• فارسی
  • English
  • فارسی
  • English
Search for:
Facebook Instagram Twitter Youtube Phone-alt Envelope
  • سەرەتا
  • کاروچالاکی
  • پەیام و راگەیەندراو
  • دیدار و چاوپێکەوتن
  • وتار
  • بابەتی زیاتر
    • هەواڵەکان
    • کۆنگرە
    • سیاسی
    • ڤیدیۆ
  • کۆمیتەکانی لاوان
    • کۆمیتەی سوئێد
    • کۆمیتەی نۆروێژ
    • کۆمیتەی دانمارک
    • کۆمیتەی سوئیس
    • کۆمیتەی ئاڵمان
    • کۆمیتەی ئوتریش
    • کۆمیتەی فینلاند
    • کۆمیتەی بەریتانیا
  • مێژووی لاوان
  • سیمای دیار

ڕاپۆرتی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ کۆنگرەی ٩ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

  • Shiva Moradian
  • 2025-10-12
  • کۆنگرە, هەواڵەکان

هەروەها بخوێنەوە

ڕاپۆرتی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ کۆنگرەی ٩ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

پەیامی پیرۆزبایی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی پێکهێنانی کۆنگرەی حەوتەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

ئەندامێکی یەکیەتیی لاوان، لە کێبڕکێی “هێزی لەش”دا سەرکەوتنی بەدەست هێنا

دیداری ناوەندی ئیداریی حیزبی دێموکرات لەگەڵ بەڕێوەبەریی نوێی یەکیەتیی لاوان

پەیامی “ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” بە بۆنەی پێکهاتنی کۆنگرەی ۹ی “یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان”

پەیامی “ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاونیوز” بە بۆنەی پێکهاتنی کۆنگرەی ۹ی “یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان”

هاوبەشکردن لە فەیسبووکهاوبەشکردن لە تویتەرهاوبەشکردن لە تێلگرام

هاوڕێیانی بەڕێز!

لاوانی نیشتمانپەروەر  و  بەشدارانی هێژای کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

لە دەستپێکی کاروباری کۆنگرەی ٩ی یەکیەتیی لاوان، جێی خۆیەتی سڵاو و ڕێزی خۆمان پێشکەشی هەموو ئەندامانی یەکیەتیی لاوان لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و هەروەها لە دەرەوەی وڵات بکەین و سپاسی ماندووبوون و هەوڵ و تێکۆشانیان بکەین کە تا ئەمڕۆکە ئاڵای خەباتی لاوان و یەکیەتیی لاوانیان بەرز ڕاگرتووە. هەروەها سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، بەتایبەتی لاوانی شەهیدمان. سڵاو و ڕێزی خۆمان پێشکەشی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و بنەماڵەی تێکۆشەران و خەباتکارانی ڕیزەکانی حیزبەکەمان و ڕێکخراوەکەمان دەکەین.

کۆنگرەی ٩ی یەکیەتیی لاوان، لەژێر سێبەری کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان

ئێمە لە کاتێکدا کۆنگرەی ٩ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەبەین کە چەند مانگ پێش، کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو و ئەندامانی نوێی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنگرەیەکی ئازاد و دێموکراتیکدا بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە هەڵبژێردران.

لە سەردەمێکدا کە هیوا بە یەکڕیزی هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەم لەناو کورد کەم بوو، بەڵام بە دیرایەتیی ڕێبەرایەتیی هەردوولا و پێبەندی بە ویست و داخوازیی جەماوەر، یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان هەنگاوێکی کردەیی و مێژوویی و مەزن بوو بۆ گەشاندنەوەی هیوا و یەکڕیزی. بە خۆشییەوە ئەم یەکگرتنەوەیە ئاکامی دڵخوازیشی لێکەوتەوە و بوو بە هەوێنی وەسەریەککەوتنی هێزی جەماوەر و خوڵقانی بزووتنەوەی ژینا کە بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” سەرتاسەری کوردستان و بەشێکی بەرچاوی ئێرانیشی گرتەوە.

 بەدڵنیاییەوە ئەم یەکگرتنە لە داهاتوویەکی نزیکدا، بەپێی ئاڵوگۆڕە گەورە و بنەڕەتییەکانی ناوچەکە و ئێران و کوردستان، ئاکامی دڵخوازتر و گەورەتریشی لێ دەکەوێتەوە. چونکە حیزبی دێموکرات وەک حیزبی پێشڕەو و پێشەنگی کوردستان، بەهۆی قورسایی گوتاری نەتەوەیی و قورسایی کاریگەری و هەروەها نفووزی بەهێزی خۆی، لە هاوکێشەکاندا بوونی چالاکانەی هەیە و هەڵوێست و سیاسەتەکانی، هەڵوێست و ویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.

کەوایە، ئێمەش لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ڕێکخراوەیەکی دێموکراتیکی حیزب، لەم کۆنگرەیەدا وێڕای وەسەریەکخستنەوەی وزە و تواناکانی لاوانی ڕۆژهەڵات لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتدا، دەرفەتێکی زێڕینمان لەبەر دەستدایە تا بە ڕوانگە و نیگایەکی قووڵ و بەرپرسیارانە، ئاوڕێک لە ڕابردوومان بدەینەوە و تێکۆشان و ئاڵەنگارییەکانی داهاتووی بەردەم یەکیەتییە هەڵسووڕ و پێشەنگەکەمان هەڵسەنگێنین. بۆیە لەم ڕاپۆرتەدا وێڕای گێڕانەوەی ئەو بابەت و دۆخەی کە لە قۆناغی ڕابردوودا پێیدا تێپەڕیوین، لەسەر توانا و کەموکوڕییەکان و هیوا و گومانەکانمان جەخت دەکەینەوە و تەرکیز دەخەینە سەر ئیرادەیەکی دیاریکراو بۆ نوێبوونەوە و چالاکیی زیاتر و کاریگەرتر.

لەم قۆناغە هەستیارەدا و دوای یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە کۆکردنەوەی وزە و تواناکانی لاوان پاش وەسەریەکخستنەوەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک گرنگترین دامەزراوەکانی درێژەدان بە خەباتی نەتەوەیی و دێموکراتیکی نەتەوەی کورد، ئەرکە گەورەکەی هەموومانی قورستر کردووە: ئەویش ئەوەیە کە یەکیەتیی لاوان دەبێ بەهێزتر و چڕتر لە پێشوو، سەرقاڵی پەروەردەکردنی نەوەی نوێ و گواستنەوەی ئەزموون و هۆشیاری بێت و دەبێ سەکۆ و بەستێنی بەرفراوان بۆ بەشداریی چالاکانەی لاوان لە پرۆسەی خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەماندا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابین بکات؛ کە دەبێ لەم کۆنگرەیەدا، زۆر زیاتر لە جاران کات و وزەی بۆ تەرخان بکەین.

بەدڵنیاییەوە لەم ڕێگەیەدا، حیزبەکەمان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک هەمیشە پاڵپشتمان دەبێت و ڕێنوێنیمان دەکات و لە ئەزموون و زانستی خۆی بەشدارمان دەکات.

هەلومەرجی نێودەوڵەتی و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییان لەسەر ئێران

بارودۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەخێرایی لە گۆڕاندایە و کاریگەریی بەرفراوانی لەسەر ئێران هەیە. دەتوانین لە سێ ئاستدا شیکاری بۆ ئەم بابەتە بکەین: دۆخی نێودەوڵەتی، بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەریی ئەم دووانە لەسەر ئێران.

