ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەر، شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرستیی “بێهزاد قادری” سکرتێری یەکیەتیی لاوان، سەردانی کتێبخانەی گشتیی کۆیەی کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆڕی ناساندنی کتێبی “ڕەگەزی کورد” لە نووسینی د. نەبەز مەجید ئەمین.
لە کۆڕەکەدا، د. نەبەز مەجید ئەمین سەرەڕای ناساندنی کورتی کتێبە نوێیەکەی، پەڕژایە سەر “ڕەگەز و ناسنامەی کورد، ناو و مێژووی کۆنی کوردستان، دێرینەبوونی خاکی کوردستان و پرسی نەتەوەیی و نیشتمانیی چارەسەرنەکراوی کوردستانییان لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان” و جەختی کردەوە کە تا نەتەوەی کورد یەکگرتوو نەبێت ناتوانێت خاکی خۆی ڕزگار بکات.
لە بڕگەی پرسیار و وڵامی بەشداراندا، “بێهزاد قادری” سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بە پرسی داگیرکاری لە کوردستان کرد و ڕایگەیاند: ڕزگاریی خاک لە ڕزگاریی زەینەوە تێدەپەڕێت و تا زەینمان لە داگیرکاری ڕزگار نەکەین، ناتوانین خاکمان ڕزگار بکەین.