوونی بۆ كردمەوە. ئەو ڕێگای ژیانی پێ نیشان دام. بێ گومان ئەگەر نەچووبامە خزمەت فەوزی و لەكن ئەو نەمخوێندبا ڕێبازی ژیانم ئەو ڕێبازە نەدەبوو كە گرتم و پێیدا ڕۆیشتم و ئێستاش بەرم نەداوە.
ئەو تێیگەیاندم من ڕۆڵەی كوردم و كوردیش نەتەوەیەكی بێ بەش و چارەڕەشە و دەبێ ڕۆڵەكانی لە پێناوی ڕزگاركردنیدا فیداكاری بكەن و لە خۆبوردوویی نیشان بدەن. ئەو فێری كردم زەوقی ئەدەبیم چۆن تیف تیفە(لووس و لەبار) بكەم و مشتوماڵی بكەم. ئەو فێری كردم چۆن بنووسم و چۆن شێعر بڵێم. ئەو فێری كردم وڵاتەكەم خۆشبوێ و پێی هەڵبڵێم. ئەو حاڵیی كردم كوردی زمانێكی ڕەوان و بەربڵاو و دەوڵەمەندە. ئەو حاجی قادری كۆیی، نالی، كوردی، سالم، مەولەوی، حەریق، مەحوی، ئەدەب و وەفایی پێناساندم و شێعرەكانی ئەوانی بۆ شی كردمەوە. ئەو فێری ڕۆژنامە خوێندنەوە و ڕۆمان خوێندنەوەی كردم. ئەو دیوانی شاعیرە شۆڕشگێڕەكانی فارسی بۆ پەیدا كردم و هانی دام بیانخوێنمەوە و شتیان لێ فێر بم، بەڵام سوێندی دام قەت بە فارسی شێعر نەڵێم و هەتا بۆم دەكرێ بە كوردی بنووسم.
ساڵ و نیوێك لە خزمەت ئەو خوێندم. بەیانیان لەگەڵ گزینگ دەكەوت دەچوومە ماڵی مامۆستا (فەوزی) زۆر ڕۆژی وا هەبوو، تا بانگی نیوەڕۆی دەدا دەرسم دەخوێند و هیچمان ماندوو نەدەبووین. بەڕاستی مامۆستا و شاگرد نەبووین، پیر و مورید بووین، من تا ڕادەی پەرستن ئەوم خۆشدەویست و ئەویش منی بە كوڕی خۆی دەزانی.
ئەگەر ڕۆژێك نەمدیبا ئارەزووم دەكرد. ئەو لە پێگەیاندنمدا بە پەلە بوو، منیش تامی تێگەیشتنم كردبوو و قەت لە خوێندن و خوێندنەوە و گوێڕاگرتن لە مامۆستا وەڕەز نەدەبووم». لاپەڕەی ٢٧ و پێشەكی تاریك و روون.»
پێشەوا قازی شانازی دەكات كە شاگردی فەوزی بووە
مامۆستا هێمن موكریانی فەوزی بە یەكێك لە گەورە پیاوانی مێژووی كوردستان دەزانێت و دەڵێت: «فەوزی بە بڕوای من یەكێكە لە گەورە پیاوانی مێژووی كوردستان، كە داخەكەم شوێنەوارەكانی فەوتان و خۆشی لەبیر چۆتەوە. ئەو لاوانەی لە سەردەمی پاشایەتی ڕەزاخان ئازایانە كوردایەتییان دەكرد، یا ڕاستەوخۆ شاگردی فەوزی بوون یان شاگردی شاگردەكانی فەوزی بوون، بە تایبەتی پێشەوا قازی محەمەدی شەهید شانازی بەوەوە دەكرد كە شاگردی فەوزی بووە».
فەوزی كوردێكی پاك و بێباك بوو
مامۆستا هێمن دەڵێت: فەوزی زانایەكی گەورە، ئەدیبێكی كەم وێنە، كوردێكی پاك و بێ باك بوو، بەڵام شاعیرێكی باش نەبوو. بیرێكی تیژ و وردی هەبوو. جار و بار شێعری خۆی بۆ دەخوێندمەوە، بەڵام هیچ بە دڵم نەبوون. جارێكی قەسیدەیەكی درێژی فارسی بۆ خوێندمەوە و نەشیگوت پێت چۆن بوو؟ گوتم باش نەبوو، وا دیار بوو خۆشی زۆری خۆش نەدەویست، پێكەنی و گوتی هی خۆمە، بەڵام بۆ كەس وەك تۆ بیر و بڕوای خۆی دەرنابڕێ، بۆ هەر كەسم خوێندۆتەوە گوتوویانە زۆر باشە. گوتم قوربان لە سایەی تۆوە من وام لێ هاتووە شیعری باش و خراپ لێك بكەمەوە، ئەوجار قاقا پێكەنی و گوتی دیارە نەك هەر باش نین بەڵكو خراپیشن و كاغەزەكەی ورد ورد كرد». ل ٢٧و ٢٨و ٢٩پێشەكی تاریك و ڕوون.
تا ئێستا ئاوڕ لە فەوزی نەدراوەتەوە
نزیكەی 20 ساڵە تامەزرۆی ئەوە بووم یەكێك باس لە فەوزی بكات و لە ژیان و بەرهەمەكانی بكۆڵێتەوە تا هەنووكە ئەمە ڕووی نەداوە و هیوادارم ڕۆژێك بێت لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەسەر فەوزی بكرێت و ئاوڕێكی جدی لێبدرێتەوە، كاتی خۆی لە زۆر كەسی وەك پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ و مستەفا ساڵح كەریم و چەند كەس و دەزگایەكی ئەدەبی و مێژوویی پرسیارم لەبارەی فەوزییەوە كرد، بەڵام بەداخەوە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی فەوزییەوە نەبوو. تۆ بڵێی چەند سەربازی وا ونمان هەبن؟!
سەرچاوەكان/
1-كۆی بەرهەمەكانی مامۆستا هێمن موكریانی
2- چێشتی مجێوری مامۆستا هەژار موكریانی