لەم سەدەیەشدا، ململانێی دەوڵەتان لەگەڵ یەکتر، کۆمەڵگەی جیهانیی خستووەتە بەردەم جەنگ و ناسەقامگیری. لە ئێستادا جەنگی نێوان ڕووسیە و ئۆکراین، ئیسرائیل و گرووپە نیابەتییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئارادایە. ساڵی ڕابردوو ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە ڕووخا. ماوەیەک لەمەوبەر پاکستان و هیندوستان بۆ چەند ڕۆژ لە جەنگدا بوون و هێشتا پێکەوە ڕێک نەکەوتوون. لەلایەکی دیکەوە هەڕەشەی چین بەردەوام لەسەر تایوانە  و سەربازەکانی کۆریای باکوور لە بەرەی ڕووسیە دژ بە ئۆکراین دەجەنگن.

لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بەشێک لە وڵاتانی جیهان هەوڵی ئەوە دەدەن کە لە نەزمی یەکجەمسەری کە سەنتەرەکەی ئەمریکایە بچنە دەرەوە. چین و ڕووسیە و وڵاتانی تازەپێگەیشتووی وەک هیندستان و بڕێزیل هەوڵ دەدەن کە پێناسەی نوێ بە نەزمی جیهانی بدەن و جێگای خۆیان دیار بێت. جەنگی ڕووسیە و ئۆکراین بووەتە هۆی جەمسەرگیریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و زیادبوونی ناسەقامگیریی ئابووری و پێکهێنانی هاوپەیمانیی نوێ، وەک نزیکبوونەوەی ڕووسیە و چین و ئێران. ململانێی ئەمریکا و چین لەسەر تایوان و نفووز لە ئوقیانووسی ئارام، سەرنجی ئەمریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاداوە. گۆڕانی کەشوهەوا و پێویستیی تێپەڕین لە سووتەمەنیی فۆسیلی، گوشاری خستووەتە سەر وڵاتانی هەناردەکاری وزە، یەک لەوانە ئێران.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەی لە هەمووی گرنگترە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیلە. لە ماوەی ٤٦ ساڵ حوکمرانیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەرچوون لە نەزمی جیهانی و هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەکانی میوان لە وڵاتەکەی، سەرەتای هێنانە گۆڕی نەزمی نوێی ئیسلامی لە ناوچەکە بوو کە ڕێژیمی ئێران بە دروستکردنی هیلالی شێعە لە ڕێگای هێزە پڕۆکسییەکانی وەک پشتێندەی ئەمنی و هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ وڵاتان، ئیزنی دەستوەردان لە کاروباری سیاسیی ناوچە و شەڕانگێزیی بە خۆی دا. لەو نێوەدا چوونە ناو بەرەی جەنگی ئۆکراین و  بەردەوامیی هەوڵدان بۆ پیتاندنی ئورانیۆم و پێداگریکردن لەسەر گوتاری شەڕانگێزانە لە دژی ئەمریکا وەک زلهێزێکی جیهانی و ئیسرائیل وەک زلهێزێکی ناوچەیی، ئاکامەکەی هێرشێکی لەناکاو و لە هەمان کاتدا پێشبینیکراوی ئیسرائیل بوو بۆ سەر ئێران کە لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گەورەترین زەبری بەرکەوت. نزیکەی ٤٠ فەرماندەی پلەباڵای سپای پاسداران و ئەرتەش و نزیکەی ٢٠ زانای ئەتۆمیی ڕێژیم کوژران، بە سەدان پاسدار و چەکداری ڕێژیم کوژران و بریندار بوون، سەدان خاڵی سەربازی و ئەمنیی ڕێژیم کرانە ئامانج و بە سەدان سەکۆی هاویشتنی مووشەک و دڕۆن و… لەناو بران. ئەمریکا بە فڕۆکەی B2 هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و هەمووی خاپوور کردن. بەگشتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تووشی گەورەترین شکستی مێژوویی خۆی بوو، داڕمان و لەناوچوونی پڕۆکسییەکانی لە ناوچە، داڕمانی ئیدۆلۆژیک، داڕمانی هەڕ و گیڤی پووشاڵی و لێکهەڵتەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی، دەستپێکی قۆناغی نوێی پەرەگرتنی هێزی جەماوەر دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی، لەوانە ئیمارات، بەحرەین، عەرەبستان بە شێوەیەکی نافەرمی، بەرەو هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل هەنگاویان ناوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دابڕانی زیاتری ئێران. هەروەها پەرەسەندنی قەیرانەکان لە سووریە، عێراق و لوبنان، ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووریی لەم وڵاتانە بەرهەم هێناوە و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی نەزمی جیهانی لە ناوچەکە کات و تێچووی زۆری پێویستە.

ئێستا ئەم دۆخە نوێیە لە هەموو بوارێکدا ئێرانی تووشی ئاڵەنگاریی جیددی کردووە. ئێران سەرەتا بە داڕشتنی پیلانی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ لە غەززە، دەرگای جەهەندەمی بەڕووی خەڵکی فەلەستین و خۆیدا کردەوە، هەنووکە پاش جەنگی ١٢ ڕۆژە، خامنەیی  لەوپەڕی زەبوونیدا بە نەهێنی جاروبار دەردەکەوێت و هەڕ و گیڤی نەماوە، ئەمەش بەرهەمی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی هەڵە بوو لە توانای سەربازیی خۆی و بەرامبەرەکەی.

سیاسەتی گوشاری لانیزۆریی ئەمریکا و ڕۆژاوا بەردەوامە. گەمارۆکان و گۆشەگیریی ناوچەیی، گوشارێکی قورسی خستووەتە سەر ئابووریی ئێران. هەڵاوسان و بێکاری و هەڵاتنی سەرمایە زیادی کردووە. کەمبوونەوەی فرۆشی نەوت و گاز بە ئەورووپا (بەهۆی سزاکان و کێبڕکێی ڕووسیە) سەرچاوەی دراوی ئێرانی سنووردار کردووە. زیادبوونی گوشارە ناوچەییەکان، بەستێنی بۆ ناڕەزایی ناوخۆیی ڕەخساندووە. هەروەها بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، بەتایبەتی لە کوردستان، بەلووچستان و خووزستان، ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی- سیاسی و نەتەوەییان وەرگرتووە.

ئێران لە گۆڕەپانی گوشارە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکاندایە. شەڕی نیابەتی بۆ ململانێی ڕاستەوخۆ گۆڕاوە و نەزمی جیهانیش لە گۆڕاندایە. لەم دۆخەدا حکوومەتی ئێران یان دەبێ بە سیاسەتی دەرەکی و ناوخۆیی خۆیدا بچێتەوە، یان مەترسیی ناسەقامگیری و گۆشەگیریی زیاتر قبووڵ بکات. لە هەمان کاتدا هێزە کۆمەڵایەتی و شوناسخوازەکان لە ناوخۆدا (بەتایبەت گەلانی غەیرەفارس) دەتوانن ئەو بۆشاییانە بۆ پێشخستنی ئامانجە دێموکراتیکەکانیان بقۆزنەوە، بەتایبەتی پرسی مافی دیاریکردنی چارەنووس زیاتر لە هەمیشە بەڕۆژەڤ بکەن.

