خوێندکاران و قوتابییانی شوناسخوازی کورد!
لاوانی بەئەمەگی نیشتمان!
ژنانی یەکسانیخوازی ڕۆژهەڵات!
لە بەرەبەری نەورۆزی کوردەواری و لە بەردەم نوێبوونەوەی سروشت و شینبوونی گوڵە گەزیزە، لە کات و ساتی هەستیاری نیشتمان و قۆناغی گەشەکردنی هوشیاریی نەتەوەیی و سیاسی ڕۆژهەڵات، وەکوو یەکیەتییەکانی خوێندکاران، لاوان و ژنانی دێموکرات، گەرمترین پیرۆزباییی نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردیتان لێ دەکەین کە بە حەماسەت و بوێریی خۆتان سیمایەکی تایبەت و بێوێنەتان پێ بەخشیوە، و تا ڕادەیەک بە ناوی پیرۆزی بەرگریکاران و پێشمەرگەوە بەرز و پیرۆز کراوە کە شایانیەتی لە ڕۆژژمێر و یادەوەریی کورددا وەکوو یەکێک لە نەورۆزە دەگمەن و بێوێنەکان ئاماژەی پێ بکرێت.
ئەم پەیامە نەک هەڵگری دیاریکردنی هیچ ڕێوشوێن و ڕێنوێنییەک نییە بۆ ئێویەک کە خۆتان لە چەقی مەیدانی شۆڕش و بەرخۆدانن، بەڵکوو ئەوەی کە دەبێت ڕێوشوێن بۆ خەباتی فرەڕەهەندی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان دیاری بکات ئێوەن کە ڕاستەوخۆ و چاو لە نێو چاو، بە دوژمن و داگیرکەرێکی وەکوو کۆماری ئیسلامی دەڵێن ئێرە کوردستانە و خاوەنەکەی کوردە و هەتا ئاستی گیانفیدایی و خۆبەختکردن داکۆکی لەم خاکە پیرۆزە دەکەن و هەروەها ماف و شوناسی پێشێلکراو و دزراومان دەپارێزن کە لە ژێر هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەو دوژمنە ڕق لە دڵەیە. بۆیە پەیامی ئێمە وەکوو یەکیەتیی خوێندکاران، لاوان و ژنانی دێموکرات هەڵگری پیرۆزبایی و پێزانینە لە ئەو هەمووە هوشیاری و ئازایەتییەتان کە لە هەمبەر دوژمنان و بەکرێگیراوانی وڵات دەیخەنە گەڕ و هەروەها دەسخۆشییە لەو یەکڕیزی و تەباییەی کە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە تێگەیشتووییی سیاسی و نەتەوەییتان دەستەبەر بووە و بەوپەڕی خەمخۆری و بەرپرسایەتییان ڕێتان لە دزەکردنی سیخوڕ و بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمی ئێران لەم کۆبوونەوانە گرتووە.
ئەگەر بە وردی باس لە نەورۆزی خاکیپۆشان بکەین، دەبێت ئاماژە بە چەندین خاڵی گرنگ بکرێت کە بە تێکڕا پێناسەیەکی گشتی بۆ ئەم نەورۆزەن. یەک لەو خاڵانە کە بەرچاوە ئەوەیە کە نەورۆزی خاکیپۆشان کە درێژەی چەندین نەورۆزە لە چەند ساڵی دواییدا، لە بۆنەیەکی کولتووری و ئاسایی تێپەڕیوە و وەکوو کردەیەکی جەماوەریی شوناسخوازانەیە کە ڕەنگ و بۆنێکی تایبەتی بە عەقڵیەتی سیاسیی کورد بەخشیوە و بە هەڵبژاردنی چەمکی خاکیپۆش کە ئاماژەیە بە جلوبەرگی پێشمەرگە و تێکۆشەری کورد ئەوە بە دوژمن دەسەلمێنێت کە پێشمەرگە هەمیشە لە نێودڵی خەڵکی کوردستاندایە. جیا لەم خاڵە کاتێ کە لە نەورۆزی خاکیپۆشاندا هاوار دەکرێت “قاسملوو، قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە” بە واتای ئەوەیە کە ڕێگای ڕاستەقینەی خەبات لەلای خەڵکی کوردستان ڕوونە و قەت ون نابێت و قاسملوو کە وەکوو ڕێبەرێکی کاریزما لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورددا دەرکەوتووە هەنووکەش سەرمەشقی خەباتی نەتەوەیی ــ دێموکراتیکمانە.
هەروەها لەگەڵ ئەم دروشمە، هێندێ دروشمی دیکە لەوانە: “ژینی ژێردەستیم ناوێ… دەوڵەتی کوردیم دەوێ” یان “کوردستان کوردستان …. گۆڕستانی فاشیستان” دەگوترێنەوە کە دەرخەری ئاستی تێگەیشتووییی سیاسی و نەتەوەییی لاوانی کوردستان پیشان دەدات و ئەوەمان پێ دەڵێن، کە دەسەڵات و کیانی سیاسیی کورد وەکوو گارانتییەک بۆ دەربازبوون لە ژێردەستی و گەیشتن بە سەربەستی چاو لێ دەکرێت.
دیسان دووپاتی دەکەینەوە، ئەوەی کە لەم پەیامەدا مەبەستە، تەنیا پیرۆزباییی نەورۆزی خاکیپۆشان و هەروەها سپاس و پێزانین لە هەمبەر هەڵمەت و ئازایەتیی کوردانەی ئێوەی خۆشەویستە و ئاماژە بە چەند خاڵێکە بۆ ڕاچەڵەکاندنی ویژدانە نوستووەکانی کۆمەڵگا و ئەو کەسانەیە کە هێشتا لە خزمەتی دوژمنانن.
لە کۆتاییدا ئاواتمان سەرکەوتنی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد و ڕووخانی کۆشکی ستەمکاری و نادادپەروەریی داگیرکەرانی کوردستانە.
نەورۆزی خاکیپۆشانی جامانە لەمل و هەوری لەسەر لە کورد و کوردستان پیرۆز بێت!
یەکیەتییەکانی خوێندکاران، لاوان و ژنانی دێموکرات!
٢٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ی کوردی