بێهزاد قادری
قەیرانی “ناسنامەی نیشتمانی” یەکێکە لە پرسە ئاڵۆز و قووڵەکان لە کۆمەڵگە داگیرکراوەکاندا (وەک کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، بەتایبەتی لەنێو لاواندا کە خەریکی بنیاتنانی کەسایەتیی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی خۆیانن. “کۆلۆنیالیزم”، وەک دیاردەیەکی فرەڕەهەند، نەک هەر کاریگەریی لەسەر پێکهاتە ئابووری و سیاسییەکانی کۆمەڵگە داگیرکراوەکان داناوە، بەڵکوو بووەتە هۆی پچڕانی قووڵی کەلتووری و دەروونیشیان. لەم نێوەندەدا تازەلاوان و لاوان بەهۆی باری هەستیاری گەشەیانەوە، لە چاو گرووپەکانی تر، زیاتر بەرەوڕووی قەیرانی ناسنامە دەبنەوە.
لەم بابەتەدا بەکورتی دەپەرژێینە سەر ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی قەیرانی ناسنامەی نیشتمانی لەنێو گەلانی داگیرکراودا، هەروەها بە پشتبەستن بە تیۆرییەکانی “پۆستکۆلۆنیالیزم”، بەتایبەت بۆچوونەکانی “فرانتس فانۆن”، لێکەوتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی شی دەکەینەوە.
ناسنامەی نیشتمانی
لە سادەترین پێناسەدا، ناسنامەی نیشتمانی هەستی گرێدراویی تاکە بە نەتەوەیەک و هەستی هاوبەشی لە توخمە کەلتووری، مێژوویی، زمانی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو نەتەوەیەیە. ئەم ناسنامەیە بەشێکە لە پێکهاتەی گەورەتری ناسنامەی کۆمەڵایەتی و دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە ڕەفتارە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکاندا بگێڕێت. لە هەلومەرجی ئاساییدا ناسنامەی نیشتمانی لە ڕێگەی بنەماڵە، دامەزراوە پەروەردەییەکان، میدیاکان و ئەزموونە مێژوویییە بەکۆمەڵەکانەوە بەهێزتر دەبێت. بەڵام لە کۆمەڵگە داگیرکراوەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەژێر داگیرکاریی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانیدایە، ئەم پرۆسەیە بەتوندی پەک دەخرێت.
داگیرکەر و لاوازکردنی ناسنامەی نیشتمانی
بە درێژاییی مێژوو، هێزە کۆلۆنیالیستییەکان بۆ وەدەستهێنانی کۆنترۆڵی تەواو بەسەر خاکە داگیرکراوەکاندا، نەک هەر دەستیان بەسەر ژێرخانی ئابووری و سامانە سروشتییەکانیاندا گرت، بەڵکوو لە ڕێگەی پلانی وردەوە، ناسنامەی کولتووری و مێژووییی گەلانی داگیرکراویان لاواز کرد. بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داگیرکەری ئێرانی لە ڕێگەی سەپاندنی زمانی فارسی، دووبارە نووسینەوەی مێژوو (چەواشەکردنی مێژووی کورد و کوردستان و ئێران)، سووکایەتیکردن بە کەلتووری کوردی و بە جێگرەوەی هێما و بەهاکانی خۆیان، بەستێنیان بۆ لاوازکردنی ناسنامەی کوردستانی و سەرلێشێواویی کۆمەڵایەتی خۆش کرد. ئەم سیاسەتانە نەک هەر بۆشاییی نێوان نەوەکانیان زیاتر کرد، بەڵکوو بووە هۆی ئەوەی نەوەی لاو هەتا ڕادەیەکی زۆر هەست بە نەبوونی گرێدراویی خۆیان بە ناسنامە و ڕەگ و ڕیشەی کەلتووریی خۆیانەوە بکەن.
قەیرانی ناسنامە لەنێو تازەلاوان و لاوانی کۆمەڵگە داگیرکراوەکاندا
تازەلاوی و لاوێتی قۆناغێکی هەستیاری گەشەسەندنی ناسنامەیە کە تێیدا تاک هەوڵ دەدات شوێنی خۆی لە کۆمەڵگە و جیهاندا دیاری بکات. لە گەلانی داگیرکراودا، لاوان ڕووبەڕووی دووفاقێتیی کەلتووریی توند دەبنەوە: لەلایەکەوە لە ڕێگەی پەروەردە، میدیا و دامەزراوە فەرمییەکانەوە بەرکەوتەی کەلتووری کۆلۆنیالیزم دەبنەوە؛ لەلایەکی ترەوە لەلایەن خێزانەکەیان یان کۆمەڵگەکەیانەوە کەلتووری ڕەسەنی خۆیان بۆ دەگوازرێتەوە. ئەم دژبەیەکییە دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە “قەیرانی ناسنامەی نیشتمانی”، کە ڕەنگە لە شێوەی “لەخۆ نامۆبوون”، یان نکۆڵیکردن لە ڕابردوو، یان هەوڵدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەلتووری، خۆی دەربخات. کە بەداخەوە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەم بابەتە دەستەویەخەیە.
لێکەوتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی قەیرانی ناسنامە
هەستکردن بە بێ بەهایی و سەرلێشێواوی؛ لاوان هەست بە نەبوونی گرێدراوی، گۆشەگیری و بێ ناسنامەیی دەکەن.
ئارەزووی هاوشێوەسازی لەگەڵ کەلتووری کۆلۆنیالیزم؛ بە هیوای سەرکەوتن یان قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی، هەندێک لاو هەوڵ دەدەن خۆیان لەگەڵ کەلتووری کۆلۆنیالیزمدا ڕێک بخەن.
توندڕەویی کەلتووری یان سیاسی؛ لە هەندێک حاڵەتدا وڵامدانەوە بۆ قەیرانی ناسنامە، خۆی لە شێوەی بەرخۆدانی چڕوپڕی کەلتووری، بناژۆخوازی یان ناسیۆنالیزمی ڕادیکاڵ دەردەخات.
هێنانەوەی چەند نموونەیەکی مێژوویی
داگیرکردنی ئەلجەزایەر لەلایەن فەڕانسەوە؛ “فرانتس فانۆن” لە کتێبی “The Wretched of the Earth”دا، بەباشی باس لە سەرلێشێواویی دەروونیی لاوانی ئەلجەزائیر دەکات کاتێک ڕووبەڕووی کەلتووری فەڕەنسی دەبنەوە. ئەوان لە قوتابخانە بە زمانی فەڕەنسی پەروەردە دەکران و لە ماڵەوە بە زمانی عەرەبی یان ئەمازیغ دەژیان. ئەم دۆخە دابەشبووە، بووە هۆی قەیرانێکی دەروونی و ناسنامەییی بەرفراوان لەنێوانیاندا.
داگیرکردنی هیند لەلایەن بەریتانیاوە؛ سیستەمی پەروەردەی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا، زمانی هیندیی لاواز کرد و زمان و کەلتووری ئینگلیزیی بەرەوپێش برد. زۆرێک لە لاوانی هیندی لەنێوان وەفا بۆ نەریتە کەلتوورییەکانیان و خواستی سەرکەوتن لە چوارچێوەی کۆلۆنیالیزمدا، تووشی سەرلێشێواوی ببوون.
ئەفریقای باشوور لە سەردەمی ئاپارتایدا؛ لاوانی ڕەشپێست جگە لە گوشارە سیاسییەکان و هەڵاواردنی ڕەگەزی، لەلایەن سیستەمی پەروەردەیی و میدیاوە گوشاریان خرایەسەر بۆ ئەوەی کەلتووری ڕۆژاوا قبووڵ بکەن و نکۆڵی لە فەرهەنگی خۆیان بکەن. ئەم پرۆسەیە بووە هۆی فراوانبوونی بزووتنەوەکانی بەرخۆدانی کەلتووری و خوێندکاری.
ئاکام
قەیرانی ناسنامەی نیشتمانی لەنێو گەلانی داگیرکراودا (بەتایبەتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، دیاردەیەکی قووڵ و فرەچینە کە ڕەگ و ڕیشەی لە سیاسەتە کەلتوورییە ستەمکارەکانی کۆلۆنیالیزمدا هەیە. تێگەیشتنێکی ورد لەم قەیرانە، بەتایبەتی لەنێو نەوەی لاودا، دەتوانێت ببێتە هۆی چارەسەر بۆ بووژاندنەوەی ناسنامەی ڕەسەن و بەهێزکردنی پەروەردەی کەلتووری و دروستکردنی کەشی گفتوگۆ لەنێوان نەوەکاندا. دووبارە خوێندنەوەی ئەزموونە مێژوویییەکان و کەڵکوەرگرتن لە تیۆرییە ڕەخنەییەکان، هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بەرەو چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە ناسنامەیییە.
سەرچاوەکان (فارسی)
– دوزخیان روی زمین/ فرانتس فانون
– چهره استعمارگر، چهره استعمارزده/ آلبرت ممی