لاوانی سەربەرزی رۆژهەڵاتی کوردستان
ئەمساڵ لەکاتێکدا رۆژی جیهانی لاوان بەرز رادەگرین کە رێکخراوەکەتان، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانخۆی ئامادە کردوە بۆ قۆناغی نوێی تێکۆشان و بە سەرنجدان بە دۆخی ناوچە و رۆژهەڵاتی کوردستان و قەیراناوی بوونی دۆخەکە،دەور و کاریگەرییەکانی لاوان زۆر زیاتر لە جاران بەرچاو دەکەون.
هەر لەو سۆنگەیەوە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان شێلگیرانەتر لە جاران و بە بەرنامە و پلانی گونجاو لەم وەرزەدا، تێکۆشانی خۆی لە بوارەکانی سیاسی، تەشکیلاتی و پەروەردەی کادر پەرە پێدا و خۆی بۆ قۆناغی نوێی تێکۆشان ئامادە کردوە. لاوان لە یەکیەتیی لاوان لەسەر دووبنەمای نیشتمانپەروەری و هەروەها ئەخلاقی ئینسانیی و نەتەوەیی پەروەردە دەکرێن هەر بۆیەش ئەندامانی یەکیەتیی لاوان لەسەربنەمای ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ریزگرتن لە خاک و خەڵکی کوردستان خەبات خۆیان درێژە دەدەن تا گەیشتن بە مافی ئینسانی و نەتەوەییەکانیان.
لاوانی تێکۆشەری رۆژهەڵات
بە ئاڵوگۆڕ لە سیستمە سیاسیەکانی دەوڵەتی ناوەندی لە تاران و تەجرووبەی دوو سیستمی بەڕێوەبەری لە ئێراندا بەداخەوە بەشی کورد هەر بێ ئیمکاناتی و زیندان و ئەشکەنجە و کوشتووبر بووە و بەتایبەتی لە سەردەمی حکومەتی ئاخوندیدا کە بەشێوەیەکی سیستماتیک مادەی هۆشبەر بەسەر لاواندا بڵاو دەکرێتەوە وبە لەسێدارەدانی لاوانی چالاک لە بوارەکانی سیاسی و مەدەنی دەیانهەوێ لاوان جاوترسێن بکەن، بەڵام لاوانی رۆژهەڵات بە ورەیەکی بەرز و چوونە ناو زانکۆکان و بەردەوامی لە تێکۆشانی مەدەنیانە خەریکی خۆ رێکخستنن و بەدوای مافە نەتەوەییەکانیان دا دەگەڕێن.
لە رۆژی جیهانی لاواندا کە لاوانی وڵاتان ئەو رۆژە دەکەنە دەرفەتێک بۆ بەدەستهێنانی مافە سنفییەکانیان، ئەوە لاوانی نیشتمان داگیرکراوی جیهان دەبێ ئەو رۆژە بکەنە بیانوو بۆ مەترەح کردنی داوا و ویستە نیشتامنی و نەتەوەییەکانیان و لاوانی کوردیش دەتوانن لەم رۆژەدا ئاماژەیەک لە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی و سنفییان بدەنە کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان و داوای پشتگیری نێونەتەوەیی بکەن و ئەمە پێویستی بە هاوکاری و هاوئاهەنگی زیاتری نێوان لاوانی ناوخۆی رۆژهەڵات و رێکخراوەکەی خۆیان واتا یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و ئێمەش بەڵێن دەدەین کە وەک رابردوو هەموو پرسگەلی مەدەنی و سیاسیان بگەیەنینە کۆڕ و کۆمەڵە نیونەتەوەییەکان و نوێنەر و داکۆکیاری مافەکانیان بین.
هەر بەبۆنەی رۆژی جیهانی لاوان کە هاوکاتە لەگەڵ تەواو بوونی خوولی کادری سیاسی و هەروەها خولی نیزامی و چەکوچۆڵ بۆ ئەندامانی یەکیەتیی لاوان، جارێکی تر پێبەندبوونمان بە ئەسڵ و پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان دووپات دەکەینەوە و هاوکات بە سەرنجدان بەم ئوسوولە نیونەتوەیانەیە کە دەرگای پاراستنی رەوا لەسەر خۆمان دانەخەین و دیفاعی چەکدارانە بە مافی بێ ئەملاوئەملای نەتەوەکەمان دەزانین و هەر لەو سۆنگەیەوە ئێمەی لاوان ئامادەی بەڕێوەبردنی هەر ئەرکێکی پێشمەرگانەین لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا.
لە کۆتاییدا بە بۆنەی ١٢ی ئاگۆست رۆژی جیهانی لاوان، پڕ بەدڵ پیرۆزبایی بە لاوانی کورد و رۆژهەڵات دەڵیین و لاوانی کورد دڵنیا دەکەینەوە کە تا گەیشتن بە مافە ئیناسنی و نەتەوەییەکانی کورد لە خەبات بەردەوام دەبین
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
هەیئەتی ئیجرایی
١١ی ئاگۆستی ٢٠١٦