بەخێر بێت جەژنی نەورۆز، جەژنی کۆنی کوردستان، جەژنی نوێبوونەوەی ژیان و ئومێد و ئازادی.
وەک یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پیرۆزباییی ئەم جەژنە نەتەوەییەی کوردستان، لە تەواوی لاوان و نەتەوەی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی دەکەین.
نەورۆز تەنیا دەستپێکی ساڵێکی نوێ نییە، بەڵکوو یادخەرەوەی کڵپەی نەکوژاوەی بەرگری و ئیرادەی نەتەوەیەکە کە چەندین سەدەیە لەپێناو ئازادی، کەرامەت و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیدا خەبات دەکات.
ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی نەورۆز بەرز ڕادەگرین کە کوردستان هێشتا لەژێر سێبەری داگیرکاری، سەرکوت و نادادپەروەریدا دەژیت. بەڵام دەرفەتێکی گەورەی مێژووییشمان لەپێشە. مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ هێزێک توانای ڕاوەستان لە بەرانبەر ئیرادەی نەتەوەیەکی ئاگای نییە. لاوانی کوردستان، وەک هێزی پێشەنگی کۆمەڵگە، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لەم ڕێگەیەدا هەیە؛ ئەو نەوەیەی کە هۆشیار، چاونەترس و سوورە لەسەر ئەوەی چارەنووسی خۆی بەدەستەوە بگرێت و کۆت و زنجیری ژێردەستەیی بپچڕێنێت.
بڕوای تەواومان وایە کە ساڵی نوێ دەتوانێت ساڵێکی چارەنووسساز بێت بۆ گەلی کورد؛ ساڵێک کە تێیدا هەنگاوی گەورەتر بەرەو ڕزگاری و ئازادی بنرێت. یەکگرتوویی، تەبایی و بەهێزکردنی ڕۆحیەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی، کلیلەکانی تێپەڕبوونن لەم قۆناغە مێژووییە. هەر لاوێکی کورد، دەنگێکی بەرگری و هێزێکی گۆڕانکارییە کە دەتوانێت لە بونیادنانی داهاتوویەکی ئازاد و دادپەروەردا ڕۆڵ بگێڕێت.
لەو نەورۆزەدا، پەیمان نوێ دەکەینەوە کە ڕێگەی خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاریی کوردستان بە گوڕوتینێکی زیاترەوە بەردەوام بکەین و ئومێد لە دڵی خەڵکدا بە زیندوویی بهێڵینەوە. ئاواتمان ئەوەیە ساڵی داهاتوو، ساڵی ڕزگاریی کوردستان بێت لە داگیرکاری و دەستپێکی وەرزێکی نوێ بێت لە ئازادی، ئاشتی و سەربەرزی بۆ نەتەوەکەمان.
نەورۆزتان پیرۆز بێت.
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دەستەی بەڕێوەبەری
٢٩ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی








