ئەمڕۆ هەینی ٢٨ی خاکەلێوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن و مووشەک، پەلاماری سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی دا و بەداخەوە لەو هێرشە تیرۆریستییەدا، ئەندامێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی “شاهین ئازەربەرزین” شەهید بوو. هەروەها باوکی شەهید “شاهین” بە ناوی کاک “نادر ئازەربەرزین” بەتوندی بریندار بووە. هاوکات لە هێرشێکی دیکەی ڕێژیمی ئێراندا، دوو پێشمەرگەی لاوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناوەکانی “نەدا میری” و “سەمیرا ئەڵڵایاری” شەهید و چەند پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بوون.
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتوندی ئەم هێرشە تیرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات و داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکات، لەهەمبەر ئەم تاوانانەی ڕێژیمی ئێراندا بێدەنگ نەبێت و ڕێگری لە دەستدرێژییە سەربازییەکانی بکات.
هەروەها یەکیەتیی لاوان بەوپەڕی داخ و پەژارەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی نوێترین شەهیدانی لاوی کوردستان، بەتایبەتی شەهید “شاهین ئازەربەرزین” ئەندامی هەڵسووڕ و چالاکی ڕێکخراوەکەمان دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت. هیوای تەندروستیش بۆ بریندارەکانمان دەخوازین.
بە هیوای ڕووخانی ڕێژیمی تیرۆریست و تیرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دەستەی بەڕێوەبەری
٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی








