“ڕۆژان سۆفیزادە” ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مامۆستای قوتابخانە، بە چەند تابلۆیەکی کوردی، بەشداریی لە پێشانگەی شێوەکاریی مامۆستایانی قوتابخانەکانی هەولێر کرد.
لەم پێشانگەیەدا کە لەژێر ناوی “کەزی” و لەژێر چاوەدێریی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، چەندین مامۆستای شێوەکار لە قوتابخانەکانی هەولێر بەشدار بوون.
هەروەها پێشانگەکە لەلایەن مامۆستا “فەهمی سلیوا بابکە” بەڕێوەبەری پەروەردەی دەوروبەری هەولێر و چەند بەرپرسێکی پەروەردە، بەسەر کرایەوە و هەر لەوێ ڕێزلێنان پێشکەش بە مامۆستایانی هونەرمەند کرا.
“ڕۆژان سۆفیزادە” ئەندامی یەکیەتیی لاوان، لەم پێشانگەیەدا بە ٥ تابلۆی کوردی بەشدار بوو. ناوبراو لەمبارەوە ڕایگەیاند: “هەوڵم داوە بە تابلۆکانم، باس لە کوردستان، کورد، ژنی کورد، ئازایەتیی ژنی کورد، ژیان و ئازادی بکەم. چونکە ئەم چەمکانە بۆ من پیرۆزن و هەمیشە لە بەرهەمەکانمدا ڕەنگیان داوەتەوە.”