ئەوەی دەبێ بۆ ئێمە گرنگ و جێی سەرنج و تێڕامان بێت، پرۆژە و باسەکان سەبارەت بۆ گۆڕینی جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. هەر مەبەستێک کە لە پشت ئەم پرۆژەیەوە بێت، بە چارەنووسی ئێران و کوردستانەوە گرێدراوە، واتە چارەنووسی ئێمەش. لێرەدایە کە ڕۆڵی ئێمە وەک حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرچاو دەکەوێت، چونکە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئێمەش وەک یەکیەتیی لاوان، لەسەر ئەو باوەڕەین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا بە هێرشی دەرەکی ناڕووخێت و هیمەت و ئیرادەی گەلانی ستەملێکراوی نێو چوارچێوەی ئێران و کۆدەنگیی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەیە. لەم نێوەندەشدا، لاوان هێزی سەرەکی و ڕادیکاڵی هەر شۆڕش و هەستانەوە و ڕاسانێکن. ڕاپەڕینی لاوانی نیپاڵ دژی گەندەڵی و سەرەڕۆیی دەسەڵات نمەونەیەکی زیندوویە لە کاریگەریی هێزی لاوان لە گۆڕانکارییەکاندا، لاوانی نیپاڵ خاوەن ویست و داخوازیی سەردەمی خۆیان بوون و گەندەڵی و سەرەڕۆیی دەسەڵاتیان ڕەت کردەوە و شۆڕشێکیان لە ڕێگای یەکدەنگی و یەکگرتوویی ناو سۆشیال میدیا پێک هێنا.

پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پرسی کورد کە پرسێکی شوناسخوازانەیە و یەکێکە لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین پرسە ژیئۆپۆلەتیکی و مرۆییەکان، کاریگەریی چەندین پێشهاتی گەورەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی لەسەرە.

لە کاتێکدا زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان خەریکی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانن، پرسی کورد زیاتر لە جاران کەوتووەتە بەرچاو. لاوازیی حکوومەتە ناوەندییەکان و شەڕی ناوخۆ و قەیرانە ئابوورییەکان، هەلومەرجی پێشکەوتنی بۆ کورد ڕەخساندووە. بەڵام بەربەستێکی سەرەکی هەیە، نەبوونی یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد! نەبوونی هەماهەنگیی نێوان حیزب و بزووتنەوە کوردییەکان لە چوارپارچەی کوردستان، جیاوازی لە شێوازی خەبات (چەکدارانە، دیپلۆماسی و خۆبەڕێوەبەری) و پشتبەستن بە دەسەڵاتە دەرەکییەکان، بەربەستی جیددین لە بەردەم وەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین.

لێرەدا وەک بیاڤی چالاکیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەرکیزمان دەخەینە سەر پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. سەرکوتی سەربازی، لەسێدارەدان، گرتن و داخستنی ئینتەرنێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. قەیرانی ئابووری، هەڵاواردنی سیستەماتیک و نەبوونی مافی دیاریکردنی چارەنووس، ناڕەزایی قووڵی لای خەڵک و بەتایبەتی لاوانی کورد دروست کردووە.

پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە یەکێک لە قۆناغە هەستیار و ئاڵۆزەکان و لە هەمان کاتدا چارەنووسسازترین قۆناغەکانی مێژووی خۆیدایە. سێ هۆکاری گرنگ کە لەم ساڵانەی دواییدا سروشت و ڕوانگەی ئەم بابەتەیان گۆڕیوە بریتین لە: “١- یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان ٢- بزووتنەوە جەماوەرییەکانی وەک “ژن، ژیان، ئازادی”، بایکۆتی شانۆگەریی هەڵبژاردن و نەورۆزی خاکیپۆشان ٣- پێشهاتە ژیئۆستراتیژییەکان لەوانە جەنگی ئێران و ئیسرائیل.”

یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، بنیاتنانەوەی هێزێکی مێژووییە. یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان، پاش چەندین ساڵ لە دابڕان، گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە. ئەم یەکگرتنەوەیە بەستێنی بۆ گەڕانەوەی ناوەندێتیی سیاسی، تەشکیلاتی و ڕەوایی مێژوویی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆش کردووە. ئەم یەکگرتووییە لە بەستێنی ئاسایشی نەتەوەییدا گەرەنتیی ژیان و خەباتی لاوانی دوای ئەم قۆناغەش دەکات، بۆیە دەبێ بپارێزرێت و فراوان بکرێت و پۆتانسییەلی ئەوەی هەیە کە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی نەتەوەیی و یەکگرتوو بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێشخەری بکات و گوتاری نەتەوەیی بکاتە گوتاری زاڵ لە کوردستاندا. لەم نێوانەشدا، ئەرکی یەکیەتیی لاوان بۆ پێشخستنی زیاتری ئەم مەبەستە گەورەیە، زیاتر خۆی دەردەخات و دەبێ بەخێرایی خۆمانی بۆ ئامادە بکەین.

مانگێک دوای یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، ئێران و کوردستان ڕاپەڕینێکی بێ وێنەی بۆ خۆیەوە بینی: بزووتنەوەی “ژینا”. ئەم بزووتنەوەیە نەتەنیا ڕاپەڕینێکی جەماوەری دژ بە ستەم و هەڵاواردنی جێندەری بوو، بەڵکوو بوو بە ڕاپەڕینێکی نەتەوەیی- سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت دروشمەکان لە کوردستان، ڕادیکاڵتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بوو. دروشمگەلێکی وەک “ژن، ژیان، ئازادی” و “کورد تا دەوڵەتی نەبێ، بەشی هەر ئەمە دەبێ” و… جەختکردنەوە لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی و ئاماژەن بۆ قووڵبوونەوەی هەستی نەتەوەیی و مافە سیاسییەکان لەنێو نەوەی نوێی کورددا. لاوی کورد لەم بزووتنەوەیەدا نەک هەر داوای ئازادییە مەدەنییەکانی دەکرد، بەڵکوو هەوڵی دەدا پێگەی خۆی وەک نەتەوەیەکی چەوساوە لە قەوارەی سیاسیی ئێراندا پێناسە بکاتەوە. لاوان زیاتر لە هەر توێژێکی دیکەی کۆمەڵگە لە مەیداندا بوون و ئەوەش بوو کە زۆرترین قوربانییەکانیش هەر لاوان بوون.

کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بە پەرەپێدان بە بزووتنەوەی بایکۆتی شانۆگەریی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری، “نا”یەکی جیددییان بە کۆماری ئیسلامی گوت و بناغەکانی ڕێژیمیان وەلەرزە خست، هەروەها نەورۆزی خاکیپۆشان لە درێژەی بزووتنەوەی نەورۆزی ئەمساڵدا حەماسەیەکی یەکگرتوو و شوناسخوازانە بوو کە خەڵک و بەتایبەتی لاوانی خاکیپۆش سەلماندیان کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە ئامادەی گۆڕانکارییەکانن و لاوان هەمیشە لە مەیداندا ئامادەن و لەوبارەوە دەبێ ڕێکخراوەکەمان بەرنامەی تۆکمەی بۆ داهاتووی نزیکمان و بۆ ڕێکخستنی لاوان لە ئاستێکی زۆر گەورە و بەربڵاودا هەبێت.

لە پاڵ ئەمانە، ئاگربەستی پاش جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل وێدەچێت کاتی بێت و بەرەو قۆناغێکی مێژوویی و چارەنووسساز دەڕۆین. ململانێی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل، ڕێژیم ئێرانی خستووەتە نێو قەیرانێکی چەندڕەهەندیی گوتاری، ئەمنی، ئابووری و سیاسییەوە. ئه‌م دۆخه ده‌توانێت دەرفەتێکی مێژوویی بۆ بزووتنەوه نەتەوەییەکانی وەک کورد بڕەخسێنێت تا پێگەی سیاسی، نێودەوڵەتی و جەماوەریی خۆی بنیات بنێتەوه. لە هەمان کاتدا ڕێژیمی ئێران بەتایبەتی لە کاتی جەنگدا، گوشارەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاد کرد و بە بیانووی ئەمنی دوای جەنگیش هەوڵی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی کوردی دا. لەو نێوەدا بەتایبەتی حیزبی دیموکرات، بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیە کرد و نەیهێشت کورد ببێتە بەشێک لە کەرەستەی یاریی زلهێزەکان و بەدڵنیاییەوە لە داهاتووشدا بەرگری لە کوردستانیبوون و سنووربەندیی گوتاری دەکات و پاراستنی پێگەی سەربەخۆی نەتەوەیی لە پێشینەی کارەکانی دەبن کە ئەمەش دەسمایەیەکی گرنگی سیاسییە بۆ لاوان.

دۆخی گشتیی لاوان لە ئێران

دۆخی لاوان لە ئێران، بەتایبەت لە دەیەی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ و ئاڵەنگاریی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی قووڵ و نوێ بووەتەوە.

لە بواری کۆمەڵایەتییەوە؛ لاوان لە ئێران لە کۆمەڵگەیەکدا گەورە دەبن کە سنووردارکردنی فەرهەنگیی توندی تێدایە. کۆنتڕۆڵ لەسەر شێوەی جلوبەرگ، شێوازی ژیان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت چالاکییە هونەری و وەرزشییەکانیش، کەشی هەناسەدانی لاوانی سنووردار کردووە. هەروەها زۆرێک لە لاوان لەنێوان بەها نەریتییەکان و جیهانگیریدا سەریان لێ شێواوە. ئەم ململانێیە، بووەتە هۆی قەیرانی ناسنامە و جۆرێک لە کۆچی زەینی لە ئێرانەوە بۆ جیهانی دەرەوە.

لە بواری سیاسی و ئەمنییەوە؛ بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی وەک بزووتنەوەی سەوز لە ساڵی ١٣٨٨، خەزەڵوەری ٩٨ و بزووتنەوەی سەرانسەریی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ساڵی ١٤٠١دا، نیشانیان دا کە لاوان پێشەنگی ناڕەزایەتییەکانن. لە بەرامبەردا ڕێژیمی ئێران بە توندوتیژی، ڕەشبگیری، ئەشکەنجەدان و تەنانەت لەسێدارەدان وڵامی دانەوە. تەنانەت چالاکییە سەندیکاییەکان یان چالاکییە کولتوورییەکان لە زانکۆکاندا بەتوندی کۆنترۆڵ دەکرێن. خوێندکارانی ناڕازی دەردەکرێن، زیندانی دەکرێن، یان لە خوێندن دوور دەخرێنەوە. بەپێی ئامارەکانی مافی مرۆڤ، لە چاردە ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی زیندانییانی سیاسی پەرەی سەندووە و لەو نێوەدا کورد بەشێکی بەرچاوی بەرکەوتووی ئەم سەرکوتەیە، بە چەشنێک کە لەو ماوەیەدا ٥٢ لەسەدی زیندانییە سیاسییە لەسێدارەدراوەکانیش هەر کورد بوون.

لە بواری تووشبوون بە مادەی هۆشبەرەوە؛ گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر یەکێک لە ئاڵەنگارییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانە کە شوێندانەریی گەورەی لەسەر تەندروستیی تاک، بنەماڵە و کۆمەڵگە هەیە. ئامارە فەرمی و نافەرمییەکان ئاماژە بە پەرەسەندنی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەری سەنعەتی لەنێو تازەلاواندا دەکەن (لەوانە: شیشە، کراک و حەبی ڕەوانگەردان). دەستپێڕاگەیشتنی ئاسان و هەرزان، نەبوونی ئومێد بۆ داهاتوو و هەژاریی فەرهەنگی لە هۆکارەکانی ئەم قەیرانەن. هەروەها ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و تەنانەت دەرمانی دژەخەمۆکی یان دەرمانی زیادکردنی وزە لەنێو خوێندکارانی دەبیرستان و زانکۆدا، زیادی کردووە.

لە بواری بێکاری و قەیرانی ئابوورییەوە؛ بێکاریی لاوان (بەتایبەت لەنێوان کچان و دەرچووانی زانکۆ)، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزە. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی بێکاریی لاوان لە بەشێک لە پارێزگاکان لە سەرووی ٣٠ لەسەددایە. (هەرچەند ناتوانین باوەڕ بە ئامارە حکوومەتییەکان بکەین!) هەروەها زۆرێک لە لاوان سەرقاڵی کاری نیوەکاتی، نافەرمی یان کەم مووچەن. ئەمەش دەبێتە هۆی هەژاریی کاری و نائەمنیی ئابووری.

لە بواری پەروەردە و خوێندنەوە؛ خوێندنی گشتی و ئاکادێمیک لە ئێران و بەتایبەت لە ناوچە پەرواێزخراوەکان، کوالێتیی پێویستی نییە. سیستەمی کونکوور و شێوازە پەروەردەییە بەسەرچووەکان و بێبایەخکردنی کارامەییەکانی ژیان، بووەتە هۆی ناشارەزاییی دەرچووان. هەروەها بەهۆی نەبوونی هەلی کار و گوشاری سیاسی و نەبوونی ئازادی، بەشێکی زۆری لاوانی خوێندەوار بیر لە کۆچکردن دەکەنەوە. واتە “هەڵاتنی مێشکەکان” لە ئێران بووەتە دیاردەیەکی هەمیشەیی.

دۆخی لاوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دۆخی لاوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەتەنیا ڕەنگدانەوەی کێشە گشتییەکانی لاوان لە ئێرانە، بەڵکوو زۆر ئاڵۆزتر و قووڵترە. چونکە لاوی کورد لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی، بەرەوڕووی هەڵاواردنی توندی نەتەوەیی، ئەمنی و پێکهاتەیی دەبنەوە.

بێکاری و دۆخی ئابووریی لاوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ڕێژەی بێکاریی لاوان لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ، ئیلام و کرماشان لە بەرزترین ئاستی ئێراندایە. بەپێی ئاماری فەرمیی ناوەندی ئاماری ئێران لە ساڵی ١٤٠٠دا، بێکاریی لاوانی تەمەن ١٨ بۆ ٣٥ ساڵ لە پارێزگای سنە ٢٦ لەسەد و لە پارێزگای کرماشان ٢٨ لەسەد بووە و لە هەندێک شاردا، ڕێژەی بێکاریی ڕاستەقینەی لاوان لە ٤٠ لەسەدیش تێپەڕیوە. هەرچەند بەدڵنیاییەوە ڕێژەی ئەم ئامارانە زۆر بەرزتر لەوەیە کە ڕادەگەیەندرێت. نەبوونی بەئەنقەستی پیشەسازی، وەبەرهێنان و گەشەپێدان، بە شێوەیەکی کاریگەر کوردستانی کردووە بە ناوچەی بێبەش و پەرواێزخراو.

دیاردەی کۆڵبەری و چەوساندنەوەی ئابووریی لاوان؛ کۆڵبەری بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو لەنێو لاواندا؛ ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٣٠ ساڵدایە، زۆرینەی حەشیمەتی کۆڵبەران پێک دەهێنن. بەپێی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٣٣٩ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران گیانیان لێ ئەستێندراوە یان بریندار بوون کە زۆربەیان لاون و لەو ڕێژەیە نزیک بە چل کەسیان ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ بوون. کۆڵبەری لە کوردستان دیاردەیەکی کۆلۆنیالیستی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییە کە لە دوو سێ دەیەی ڕابردوودا بووەتە کێشەیەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم دیاردەیە نەک هەر لێکەوتەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەربڵاوی هەیە، بەڵکوو کاریگەریی قووڵ و درێژخایەن لەسەر دەروونی کۆڵبەرەکان بەجێ دەهێڵێت.

ڕۆڵی لاوانی کورد لە بزووتنەوە جەماوەرییەکاندا؛ لاوانی کورد پێشەنگی ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” بوون. ڕاپەڕین لە سەقز (شوێنی لەدایکبوونی ژینا ئەمینی) دەستی پێ کرد و بەخێرایی شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێرانی گرتەوە. زۆرینەی شارەکانی کوردستان، لە ناوەندە سەرەکییەکانی خۆپیشاندانەکان بوون. خوێندکاران و لاوان و چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی کورد، ڕۆڵی سەرەکییان لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان بینی. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ناڕەزایەتییەکانی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، زیاتر لە ٧٠٠ لاوی کورد شەهید و بریندار بوون. هەزاران کەس دەسبەسەر کران و زۆربەیان تووشی ئەشکەنجە و سزای قورس بوون. زۆرێک لە بنەماڵەی ئەو کەسانەی شەهید کران، تووشی گوشاری توندی ئەمنی بوون، هەڕەشەیان لێ کرا یان ناچار بوون بێدەنگ بن، بەڵام بەو حاڵەشەوە بنەماڵەی شەهیدان ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەیەکی جەماوەرییان وەئەستۆ گرت و کوانووی شۆڕشیان بە گوتارە نەتەوەیی و ڕزگاریخوازەکەیان دەگەشاندەوە.

دۆخی لاوانی کورد لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەگشتی تێکەڵەیەکە لە هەژاریی سیستەماتیک، هەڵاواردنی نەتەوەیی، سەرکوتی سیاسی و بێهیوایی لەهەمبەر داهاتوودا. لاوانی کورد لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی چەندین قەیران بوونەتەوە: “هەژاریی پێکهاتەیی و بێکاری، نەبوونی هەلی کار و خوێندنی یەکسان، جیاکاریی نەتەوەیی لە دامەزراندن و پەروەردە و میدیادا، مردن و برینداربوون لە کاتی کۆڵبەریدا و سەرکوتکردنی توند لە ئەگەری چالاکیی سیاسی یان تەنانەت کولتووری.”

لە درێژەی خەباتی جەماوەری و کاریگەریی لاوان لە بزووتنەوەکاندا، بەشداریکردن لە بزووتنەوەی بایکۆتی شانۆگەریی هەڵبژاردن و بزووتنەوەی نەورۆز و نەورزی خاکیپۆشان بەتایبەتی، وڵامگەلی شیاوی لاوانی کورد بوون بە دۆخی داسەپاو بەسەر کوردستانەوە.

تێکۆشانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا

تەنیا مانگێک دوای یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، بە قەتڵی حکوومەتیی “ژینا ئەمینی” لە تاران، بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێ کرد. بزووتنەوەیەکی بێ وێنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەشداریی بێ وێنەی لاوانی کورد لە مەیدانی بزووتنەوەکەدا. هاوکات لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە و سەرکوتی دڕندانەی خەڵکی ڕاپەڕیو لە ناوخۆ لەلایەن چەکدارانی دەسەڵاتەوە، ڕێژیم دەستی کرد بە هێرشی دڕۆنی و هاژەکی بۆ سەر بنکە و بارەگا و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات لە باشوور. ئاکامی ئەو هێرشە بەرفراوانە بۆ سەر حیزبی دێموکرات، وێرانبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، مەقەڕ، قوتابخانە و نەخۆشخانەی لێکەوتەوە و دەیان تێکۆشەری ڕیزەکانی حیزبەکەشمان شەهید و بریندار بوون. بێگومان ئەمە کاریگەریی زۆری لەسەر ژیان و خەباتی ئەندامانی یەکیەتیی لاوان و ڕەوتی تێکۆشانی ڕێکخراودا هەبوو.

یەکیەتیی لاوان لە بواری ڕێکخستن:

وێڕای هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبەکەمان تەنانەت دوای کپبوونی بزووتنەوەی ژینا و هەروەها ڕێکەوتنی ئەمنی لەنێوان تاران و بەغدا لەمەڕ سنووردارکردنی تیکۆشانی حیزبەکەمان، بەڵام کاروانی خەباتی ئێمە هەر بەردەوام بووە.

هەموو ئەم هەلومەرجانە کاریگەرییان لەسەر چالاکیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو. دۆخەکە بۆ چالاکییەکانمان دۆخێکی نائاسایی بوو و بەهۆی دۆخی ئەمنی زۆرێک لە چالاکییەکانی ئێمەش وەک ئۆرگانەکانی دیکەی حیزب، سنووردار بوو. بەڵام بەو حاڵەشەوە بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان لە ڕێکخستنی لاوان لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و دەرەوەی وڵات بەردەوام بووە و یەکێک لە بەهێزترین چالاکییەکانمان، ڕێکخستنی لاوان لە کاتی بزووتنەوەی ژینا و لە کاتی نەورۆزی خاکیپۆشاندا بوو. هەروەها لە ڕیزەکانی شۆڕشیشدا، بەپێی دۆخ لە بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوە و سێمیناری جۆراوجۆری پەیوەندیدار بە حیزب و ڕێکخراوەکەمان بەردەوام بووین و لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکەی لاوان چالاک بووین. هەروەها بەردەوام لە ڕێگای ماڵپەڕ و سۆشیال میدیای لاوان و حیزبەوە، پەیام و ڕاپۆرتی تێکۆشانمان بڵاو دەکردەوە و لەگەڵ لاوان لە پەیوەندیدا بووین.

یەکیەتیی لاوان لە بواری پەروەردە:

لە سێ ساڵی ڕابردوودا یەکیەتیی لاوان کە دەبوا ببێتە سەکۆیەکی بەهێزی پەروەردەیی بۆ لاوان، بەڵام نەبوونی جێگا و ڕێگای پێویست و زاڵبوونی کەشی ئەمنی، بەشێکی زۆری چالاکییە پەروەردەییەکانی ڕیکخراوی پەک خستبوو، بە هەموو ئەوانەشەوە یەکیەتیی لاوان بە پێکهێنانی کۆرسی حەتووانە و بە شێوەی ئانلاین، بەتایبەت بۆ لاوانی درەوەی وڵات، توانی ٧ مانگی چڕ لە بواری سیاسی و مێژوویی و تەشكیلاتی خولی فێرکاری بەڕێوە ببات، لە کوردستانیش بە بەڕێوەبردن و بەشداری لە سیمینار و ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە لاوان و ناردنی پەیام و چالاکیی وەرزشی، هەوڵ دراوە بۆشایی پەروەردەیی تا ئاستێک پڕ بکرێتەوە.

یەکیەتیی لاوان لە بواری نێونەتەوەیی:

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی نێونەتەوەییدا وەک تەنیا ڕێکخراوی لاوانی ڕۆژهەڵات کە لە یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست ئەندامە، لە ئاستی سکرتێر و نوێنەر لە ڕەوتی کۆنگرە و هەروەها کۆنفڕانسە جیهانی و ناوچەییەکانی ئەم ڕێکخراوەدا بەردەوام بەشداریی کردووە و هەوڵی داوە کە پرس و ئاریشەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات لە کۆڕەکانی ئەم ڕێکخراوەدا بکاتە ڕۆژەڤ و لاوانی پێشکەوتنخوازی وڵاتانی دیکە لەگەڵ پرسی کورد ئاشنا بکات و دۆستی زیاتر کۆ بکاتەوە.

لەو نێوەدا بڕیارنامەکانی یەکیەتیی لاوان لە بابەت: زیندانییانی سیاسی بەتایبەتی کەماڵ شەریفی، مافی مرۆڤ، هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و پرۆکسییەکانی، بەرنامەی ئەتۆمیی مەترسیداری ڕێژیم، کۆڵبەران و دۆخی بێکاری لە کوردستان، هەڵاواردنی ڕەگەزی، بزووتنەوەی ژینا و بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم، وەگەڕخستنەوەی پەروەندەی تیرۆری دوکتور قاسملوو، بەشێکی ئەو بڕیارنامانە بوون کە بە تێکۆشانی دیپلۆماتیک لە ئالبانی و پاناما و کۆسۆڤۆ، بە پشتیوانیی دۆستان و هاوپەیمانەکانی یەکیەتیی لاوان لە باقیی ناوچەکانی جیهان بە پەسەند گەیشتن.

یەکیەتیی لاوان هەنووکە لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا، لەنێو ڕێکخراوە پێشکەوتنخواز و سوسیال دێموکراتەکانی لاوان، دۆست و هاوپەیمانی هەن کە بریتین لە: سوید، نۆروێژ، ئاڵمان، ئیسپانیا، پۆرتوگال، یۆنان، وێنێزۆئێلا، ئەرمەنستان، فەلەستین، نیپاڵ، ئوتریش، مەغریب، لوبنان، پاراگۆیە، قێبرێس و بیلاڕووس و… کە لە دیدارێکی پەروەردەیی و لە چوارچێوەی شاندی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست IUSY لە مانگی بانەمەڕی ١٤٠٤دا، بۆ یەکەمین جار سەردانی بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیان کرد و بە چەندین کاتژمێر بیر و ڕایان لەسەر دۆزی کورد و لاوان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرد. لە هەمانکاتدا یەکیەتیی لاوان بە جیا لە کۆڕ و کۆنگرەکانی ئەم ڕێکخراوانە بانگهێشت کراوە و بەپێی دەرفەت، سێکتەری دیپلۆماسیی یەکیەتیی لاوان لەو کۆڕانەدا غائیب نەبووە.

بەشداریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆنگرەکانی لاوانی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان و سوسیال دێموکراتی سوید و گۆڕینەوەی پەیام لە ئاستی سکرتێردا لەگەڵ لاوانی چەپی نۆروێژ و وێنێزۆئێلا و وڵاتانی دیکە، نمونەی ئەو چالاکییانەن.

شایانی باسە کە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لاوانی سوسیال دێموکراتی ئاڵمان لە ڕەوتی سەردانی بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوە بۆ لای ڕێکخراوەکەمان، ئاڕمی ڕێکخراوەکانیان ئاڵوگۆڕ کردووە و بوونە ڕێکخراوی دەستەخووشکی یەکتر.

یەکیەتیی لاوان لە بواری ڕاگەیاندن:

ڕاگەیاندنی یەکیەتیی لاوان لە سەرەتاوە تا ئێستا لە ڕێگای ماڵپەڕی فەرمیی لاوان کە بریتییە لەwww.lawan.com  تێکۆشانی خۆی بڵاو کردووەتەوە و ئەم ماڵپەڕە ماوەی ١٨ ساڵە لە وەشان نەوەستاوە، لەم سەردەمەشدا بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی سەردەم وەکوو پەیجەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان (ئێکس، ئینستاگرام، فەیسبووک، تێلێگرام، یوتیوب و ترێدس) یەکیەتیی لاوان بە ئایدیی @lawan_rojhelat سیاسەت و پەیامەکان و چالاکییەکانی خۆی بڵاو کردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕاگەیاندنی یەکیەتیی لاوان لە ماوەی ڕابردوودا توانیویەتی بە چاپی پەرتووکی تایبەت بە شاعیری دەروەست سوارە ئیلخانیزادە و شیکاریی شێعرەکانی، چاپی نامیلکەی تایبەت بە واقعییەتی گەلانی ئیران و ئەفسانەی میم ماکان لە نووسینی دوکتور قاسملوو بە فارسی و هەروەها وەرگێڕانی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە و هەروەها چیرۆکی “شەرتی پیاوان” کە تایبەتە بە چیرۆکی فیداکاریی پۆلێک لاوی شۆڕشگێڕ لە نووسینی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە چاپ و بڵاو بکاتەوە، کە هەرکام لەم بەرهەمانە بۆ لاوانی ئەم سەردەمە هەڵگری وانەی پەروەردەیی نەتەوەیی، سیاسی و شۆڕشگێڕیی تایبەتن.

یەکیەتیی لاوان و ڕێکخراوەکانی دیکەی لاوانی کورد:

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا لە ئاستی کوردستان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دیکەی کوردستان پەیوەندیی چالاکانەی هەبووە.

لە باکووری کوردستان یەکیەتیی لاوان بەشداریی لە کۆنگرەی لاوانی هەدەپەدا کردووە و هاوپەیوەندیی لەگەڵ لاوانی دەم پارتی و لاوانی پارتی سوسیالیستی باکوور هەیە.

لە ڕۆژاوای کوردستان یەکیەتیی لاوان لەگەڵ مەجلیسی جەوانانی ڕۆژاوا (لاوانی سەر بە پەیەدە) و تەڤگەری لاوانی کورد پەیوەندیی هەیە.

لە باشووری کوردستان ڕێکخراوی ئێمە لەگەڵ ڕێکخراوی ئازادیی لاوان سەر بە یەکیەتیی نیشتمانی و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان سەر بە پارتی دێموکرات، هاوپەیوەندییەکی چڕوپڕی هەبووە و پاش تێکەڵکردنەوەی هەردوو ڕێکخراوی لاوان و قوتابییانی پارتی لە دوایین کۆنگرەیاندا، ئەو پەیوەندییە هەر بەردەوام بووە. هەروەها یەکیەتیی لاوانی کوردستان ڕێکخراوی لاوانی حیزبی شیوعی کوردستان لە ئاست کار و تێکۆشاندا هاوڕێ و پشتیوانێکی هەمیشەییمان بوون و هەروەها لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکەی کۆمەڵی مەدەنی لە باشوور پەیوەندیی بەردەواممان هەبووە.

یەکیەتیی لاوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای هەبوونی هاوپەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی لاوانی خەبات و پارتی ئازادی و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و پژاک، هەوڵی داوە کە پاش یەکگرتنەوە و بەتایبەت لە سەرەتای ڕاپەڕینی ژینا، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی پرسی لاوان، لیژنەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات وەگەڕ بخاتەوە و لە بەستێنێکی فراوانتری قەوارەییدا وەک ئەنجوومەن تێکۆشانی بەیەکەوەیی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات پتەوتر بکات و بۆ ئەم مەبەستەش تێبینیی لەسەر هیچ ڕێکخراوێک نەبووە، مخابن بەهۆی سەلیقەی شەخسی و نەبوونی ڕوحیەی کاری هاوبەش و کاڵبوون و ناشارەزایی لە تێکۆشانی ڕێکخراوەیی لەناو بەشێک لە ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات، ئەو پرۆژەیە نەک هەر سەرنەکەوت، بەڵکوو هەندێک لە ڕێکخراوەکان دۆخەکەیان تا ئاستێک برد کە کاروباری لیژنەش پەکی کەوت. ئەم سستییە وای کرد کە کاروباری چوارەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوانی چوارپارچە کە لە ئەستۆی لاوانی ڕۆژهەڵات بوو بۆ چەندین ساڵ دوا بکەوێت و هەنووکەش ئەم ئەرکەی لاوانی ڕۆژهەڵات لەپای لێنەهاتوویی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات پەکی کەوتووە و بووەتە کەمایەسییەکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕوانگەی پارچەکانی دیکەوە.

یەکیەتیی لاوان، ئێستا و داهاتوو و دەرفەتەکانی بەردەممان

یەکیەتیی لاوان بەو هەموو خەرمانەی خەبات و تێکۆشانی خۆی و هەروەها بە ماندووبوونی بەڕێوەبەری و ئەندامانی لە ساڵانی ڕابردوودا، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە هەموو ئامانجەکانی بپێکێت و ئەمەش کەمایەسییە و پێویستە یەکیەتیی لاوان لەئاست ئەرک و ڕەساڵەتی مێژوویی خۆیدا بجووڵێتەوە و وڵامدەری هەموو ویست و داخوازییەکانی لاوانی کورد بێت، هەر بۆیە ئەرکی هەمووانە کە لە چالاکترکردن و بەروەپێشبردنی ئەو ڕیکخراوەدا شەو و ڕۆژ تێک بکەنەوە و ئەو ڕێکخراوە بەرەو لووتکەی بەرزتر ئاراستە بکەن.

بەپێی دۆخی هەستیاری ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران و کوردستان، ئەرکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپێشوو زیاترە. کۆمەڵێک دەرفەتی مێژووییمان لەپێشە و ڕێکخراوەکەمان دەبێ هاوڕاستای سیاسەتی حیزبەکەمان، بەجیددییەتەوە کاری بنەڕەتی لەسەر ئەو بنەمایانە بکات کە لەسەری دامەزراوە. یەکیەتیی لاوان، وەک یەکەمین ڕێکخراوی تایبەت بە لاوان، دەبێ پێشەنگایەتیی لاوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات و بە هێزێکی زۆر و بە ئیرادەیەکی قاییمتر، پەرە بە چالاکییەکانی بدات.

دەبێ ئەوەمان لەبەر چاو بێت کە لە ئێستادا بیری نەتەوەیی و نیشتمانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەراورد لەگەڵ پێشتر، لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە. دەبێ ئاستی خۆمان بەرزتر لەوەش بکەینەوە. هەرچەندە هەمیشە پرسی نەتەوەیی بۆ ئێمە پرسی یەکەم بووە، بەڵام دەبێ کوردستانیتر و نیشتمانیتر و ڕادیکاڵتر، ڕوانگە و هەڵوێستی خۆمان دەرببڕین و خۆمان لە هەر جۆرە دەستەواژە و پێناسەیەک داماڵین کە داگیرکەری ئێرانی دایهێناوە. دەبێ ئێمە بەهێزترین ڕێکخراو بین کە کار بۆ تێپەڕین لە هەستی نەتەوەیی بەرەو هزری کوردستانی دەکەین.

ئێمە لەم ڕێگەیەدا، دەبێ بەردەوام خۆمان بەڕۆژ بکەینەوە. لە سیاسەتکردن، لە چالاکی، لە هەڵوێست و ڕوانگەکانماندا، دەبێ بەڕۆژ بین. بە یارمەتیی تایبەتی ئەندامانمان لە دەرەوەی وڵات، دەبێ بەڕۆژبوونمان وەک ڕێکخراوەکانی لاوانی وڵاتانی ڕۆژاوایی، ڕێک بخەین. ئەم بابەتەش چەندین ڕەهەند لەخۆ دەگرێت کە بەکورتی ئاوڕیان لێ دەدەینەوە.

بەر لە هەموو شتێک، دەبێ سێکتەری پەروەردەی ڕێکخراوەکەمان بەهێز بکەین و لە میتۆدە نوێیەکانی پەروەردە، بۆ پەروەردە و بارهێنانی ئەندامان و کادرەکانمان کەڵک وەربگرین.

ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چالاکییە مەدەنییەکان زیاتر لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستانن. چالاکانی مەدەنی – کە بەشێکی بەرچاویان لاوانن – لە بوارە جیاجیاکانی فەرهەنگی، زمانەوانی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، زانستی و ژینگەیی و… چالاکن. لە هەنووکەدا ئەم بابەتانە، بەتایبەتی پرسی ژینگە، بابەتی ڕۆژەڤی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و دەبێ بۆ ئێمەش بە هەمان شێوە بێت. ئێمە نابێ خۆمان لە پرسە سیاسییەکاندا قەتیس بکەینەوە. دەبێ لەو بوارانەدا، چالاکیی تایبەتی خۆمان هەبێت. لە کۆڕ و کۆبوونەوەوە بگرە، تا پەڕژانە سەر ئەم بابەتانە لە پێگەکانی خۆمانەوە.

دەبێ لەم کات و زەمەنە هەستیارەدا، کاری تەشکیلاتیی خۆمان، بەتایبەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، چڕ بکەینەوە. لە ناوخۆ ئامادەی هەر گۆڕانکاری و بزووتنەوە و ڕاپەڕینێک بین، لە دەرەوەش وێڕای ئەکتیڤکردنی کۆمیتەکان و سازماندانی لاوان، سێکتەری دیپلۆماسیمان بەردەوام چالاک بێت و پرسی نەتەوەییمان ببەینە سەرجەم ناوەند و کۆڕێک کە دەستمان پێڕادەگات.

لاوان و دنیای دیجیتاڵ

سەردەمی نوێ، سەردەمی ئینتەرنێت، سۆشیال میدیا، زیرەکی دەستکرد و دراوی دیجیتاڵە. دەبێ بەردەوام لەم بوارانەدا، بە یارمەتیی کەسانی شارەزا، خۆمان بەڕۆژ بکەینەوە و کاریان لەسەر بکەین. دەبێ حوزووری چالاکانەمان لە سۆشیال میدیا هەبێت و هەوڵ بدەین هاوکاریی هزری و سیاسیی ئەو پەیج و کاناڵانە بین کە خزمەت بە توێژی “لاوان” دەکەن. دەبێ بەردەوام لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە لەگەڵ لاوانمان لە پەیوەندیدا بین و هێڵی فیکریی نەتەوەیی و کوردستانی بەهێزتر بکەین و نەهێڵین لاوانمان بەرەو ئەو فیکر و ئایدیۆلۆژییانەی کە بۆ کوردستانمان مەترسیدارن، ڕابکێشرێن. بۆ ئەم مەبەستەش، دەبێ لە لاوانی شارەزا لە بواری کاری میدیایی کەڵک وەربگرین.

ئەمڕۆژانە زیرەکی دەستکرد بە کۆمەڵێک کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنی هاتووەتە مەیدان و گرنگترین ڕەهەندی کاریگەریی زیرەکی دەستکرد لەسەر پەروەردەیە. بیگومان زیرەکی دەستکرد توانیویەتی لە فێرکردن و ڕاهێنانی لاوان بۆ زمان و هونەر و بەرنامەنووسی و… یارمەتیدەر بێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو خزمەتانەی، نابێ لەبیری بکەین کاریگەریی نەرێنیشی هەیە و یەک لەوان ئەوەیە کە پشتبەستنی زۆر بە زیرەکی دەستکرد لاوان لە خوێندنەوە و بیرکردنەوەی قووڵی داهێنەرانە دوور دەخاتەوە و ئاسانترین ڕێگا بۆ دۆزینەوەی پرسیارەکانیان هەڵدەبژێرن کە ئەمەش لاوان تووشی پاڕادیمی کۆپی پەیست و پلەیگێریسم دەکات. بۆ ئەمەش پێویستە مێکانیزمەکانی بەکارهێنانی پرۆگرامەکانی زیرەکی دەستکرد زیاتر بۆ دۆزینەوەی سەرچاوە و ڕێفرێنس بێت نەک بۆ وەرگرتنی وڵامی کۆتایی. لاوان دەبێ فێری ئەوە ببن کە زیرەکی دەستکرد ئامرازێکە بۆ باشترکردنی توانەکانیان، نەک جێگرەوەی بیرکردنەوەیان.

بەهۆی ئەوەی لاوان یەکەم توێژن کە لەگەڵ تەکنۆلۆژیای نوێ بەریەککەوتنیان هەیە، هەر بۆیە یەکەم کەسەکانن کە ئەو پێشکەوتنانە وەردەگرن و کاریگەرییان لەسەریان دەبێت. لە سەردەمی ئێستادا دراوە دیجیتاڵییەکان کاریگەریی زۆریان لەسەر بازاڕی ئابووریی جیهان هەیە، بێگومان لاوانیش لەم کاریگەرییانە بێبەری نین. سروشتییە لە بازاڕی بەدەستهینانی سووددا ڕیسک زۆرە. تێگەیشتن لە چۆنیەتیی کارکردنی سیستەمی دارایی و وەبەرهێنان لە دنیای پێشکەوتووی ئەمڕۆدا، گرێدراوی و خۆگونجانە لەگەڵ تێکنۆلۆژیای دیجیتاڵیی سەردەم. دیارە لەو بوارەدا مەترسی گەورە هەیە و و چوونە ناو بازاڕی ئەم دراوانە بەبێ زانیاری و بە ئومێد بە دەوڵەمەندبوونی خێرا، وایکردووە کە بەشیکی زۆر لە لاوان سەرمایە سەرەتاییەکانیان لەدەست بدەن. هەر بۆیە پێویستە لاوان بەدوای فێربوونی بنەماکانی وەبەرهێنانی تەندروست بکەون و فریوی بازرگانانی ئەم بوارانە نەخۆن کە بە بەڵێنیی قازانجی زۆر لە کەمترین کاتدا داویان بۆ لاوان داخستووە. لاوان دەبێ فێری ئەوە ببن کە دراوە دیجیتاڵییەکان ئامرازێکن کە دەکرێت سوودبەخش یان زیانبەخش بن، بۆیە گرنگە کە زانیاریی تەواو لەسەر بوارەکە پەیدا بکەن و وەدوای بەڵێنیی درۆ نەکەون.

لە کۆتاییدا

– سڵاو لە ڕێبەرانی شەهید و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان

– سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و بنەماڵەی خەباتکارانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان

– سڵاو لە هەموو ئەندامانی یەکیەتیی لاوان و لاوان و بەشدارانی بەڕێزی کۆنگرە

بە هیوای سەرکەوتن بۆ کورد و کوردستان، حیزبی دێموکرات و ڕێکخراوەکەمان

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی

بابەتەکانی هاوشێوە

پەیامی پیرۆزبایی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی پێکهێنانی کۆنگرەی حەوتەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

پیام شماری از جوانان و دانشگاهیان ایلام و کرماشان به مناسبت برگزاری کنگرە دو اتحادیە جوانان روژهلات (شرق) کوردستان و اتحادیە دانشجویان دمکرات کوردستان

13/10/2025
5

12/10/2025
10
ئەندامێکی یەکیەتیی لاوان، لە کێبڕکێی “هێزی لەش”دا سەرکەوتنی بەدەست هێنا

ئەندامێکی یەکیەتیی لاوان، لە کێبڕکێی “هێزی لەش”دا سەرکەوتنی بەدەست هێنا

03/10/2025
9
دیداری ناوەندی ئیداریی حیزبی دێموکرات لەگەڵ بەڕێوەبەریی نوێی یەکیەتیی لاوان

دیداری ناوەندی ئیداریی حیزبی دێموکرات لەگەڵ بەڕێوەبەریی نوێی یەکیەتیی لاوان

29/09/2025
4
پەیامی “ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” بە بۆنەی پێکهاتنی کۆنگرەی ۹ی “یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان”

پەیامی “ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” بە بۆنەی پێکهاتنی کۆنگرەی ۹ی “یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان”

27/09/2025
8
بابەتی زیاتر
ڕاپۆرتی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ کۆنگرەی ٩ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ڕاپۆرتی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ کۆنگرەی ٩ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

  • Shiva Moradian
  • 2025-10-12
  • 10:49 am

4كاتژمێر پێش ئێستا

1 ڕۆژ پێش ئێستا
10
ئەندامێکی یەکیەتیی لاوان، لە کێبڕکێی “هێزی لەش”دا سەرکەوتنی بەدەست هێنا

ئەندامێکی یەکیەتیی لاوان، لە کێبڕکێی “هێزی لەش”دا سەرکەوتنی بەدەست هێنا

1 حەفتە پێش ئێستا

نوێترین

پیام شماری از جوانان و دانشگاهیان ایلام و کرماشان به مناسبت برگزاری کنگرە دو اتحادیە جوانان روژهلات (شرق) کوردستان و اتحادیە دانشجویان دمکرات کوردستان

ڕاپۆرتی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ کۆنگرەی ٩ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

پەیامی پیرۆزبایی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی پێکهێنانی کۆنگرەی حەوتەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

ئەندامێکی یەکیەتیی لاوان، لە کێبڕکێی “هێزی لەش”دا سەرکەوتنی بەدەست هێنا

دیداری ناوەندی ئیداریی حیزبی دێموکرات لەگەڵ بەڕێوەبەریی نوێی یەکیەتیی لاوان

پەیامی “ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” بە بۆنەی پێکهاتنی کۆنگرەی ۹ی “یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان”

پێوەندی

  • ٠٠٩٦٤٧٥١٢٠٣٣٥٣٩
  • info@lawan.com
  • لاوان لە ئینستاگرام
  • لاوان لە تویتەر
  • لاوان لە فەیسبووک
  • لاوان لە یوتیوب

لینکی پێشنیارکراو

  • کورتە مێژووی لاوان
  • سیما دیارەکانی لاوان
  • وتار و بابەتی نووسەران
  • بەڵگەکانی کۆنگرە
  • ڕاپۆرتی ڤیدیۆیی

پۆلێنی بابەتەکان

  • کاروچالاکیەکانی لاوان
  • پەیام و ڕاگەیەندراو
  • دیدار و چاوپێکەوتن
  • هەواڵەکانی ماڵپەڕ
  • سیاسی

Ⓒ ٢٠٢٢ - مافەکانی ماڵپەڕ پارێزراون بۆ یەکێتی لاوانی دێموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

Add New Playlist

ئاکامێک نەبوو
هەموو ئاکامەکان ببینە
  • English
  • soon
  • ئاڵمان
  • ئوتریش
  • سەرەتا
  • سوئیس
  • سیمای دیاری لاوان
  • فارسی
  • فینلاند
  • کۆمیتەی بەریتانیا
  • کۆمیتەی دانمارک
  • کۆمیتەی سوئێد
  • مێژووی لاوان
  • نۆروێژ

© 2020 مافەکانی ماڵپەڕ پارێزراون بۆ یەکێتی لاوانی دێموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان | دیزاین و ئامادەکردن: بێوران دیزاین.

فارسی

English

  • سەرەتا
  • کاروچالاکی
  • پەیام و راگەیەندراو
  • ئاگاداریەکان
  • دیدار و چاوپێکەوتن
  • وتار
  • بابەتی زیاتر
    • هەواڵەکان
    • سیاسی
    • کۆنگرە
  • کۆمیەتەکانی لاوان
    • کۆمیتەی سوئێد
    • نۆروێژ
    • سوئیس
    • ئاڵمان
    • ئوتریش
    • فینلاند
    • کۆمیتەی دانمارک
    • کۆمیتەی بەریتانیا
  • سیمای دیاری لاوان
  • مێژووی لاوان