بەڕێز پێشەوا عەلیپوور سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەبۆنەی کۆتایی هاتنی دوایین کۆنگرەی لاوانی سوسیال دێموکراتی سوید پەیامێکی ئاراستەی دیار چیچەک سکرتێری هەڵبژێردراوی ئەو ڕێکخراوە کردبوو کۆمەلێک مژار و بابەتی لەگەڵ هاوتای سویدی خۆی هێنایە گۆڕێ. سکرتیری یەکیەتیی لاوانی دێموکرات لەو پەیامەدا وێڕای پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی لاوانی سۆسیال دێموکراتی سوید، هیوای خواستبوو کە لاوانی کورد و لاوانی کۆمەڵگای سویدی بتوانین بەیەکەوە هاوپەیمانێکی باش بن بۆ پاراستنی مافە ئینسانییەکان و هەوڵدان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە پەیامی سکرتێری یەکیەتیی لاواندا هاتبوو کە: “پێویستە پاراستنی نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ تێکۆشانی لاوانی کورد لە کوردستانی بن دەستی ئێران و تورکیا و سوریە و عێراق بخەینە ئەولەوییەتەکانی تێکۆشانمان.”
بەڕێز دیار چیچەک سکرتێری لاوانی سوسیال دێموکراتی سوید لە پەیامێکی تایبەتدا وەڵامی پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دایەوە و ئاماژەی بە کۆمەڵێک بابەتی تایبەت کرد و وتی: “بە خۆشحاڵییەوە پیرۆزبایی نامەی ئێوەم پێگەیشت. پەیامە پڕ لە سۆزەکەتان و دەربڕینی پشتگیری ئێوە بۆ من و ڕێکخراوەکەمان مانای زۆری هەیە. پەیامەکەتان بۆ من شانازی و مایەی دڵخۆشییە و سوپاسگوزارم بۆ ئەو هاودەنگییە جوانە و خۆشحاڵم کە لەناو بزووتنەوەی سۆسیال دێموکراتی نێونەتەوەییدا هاوبەشین.”
دیار چیچەک هەروەها لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕوو بە سکرتێری لاوانی حیزبی دێموکرات بە گرنگییەوە ئاماژەی بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردستان داوە و گوتوویەتی: “هەست بە هاوسۆزییەکی زۆر دەکەم بۆ ئەو دۆخەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئێوە لە پەیامەکەتاندا ئاماژەتان پێکردبوو. ڕێکخراوەکەمان هەمیشە دەنگێکی بەهێز بووە بۆ هاودەنگی نێونەتەوەیی. بۆیە دەمهەوێت پێتان بڵێم کە لە قۆناغی داهاتوودا ئەرکە نێونەتەوەییەکانمان بەهێزتر دەکەین بەتایبەت بە گرنگیدان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان. هیوادارم لە داهاتوودا زیاتر هاوکاریتان بکەم و چاوەڕێی پەیوەندی زیاترم لەگەڵ ئێوە و ڕێکخراوەکەتان.”