لاوانی نیشتمانپەروەری کوردستان
کچان و کوڕانی رۆژهەڵاتی کوردستان
بەبۆنەی رۆژی جیهانی لاوان پر بە دڵ پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوادارم لەم رۆژە جیهانییە دا بتوانن پەیامی ویست و داخوازییەکانتان بگەیەننە کۆڕ و کۆمەڵە نێو نەتەوەییەکان
و خواست و داخوازییەکانتان هەم بۆ توێژی لاو ، هەم بۆ کورد وەک مافەکانی و هەم بۆ کۆمەڵەگا وەک دێموکراسی، لە گۆڕەپانی گەورەی نێودەوڵەتیدا ببیسرێ و کاری بۆ بکرێت.
لەسەردەمێکدا کە سەردەمی بەجیهانی بوونە، دیاری کرانی رۆژێکی جیهانی بۆ لاوان لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان بەو واتایە دێت کە لاوان بە تەبیعەتی تەمەنیان چالاکن و هێزێکی کاریگەرن لە گۆڕانکارییەکان و ئەمەش دەسکەوتێکە بۆ چالاکی لە زۆربەی شوێنەکانی دنیا، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە لاوان لە مافەکانیان بی بەشن، ئەو رۆژە دەرفەتێکە کە بە چالاکی و تێکۆشان پەیامی خەباتی خۆیان بگەیەنن بە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی.
لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان!
میژووی خەباتی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتی، غائیب نەبوە لە بەشداری لاوان، سەردەمی کۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان و پێشەوای حیزبی دێموکرات بە رێزەوە بیری لە داهاتووی لاوان دەکردەوە و لەسەردەمێکدا کە بیری عەشیرەیی زاڵ بوو و کۆمەڵگا زۆربەی بێ سەواد بوون، پێشەوا قازی زۆر وردبینانە لە فکری پەروەردەکردنی لاوان دابوو بۆ داهاتووی کۆمەڵ و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. هەر لەسەر ئەو بنەما فکری و فەلسەفییەی پێشەوا قازی یەکیەتیی لاوان کەوتە ناو جەریانی خەباتی حیزبی دێموکرات و هەر ئەمەش بوو بە هۆکار کە چارەنووسی سیاسی نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکرات لە رۆژهەڵات یەکیەتیی لاوانیشی گرتەوە، هەر بۆیەش بیرۆکەی سیاسی یەکیەتیی لاوان و هێنانە گۆڕی پەیام بۆ داهاتووشیان بێ رەبت نییە بە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات. تەنانەت یەکیەتیی لاوان لەسەردەمی بەرگری چەکدارانەی حیزبی دێموکرات کە هێزی پێشمەرگە بە شێوەی نیزامی دیفاعی لە کوردستان و نەتەوەی کورد و ویست و داخوازییەکانیان دەکرد، ئەندامانی یەکیەتیی لاوان لە ریزی هێزی پێشمەرگەدا هەوڵیان داوە لاوان بە رێکخستن بکەن و پۆل پۆل ئاشنایان بکەن بە حیزبی دێموکرات و بەرنامە و سیاسەتەکانی ئەم حیزبە و یەکیەتیی لاوان.
کچان و کوڕانی رۆژهەڵاتی کوردستان!
پێویستە لە سەردەمی ئیستادا کە سەردەمی مۆدێرنیزاسیۆنە، کەڵک وەرگرتن لە مێدیا، بەتایبەت سۆشیال میدیا و سۆشیال نێتوۆرک وەک گۆڕەپانێکی گشتیی بۆ هێنانە گۆڕی ماف و داخوازییەکانتان بەهێز بکەن و پەرەی پێ بدەن و بە چالاکیی ژینگە پارێزی و زمان پارێزی و پێک هێنانی گرووپی شاخەوانی و گرووپگەلی دیکەی مەدەنی، رۆژی جیهانی لاوان بکەنە دەرفەتێک بۆخۆتان کە لەو رۆژەدا بە شێوەی مەدەنیانە ویست و داخوازییە نەتەوەییەکانتان مەترەح بکەن و لە فەزای داخراوی سیاسی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە بچوکترین دەرفەتەکان بۆ هێنانە گۆری ویست و داخوازیەکانتان کەڵک وەربگرن و هیچ هەلێک بۆ هێنانە گۆری ویست و داخوازیەکانتان لەدەست مەدەن.
لە کۆتاییدا هیوادارم لاوان وەک داینەمۆی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و هیوای دوارۆژی نەتەوەکەمان، ببنە هۆی ئاشتەوایی نیوان لایەنە سیاسییەکان و هەروەها ببنە ئاسۆی گەیشتنی کوردان بە ئاواتە دێرینەکەی نەتەوەی کورد واتا رزگاریی نەتەوەیی.
جارێکی تر بە بۆنەی رۆژی جیهانی لاوان پڕ بە دڵ پیرۆزبایی بە هەموو لاوانی کوردستان بە گشتیی و رۆژهەڵات بە تایبەتی دەڵێم.
ساغ و سڵامەت و سەرکەوتوو بن
خالید عەزیزی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
11/08/2016