لە ڕۆژی جیهانیی لاواندا، بە پێویستی دەزانم بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، پیرۆزباییی ئەم ڕۆژە لە لاوانی کوردستان، ئێران و جیهان بکەم.
بەشێکی زۆری قورسایی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان بۆ گەیشتن بە کوردستانێکی ئازاد و ڕزگارکراو لە بندەستی، لەسەر شانی لاوانی کوردستان بووە. یەکێک لە هۆیەکانی بەردەوامیی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان ئەنجامی وزە و ئیرادەیەک بووە کە لاوانی کوردستان نەوە لە دوای نەوە بە بەم بزاڤەیان بەخشیوە. لاوان بە پەیوەستبوونیان بە ریزەکانی خەباتی سیاسی و گەرم ڕاگرتنی ئیرادەی شەقامی کوردستان و پێداگری لەسەر دۆزی نیشتمانی، ئیجازەی ئەوەیان نەداوە کاروانی ڕزگاریی کوردستان بوەستێ.
فرەییی لە روانینەکان و میکانیزمی گەیشتنی کوردستان بە ڕزگاری، ئاکامی هەوڵ و تێکۆشانی نەوە لە دوای نەوەی لاوان بووە کە بیروڕای جیاوازیان هێناوەتە نێو ئەم بزاڤەوە و، نوێبوونەوە و سەردەمیانەبوونیان کردووەتە بەشێک لە پێناسەی کوردستانیبوون. بۆیە دەتوانین بڵێین زیندووبوونی گوتاری نیشتمانی لە کوردستان، بەرهەمی ئەو لاوانەیە کە وێنایەکی جیاوازتریان بەخشیوەتە بزاڤەکە و، لە چەقبەستوویی ڕزگاریان کردووە.
ئەگەر ئیرادە و وزەی لاوان لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان نەبوایە، زۆر ئەستەم بوو ئەم بزاڤە هەروا لەسەر پێ بێ و، زەحمەت بوو بتوانێ هەڵگری بەهاگەلێکی کوردستانی و مرۆیی وەک “ژن، ژیان، ئازادی” بێ.
دووبارە رۆژی جیهانیی لاوان، لە هەموو لاوانی وریا و بەهەستی کوردستان پیرۆز بێ.
مستەفا هیجری
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
12ی ئاگۆستی 2023