کاریگەریی خوێندنەوەی کتێبی چیرۆک لەسەر دەروون، شوناس و داهاتووی منداڵان
ڕۆژان سۆفیزادە؛ مامۆستای قوتابخانە
دەستپێک
خوێندنەوەی کتێبی چیرۆک یەکێکە لە بنەڕەتیترین و لە هەمان کاتدا بەهێزترین ئامرازەکان بۆ گەشەی کەسایەتی لە منداڵیدا. بەپێچەوانەی پەروەردەی فەرمی کە زۆرجار گرنگی بە گواستنەوەی زانیاری دەدات، چیرۆکەکان کار لەسەر چینە قووڵەکانی دەروونی منداڵ دەکەن: “خەیاڵ، هەست، هاوسۆزی و شوناس.”
لێکۆڵینەوە جۆراوجۆرەکان لە دەروونناسیی گەشەکردن، زانستی مەعریفی و پەروەردەدا دەریانخستووە کە خوێندنەوەی کتێبی چیرۆک نەتەنها کاریگەریی لەسەر توانای زمانیی منداڵان هەیە، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر شکڵگرتنی ئەخلاق، داهێنان، یادەوەریی درێژخایەن و تەنانەت ڕێڕەوی داهاتووی پیشەیان و کەسایەتییان هەیە.
ئامانجی ئەم وتارە، ئاوڕدانەوەیە لە کاریگەرییە دەروونی و درێژخایەنەکانی خوێندنەوەی چیرۆک لەسەر منداڵان، بە گرنگیدان بە ڕەهەندە دەروونی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان.
١- کاریگەریدانان لەسەر دەروون
١-١ گەشەی سۆزداری و مەعریفی
خوێندنەوەی چیرۆک دەبێتە هۆی هاندانی زەینی منداڵ و فراوانکردنی تۆڕە دەمارییەکانی پەیوەست بە زمان، خەیاڵ و هاوسۆزی. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو منداڵانەی کە بەردەوام چیرۆکیان بۆ دەخوێنرێتەوە، لەچاو هاوتەمەنەکانیان توانای مەعریفیی پێشکەوتووتریان هەیە.
خوێندنەوەی چیرۆک، تیۆریی زەین لە منداڵاندا بەهێز دەکات؛ واتە توانای تێگەیشتن لە هەست، بیرکردنەوە و مەبەستی کەسانی دیکە. ئەم توانایە بنەمایەکە بۆ کارامەیی کۆمەڵایەتی و هاوسۆزی لە تەمەنی گەورەییدا.
هەروەها، چیرۆک ئامرازێکە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ترس و دڵەڕاوکێی سەردەمی منداڵی. کاتێک منداڵ لە ڕێگەی کارەکتەرە خەیاڵییەکانەوە ڕووبەڕووی کێشەی هاوشێوە دەبێتەوە، هەست بە تێگەیشتن و بەهێزبوونی زیاتر دەکات.
١-٢ بەهێزکردنی تواناکانی زمان، خوێندەواری و پەیوەندیکردن
چیرۆکەکان ژینگەیەکی دەوڵەمەند بۆ وشە، پێکهاتەی ڕستەسازی و شێوازی گێڕانەوە دەڕەخسێنن. ئەو منداڵانەی کە لە تەمەنێکی بچووکدا بە دەنگی بەرز چیرۆکیان بۆ دەخوێنرێتەوە، لە تەمەنی قوتابخانەدا، لەچاو منداڵانی دیکە توانای زمانیی بەرزتریان هەیە. ئەم پەرەسەندنی زمانەش، ئاستی خوێندەوارییان باشتر دەکات.
جگە لەوەش، منداڵان لە ڕێگەی سەرقاڵبوون بە چیرۆکەکانەوە، فێری گێڕانەوە، پرسیارکردن، ڕوونکردنەوە و لۆژیک دەبن. ئەم لێهاتووییانە بنەمای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەن لە ساڵانی دواتردا.١-٣
١-٣ داهێنان و خەیاڵ
کتێبی چیرۆک ڕێگە بە منداڵان دەدات کە لە دەرەوەی ئەزموونە کەسییەکانی خۆیان، واقیع بنیات بنێنەوە. خوێندنەوەی چیرۆکی فانتازیا، زانستی- خەیاڵی یان چیرۆکی ئەفسانە، خەیاڵی منداڵ چالاک دەکات و یارمەتیی گەشەپێدانی زەینی کراوە و داهێنەرانە دەدات.
توێژینەوەیەک کە ساڵی ٢٠١٤ لە گۆڤاری “Creativity Research Journal” بڵاو کرایەوە، دەریخستووە کە ئەو منداڵانەی کە بەردەوام چیرۆکی خەیاڵی دەخوێننەوە، لە تاقیکردنەوەکانی داهێنان و بیرکردنەوەی لێکبڵاودا، دەرەجەی بەرزتریان بەدەست هێناوە.
١-٤ هاوسۆزی و هۆشیاریی کولتووری
یەکێک لە گرنگترین ڕۆڵەکانی خوێندنەوەی چیرۆک، شکڵدان بە هەستی هاوسۆزی و هۆشیارییە لەهەمبەر جیاوازییە مرۆییەکاندا. منداڵان لە ڕێگەی چیرۆکەوە بەرەوڕووی جیهان، کولتوور، چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان و شوناسە جیاوازەکان دەبنەوە. ئەم پرۆسەیە یارمەتییان دەدات تاکوو ڕوانگەی فرەدەنگی و قبووڵکردنی جیاوازییەکان تێیاندا پەرە بستێنێت.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی “Mar et al” (2006)، ئەو کەسانەی کە لە منداڵیدا لەگەڵ چیرۆکی ئەدەبی ئاشنا دەبن، لە گەورەساڵیدا ئاستێکی بەرزتری هاوسۆزی، کارلێکی کۆمەڵایەتیی ئەرێنی و تێڕوانینێکی فرەڕەهەندییان هەیە بۆ جیهان.
٢- کاریگەریدانان لەسەر شوناس
٢-١ سەرمەشقوەرگرتن
زۆرجار منداڵان خۆیان لەگەڵ کارەکتەرە خەیاڵییەکان دەناسێنن. ڕەفتار، هەڵوێست و بەهاکانی ئەم کارەکتەرانە ناوەکی دەکەن. ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی بەها و بیروباوەڕەکان کە بەشێکی سەرەکی لە ناسنامەی تاک لە داهاتوودا پێک دەهێنن.
توێژینەوەیەکی “نیکۆلاجیڤا” (2014) دەریخستووە کە “ئەو منداڵانەی ڕووبەڕووی کارەکتەری خەیاڵیی فرەچین و پێچاو دەبنەوە، تێگەیشتنێکی پێچاوتریان لە خۆیان و ئەوانی دیکە هەیە.”
٢-٢ بەهێزکردنی شوناسی کولتووری و نەتەوەیی
چیرۆکەکان زمان، ڕێوڕەسم، ئەفسانە و مێژووی کولتوورێک دەگەیەنن. لە کۆمەڵگەگەلێکی وەک کوردستان کە زمان و کولتووری کوردی لە مەترسیدایە، چیرۆکنووسیی منداڵانە دەتوانێت فاکتەری بەهێز بێت بۆ بەهێزکردنی شوناسی کولتووری و زمانی.
بۆ نموونە: ئەو چیرۆکانەی کە نوێنەرایەتیی توخمە کولتوورییەکانی کورد دەکەن (زمان، جلوبەرگ، ئەفسانە و هێماکانی بەرخۆدان)، منداڵان بە ڕەگ و ڕیشەی خۆیانەوە دەبەستنەوە و جۆرێک لە “شانازیی کولتووری”یان تێدا دروست دەکەن.
٢-٣ خۆ قبووڵکردن و بنیاتنانی “خۆیەکی ناوازە”
منداڵان لە ڕێگەی فرەچەشنیی کارەکتەرە خەیاڵییەکانەوە، فێر دەبن کە دەکرێت جیاواز بن و بەهایشیان پێ بدرێت. ئەم پەیامە بۆ ئەو منداڵانەی کە جیاوازیی تاکەکەسییان هەیە (بۆ نموونە لە ڕواڵەتدا، کەمئەندامیی جەستەیی یان هەستە ئاڵۆزەکان) زۆر گرنگە و بۆ شکڵگرتنی شوناسێکی ئەرێنی و تەندروست، یارمەتییان دەدات.
٢-٤ شوناسی کۆمەڵایەتی و پێگە لە جیهاندا
چیرۆکەکان منداڵان فێری ئەوە دەکەن کە بەشێکن لە کۆمەڵگە، خێزان، نەتەوە یان تەنانەت مرۆڤایەتی. ئەوان یارمەتییان دەدەن لە پێگەی خۆیان لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان تێبگەن: “من کچم”، “من منداڵێکی کوردم”، “من ئەندامی ئەم خێزانەم”، “من کەسێکم کە دەمەوێت هاوکاری بکەم” و هتد.
٣- کاریگەریدانان لەسەر داهاتوو
٣-١ کاریگەریی درێژخایەن لەسەر داهاتووی منداڵ
چیرۆکەکان نەک هەر ئێستای منداڵ دەگۆڕن، بەڵکوو شکڵ بە داهاتووی منداڵیش دەدەن. ئەو منداڵانەی لە ڕێگەی چیرۆکەوە متمانە بەخۆبوون و پاڵنەر و نموونەی ئەخلاقی بەدەست دەهێنن، لە گەورەساڵیدا هەستی بەرزەخۆییان بەرزترە. ئەو کارەکتەرانەی منداڵ لەگەڵیاندا خۆی دەناسێتەوە، دەتوانن ڕێڕەوی پیشەیی، بەهاکان و تەنانەت چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانیان دیاری بکەن.
هەروەها، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو منداڵانەی لە ژینگەی خێزانیی “کتێبسەنتەر”دا گەورە دەبن، ئەگەری زۆرترە کە لە ئاستی باڵادا بخوێنن و سەر بکەون.
ئاکام
دایکان و باوکان لە هاندانی منداڵان بۆ خوێندنەوە، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. خوێندنەوە بە دەنگی بەرز لە ماڵەوە، سەردانکردنی کتێبخانە و گفتوگۆکردن لەسەر چیرۆکەکان، ئەزموونی خوێندنەوە دەکاتە پرۆسەیەکی هاوبەش. هەروەها قوتابخانە و دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان دەتوانن لە ڕێگەی بەرنامەکانی وەک “چیرۆکگێڕانەوە”، “یانەکانی کتێبی منداڵان” و “خوێندنەوەی شانۆنامە” ژینگەیەکی پشتیوانکەر لە منداڵان دروست بکەن.
چیرۆکەکان زیاتر لەوەی ئامرازێک بن بۆ کات بەسەربردن، ئامرازێکن بۆ گەشەکردنی سۆزداری، دەروونی و کولتووریی منداڵان. خەیاڵ دروست دەکەن، هاوسۆزی پەروەردە دەکەن، زمان بنیات دەنێن و شکڵ بە داهاتوو دەدەن. ئەگەر بمانەوێت نەوەیەکی ئاگادار و داهێنەر و بەرپرسیار پەروەردە بکەین، خوێندنەوەی کتێبی چیرۆک نابێ چالاکییەکی لاوەکی بێت، بەڵکوو دەبێ یەکێک بێت لە بنەما سەرەکییەکانی پەروەردەی منداڵانە.
خوێندنەوەی کتێبی چیرۆک، یارمەتیی منداڵان دەدات تاکوو: “ناسنامە و بەها ناوەکییەکانی خۆیان دەستنیشان بکەن و بیانچەسپێنن؛ هەست بە ئینتما بە کولتوور و مێژوو و نەتەوەیەک بکەن؛ فێر بن کە لە ژیان بە شێوەی گێڕانەوەیەک تێبگەن و لە جیهانی پڕ لە ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتیدا، شوێنی خۆیان بدۆزنەوە.”