١٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ٧٩ ساڵ بەسەر شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد، یەکەم سەرۆککۆماری کوردستان، بەدەستی ڕژێمی پەهلەوی تێدەپەڕێت. ئەم ڕۆژە بیرهێنەرەوەی فیداکاریی ئەو کوردانەیە کە لەپێناو ئازادی، ڕزگاری، کەرامەت و مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکەیان گیانی خۆیان بەخت کرد، بەڵام ئامانجە بەرزەکانیان هەرگیز لەبیر نەکراوە و بەردەوامە.
پێشەوا قازی محەممەد و هەواڵانی (سەیفی قازی و سەدری قازی) بوونە سیمبولی خۆڕاگری و ڕاوەستان لە دژی زوڵم و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی. لەسێدارەدانی قازی محەممەد لەلایەن ڕژێمی پەهلەوییەوە، تەنیا کۆتاییهاتن بە ژیانی ڕێبەرێک نەبوو، بەڵکوو دەستپێکی وەرزێکی نوێ لە سەرکوتکردنی سیستماتیکی نەتەوەی کورد بوو. ئەو ڕژێمەی کە بە نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەیی، کولتووری و سیاسییەکانی کورد، هەوڵی دا دەنگی ئازادیخوازی کپ بکات، نەیتوانی ئیرادەی گەلێک تێک بشکێنێت کە بۆ چەسپاندنی مافەکانی ڕاپەڕیوە.
ئەزموونی کۆماری کوردستان، هەرچەندە کورتخایەن بوو، بەڵام خاڵێکی زێڕین و گەشاوەیە لە مێژووی خەباتی نەتەوەیی کورددا. ئەم کۆمارە سەلماندی کە نەتەوەی کورد توانای بەڕێوەبردنی خۆی، دامەزراندنی دامەزراوە دیموکراتییەکان و پەیڕەوکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەیە. ئەو ئەزموونە تەنیا ڕووداوێکی تێپەڕ نەبوو، بەڵکوو بوو بە نموونەیەکی ئیلهامبەخش بۆ نەوەکانی دواتر، تا ڕێگای ئازادی و خۆبەڕێوەبەری بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە درێژە پێ بدەن.
لە ئەمڕۆدا کە بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستانیش ناسراوە، وەک یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جارێکی دیکە لەسەر درێژەپێدانی ڕێبازی شەهیدان جەخت دەکەینەوە؛ ڕێبازێک کە لەسەر بنەمای ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی و ڕزگاریی نەتەوەیی داڕێژراوە. باوەڕی تەواومان وایە کە بە یەکگرتوویی و خەباتی بەردەوام، دەتوانین ئاواتەکانی شەهیدان بێنینە دی.
یادی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بەرز و ڕێگایان پڕڕێبوار بێت.
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دەستەی بەڕێوەبەری
١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی








