کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان!
داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ!محەممەد سەدیق کەبوودوەند، رۆژنامەنووس و سەرۆکی رێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان کە بەتاوانی هەوڵدان دژی ئەمنیەتی میللی و پڕوپاگەندە دژی رێژیم لە رێگای دامەزرانی رێکخراوێک بۆ داکۆکی لە مافی مرۆڤ و پەیوەندی بە رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و وتووێژ لەگەڵ میدیای بێگانە، بە ١٠ساڵ زیندان لە ئێران مەحکوم کراوە و هەنووکە لەزیندانی ئێڤین دایە،
لە دەورانی زیندانی خۆی لە چوکترین مافی هەر زیندانییەکی ئاسایی وەکوو مەرەخەسی، ملاقات و دیداری پزیشک بێبەش کراوە. هەروەها بەهۆی ئەوەی لە زستانی ساڵی رابردوودا بەرپرسانی زیندان پەروەندەی ئەمنییەتی نوێیان لەسەر دروست کردووە، ١٩ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی بەرامبەر بە ٠٨/٠٥/٢٠١٦ بۆ دووهەمین جار لە زیندان مانی لە خواردن گرتووە، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەڕێز کەبودوەند سڵامەتی جەستەیی لە مەترسی دایە و لە زینداندا تووشی نەخۆشێ دڵ و پرۆستات بووە.
مانگرتنی ئەمجارەی بەڕێز کەبوودوەند وەکی خۆی باسی کردوە روون نییە تا چ کاتێکە، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی ئەم چالاکوانەی مافی مرۆڤ هەیە و بەردەوامی ئەم مانگرتنە زۆر مەترسیدارە لەسەر ژیانی.
ھەر بۆیە داوا لە سەرجەم کەسایەتی و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و هەموو ناوەند و رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکەین ھەنگاوی بە پەلە ھەڵ بگرن و ھەموو ھەوڵی خۆتان بۆ گوشارھێنان بۆ سەرکۆماری ئیسلامیی ئێران بە کار بێنن بۆ ئەوەی رێز لە داواکانی کەبوودوەند بگرێ و نەک ھەر ھەلومەرجێکی باشتری بۆ راگرتنی لە بەندیخانە دا پێک بێنێ، بەڵکوو لە زیندان ئازادی بکا و لەمەش زیاتر چاو بە سەرجەم سزا وبڕیارەکانی خۆی لە پێوەندی لە گەڵ چالاکانی سیاسی و مەدەنیی بەندکراو دا، بخشێنێتەوە.
هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە پەیامی مانگرتنەکەی کەبوودوەند کە نارەزایەتیدەربڕین لە ستەم و بێدادی کۆماری ئیسلامییە، بە گوێی بیروڕای گشتیی بگات و خەڵکی کوردستان و ئێران و ویژدانە زیندووەکان لە رادەی جیھانی دا، ئەرکی خۆیان لە پێوەندی لە گەڵ بارودۆخی کەبوودوەند و داوا ڕەواکانی دا جێبەجێ بکەن.
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
سکرتاریا
26/05/2016