کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!
هەر وەک ئاگادارن حەفتا و شەش ساڵ پێش ئێستا، ڕوژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی ڕێبەری زانا و بلیمەتی نەتەوەی کورد و سەرکۆمارە تاقانەکەی کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی محەممەد حوسێن خانی سەیفی قازی و ئەبوولقاسمی سەدری قازی، لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد بە دەستی ڕەشی دەسەڵاتی فاشیستیی تاران و بە فەرمانی دیکتاتۆریی پالەوی لە سێدارە دران و بوونە سەرقافڵەی سوورخەڵاتانی نیشتمان.
کارەساتی شەهیدکرانی پێشەوا و هاوڕێیانی کە پاش شەهیدکرانی کۆماری هیوا و ئاواتەکانی نەتەوەی کورد و لە ئەنجامی بڕیارێکی سیاسیی بێدادگایی سەربازیی ڕێژیمی پالەویدا ڕووی دا، هێما و واتای کێشانی سنوورێک بە خوێن لە نێوان نەتەوەی کورد و دەسەڵاتی داگیرکەری ئێراندا بوو. سنوورێک کە بە شەهیدکرانی سەدان و هەزاران ڕۆڵەی دیکەی ئەم نیشتمانە و ڕێبەرانی دیکەی وەک قاسملوو و شەرەفکەندی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تۆختر بۆتەوە، تاکوو بڵیسەی ڕقی شۆڕشگێڕانەی کورد لە دوژمنی داگیرکەر بەتینتر بێت و نەوە لە دوای نەوە خەڵکی کوردستان بە گیانفیدایی خۆیان بیسەلمێنن کە کوشتن و بڕین و زەبر و زەنگ ناتوانێت ئیرادەی لەشکاننەهاتووی ئەوان بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی لاواز بکات و ڕۆڵەکانی کۆمار، هەتا سەر ڕێبواری بەئەمەگ و شێلگیری ڕێگای خەبات بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی پێشەوای مەزنی کورد و هەموو شەهیدانی نیشتمانن.
لەسێدارەدانی پێشەوا کە باوەڕێکی قووڵی بە دێموکراسی، پێشکەوتنی کۆمەڵگا، پێکەوەژیانی گەلان و چارەسەری ئاشتیانەی پرسە سیاسییەکان بوو، بە واتای کوشتن و لەسێدارەدانی هەموو ئەو چەمک و باوەڕانە لە لایەن دەسەڵاتی فاشیستیی تارانەوە بوو.
لەو کاتەوە تا ئێستا چ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و چ هەڵگرانی بیڕوباوەڕی فاشیستیی داگیرکارانە لە دەرەوەی دەسەڵات، لە سڕینەوە و سانسۆری چەمک و بەها مرۆییەکان و کوشتنی هەڵگرانی بیروباوەڕی مڕۆڤسالاری لەژێر ناوی یەکپارچەیی و تەناهیی نیشتمانیدا تۆزقاڵێک پاشگەز نەبوونەتەوە و بگرە چەقبەستووییان لە زەلکاوی فاشیزم و سەرەڕۆییدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەمڕۆ دەبینین کە کوردستان، ئەو نیشتمانەی کە قازی محەممەد سوێندی خواردبوو بە گیان و بە خوێنی خۆی پارێزگاری لە سەروەریی خاک و کەرامەتی ئینسانیی تاکەکانی بکا، لەژێر دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیـ”ـدا بۆتە لانکەی ڕاپەڕینێکی مەزن دژ بە کۆنەپەرەستترین دەسەڵاتی سەردەم و ڕۆڵەکانی پێشەوا بە ئەزمون وەرگرتن لە وانەکانی ڕێبەرانی شەهیدیان، بەوپەڕی ئازایەتی و بوێرییەوە شەقامەکانیان لە داگیرکەر کردۆتە دۆزەخ و بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک تا لووتکەی فیداکردنی گیانی پاکیان بەرەنگاری چەکدارە خوێنمژەکانی ڕێژیم دەبنەوە و وەک پێشەوا کە لە بێدادگایی سەربازیدا وتبووی: “هەرکامەیان دەبنە قازی محەممەدێک و مەشخەڵێکی بڵێسەدار بۆ گیانی تاریکی و کۆنەپەرەستی”.
لە حەفتا و شەشەمین ساڵیادی شەهیدبوونی پێشەوا و هاوڕێیانیدا، ئێمە یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانێ دێموکراتی کوردستان وێڕای دووپاتکردنەوەی وەفاداریمان بە ڕێبازی شەهیدان، یادیان دەکەینە هەوێنی بەردەوامی لە خەبات و وانەکانیان دەکەینە چرای ڕێگای تێکۆشانمان.
سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد
بژی هاوخەباتیی شۆڕشگێڕانەی هەموو چین و توێژەکانی گەلانی ستەملێکراوی ئێران
سڵاو لە گیانی پاکی پێشەوا و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری
ژن، ژیان، ئازادی
یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکرات
١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ی کوردی