کورتەفیلمی “ڤیری ئوتۆپیا” بە دەرهێنەریی “ئەژین شێخی”، دەرهێنەری کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵاتی نایابی فێستیڤاڵی کورتەفیلمی سەربەخۆی بەدەست هێنا.
بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، کورتەفیلمی “ڤیری ئوتۆپیا” بە دەرهێنەریی “ئەژین شێخی”، دەرهێنەری کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵاتی نایابی بۆ کورتەسیناریۆ لە فێستیڤاڵی کورتەفیلمی سەربەخۆ لە “لۆس ئەنجلس” بەدەست هێنا و چووە کێبڕکێ بۆ خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٣- ٢٠٢٤.
ڤیستیڤاڵی کورتەفیلمی سەربەخۆ، ڤیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتییە بۆ کێبڕکێی باشترین کورتەفیلم کە لە لۆس ئەنجلس بەڕێوە دەچێت و هەموو مانگێک ڤیستیڤاڵەکە باشترین کورتەفیلم و سیناریۆکانی بەشدار لە خولی ئەو مانگەدا هەڵدەبژێرێت و خەڵات دەکرێن، دواتر باشترینی مانگەکان هەڵدەبژێردرێن بۆ بەشداریکردن لە کێبڕکێی ساڵانەی فیلمی ڤیستیڤاڵەکە.
شایانی باسە کە ئەژین شێخی، دەرهێنەری کورتەفیلمی “ڤیری ئوتۆپیا”، ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها ئەندامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانە.