لە هەشتا و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، جەخت لە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەکەینەوە: ئەم رێکخراوە لە ناخی پێویستییەکی مێژوویی و وەک وڵامێک بۆ نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد سەری هەڵدا و تا ئەمڕۆش لەسەر هەمان ڕێبازی خۆی بەردەوامە. لە درێژەی ئەم چەند دەیەی ڕابردوودا، سیاسەتە سەرکوتکەر و ناوەندگراکان لە ئێراندا نەیانتوانیوە خواست بۆ ئازادی، دادپەروەری و مافی دیاریکردنی چارەنووس لەناو ببەن. یەکیەتیی لاوان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە بزووتنەوەی دێموکراتیکی کوردستان، هەمیشە ڕۆڵێکی کارای لە ڕێکخستن، هۆشیارکردنەوە و بەهێزکردنی گوتاری سیاسیی نەوەی نوێدا گێڕاوە.
ئەمڕۆ، لە کاتێکدا ناوچەکە تووشی جەنگێک بووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵگیرسێنەریەتی، پرسی کورد وەک پرسێکی چارەسەرنەکراو ماوەتەوە. ئێمە لەو بڕوایەداین کە بەبێ داننان بە مافە نەتەوەییەکانی کورددا، هیچ سەقامگیرییەکی بەردەوام لە ئێران و ناوچەکەدا نایەتە ئاراوە. لاوانی کورد وەک هێزێکی پێشەنگ، ئەرکیانە بە پشتبەستن بە ئەزموونی مێژوویی و بەکارهێنانی ئامرازە نوێیەکانی سیاسی و مەدەنی، درێژە بە خەبات لەپێناو دێموکراسی، مافی دیاریکردنی چارەنووس و یەکسانیدا بدەن و لە بەرانبەر هەر چەشنە پڕۆژەیەکی نکۆڵیکردن و سەرکوتدا ڕاوەستن.
لەم ساڵیادەدا، وێڕای پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەری، ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوان، لەسەر بەردەوامیی خەباتی ڕێکخراوەیی و ئامانجدارمان جەخت دەکەینەوە. پاشەڕۆژی کوردستان گرێدراوە بە ئیرادە و هۆشیاریی نەوەی لاوەوە؛ ئەو نەوەیەی کە دەبێ بە یەکگرتوویی، بەرپرسیارێتی و تێگەیشتنێکی قووڵ لە بارودۆخی سیاسی، ڕێگەی دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکان خۆش بکات. یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک هەمیشە خۆی بە پابەندی ئەم ڕێبازە دەزانێت و پێداگری لەسەر ڕۆڵی مێژوویی لاوان لە بنیاتنانی داهاتوویەکی ئازاد و دێموکراتیکدا دەکاتەوە.
بێهزاد قادری
سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی








