ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خاڪەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی هەیئەتێڪی کۆمیتەی ئاگری یەکیەتیی لاوانی دێموڪراتی ڕۆژهەڵاتی ڪوردستان بەشدارییان له ڕێوڕەسمی ٣٩ ساڵەی یادی شاعیری گەل مامۆستا هێمنی موڪریانی لە زانکۆی سەلاحەددین لە شاری هەولێر کرد.
لە ڕێوڕەسمێڪدا کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خاڪەلێوە لە هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیری زانڪۆی سەلاحەددین بەڕێوەچوو، هەیئەتێڪی کۆمیتەی ئاگری بەشدار بوون و چەپکەگوڵی ڕێز و وەفایان پێشکەش بە ڕێوڕەسمەڪە کرد.
ڕێوڕەسمەڪە کە لەژێر ناونیشانی “هێمن، ڕێبواری ڕێی عیشق و ئازادی” بەڕێوەچوو، کۆمەڵێڪی بەرچاو لە شاعیران و نووسەران و ئەدەبدۆستان لە هەر چوار بەشی ڪوردستان و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا بەشدار بوون.
لە ڕێوڕەسمەکەدا لەلایەن کۆمەڵێڪ لە شاعیران و نووسەرانەوە باسی نەخش و ڕۆڵی مامۆستا هێمن لەسەر ئەدەبی کوردی و خەبات و تێکۆشانی سیاسیی هێمن کرا و چیرۆکی هەندێڪ لە شێعرەکانی و چەندین بیرەوەری تایبەت لە مامۆستا هێمن گێڕدرایەوە و هەروەها کورتەفیلمێڪی دیکیۆمێنتاری لەبابەت مۆزەخانەی “ماڵی هێمن” بڵاو ڪرایەوە و لە کۆڕێڪی شێعریشدا، چەندین شاعیری ڕۆژهەڵاتی ڪوردستان، شێعریان خوێندەوە و هەروەها ڕێوڕەسم بە کۆنسێرتی گۆرانی و مووزیڪ لەلایەن هونەرمەندانەوە ڕازایەوە.
محەممەدئەمین شێخولئیسلامی ناسراو بە مامۆستا “هێمن” شەوی جێژنی بەراتی ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە گوندی “لاچینـ”ـی مەهاباد و لەنێو بنەماڵەیەڪی ناوداری مەڵبەندی موڪریاندا چاوی بە ژیان هەڵێناوە. هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ شێعر و ئەدەب و نووسین ئاشنا بووە و لە ڪۆماری ڪوردستاندا لەلایەن پێشەوا قازی محەممەدەوە نازناوی “شاعیری گەل”ـی پێبەخشراوە.
هێمن تێکەڵی حیزبی دێموڪرات بووە و دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان پەڕیوەی باشوور دەبێت و درێژە بە خەبات دەدات و دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیش هەر لەگەڵ حیزبی دێموڪرات دەمێنێتەوە بەڵام چەند ساڵ دواتر لە ناوخۆ دادەنیشێت و لە شاری ورمێ بە یارمەتی چەندین کەسی دیڪە گۆڤاری “سروە” چاپ دەکەن تا ئەوەی ڕۆژی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٦٥ی هەتاوی بۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لە لێدان دەکەوێ و لە گۆڕستانی بوداق سوڵتانی مەهاباد بە خاکی پیرۆزی کوردستان دەسپێردرێت.