ماوەیەکە بەرپرسانی شیعەی نزیک لە ئێران قۆڵیان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڵماڵیوە کە گۆیا خەتی مۆبایلەکانی بەرپرسانی شیعە بە بڕیاری شیاع سودانی کۆنتڕۆڵ دەکرێن! گۆیا ئەمە تا لێواری تێکهەڵچونیش چۆتە پێشێ! سەردانی پزشکیان بۆلای ماڵ بە ماڵ و تایفە بە تایفەی شیعەی عێراق لەپێناو پاراستنی یەکگرتوویییان و هێورکردنەوەی توڕەیییان لە دژی سوودانی، سەلمێنەری ئەم بابەتەیە! وادیارە قائانیش ئەم ڕۆژانە هەڵگری پەیامێکی لەم چەشنە بووە بۆ هێورکردنەوەی ناو ماڵی شیعەی عێراق، لەکاتێکدا کە ئاگری شەڕی ئیسڕائیل سەرجەم لق و پۆپەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەسوتێنێت!
ئێران نایهەوێت دۆخەکەی لەوە زیاتر لە دەست دەربچێت و بە خشکە لە پاشکەشەدایە و لەو دۆخەدا کورد دەبێ لە ئاستی ناوچەکە بیر لە سیاسەتی بەرفرە بکاتەوە، بۆ لە ئاستی ناوچەکە؟ چونکە ئێران خۆی عامیلە لە تێکدانی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێستاش کۆنتڕۆڵی دۆخەکەی لەدەست دەرچووە هەربۆیە هەرچەشنە گەمەیەکی سیاسی لەگەڵ ئێران، ئوتوماتیک ڕەهەندێکی بەرفرەی ناوچەیی بەخۆیەوە دەگرێت.
بەشداری سەرۆک وەزیری عێراق لە کۆڕی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ڕوو بە نوێنەرانی وڵاتان، هەلگری چەند پەیامە کە یەکێکیان بەردەوامیی پڕۆسەی دێموکراسییە لە ناوچەیەکی هاڵۆزی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە پێشەنگایەتیی کورد و هەروەها بەشداریی کوردە لە پرسە سیاسییەکان وەک نەتەوەیەک لە هەرێمێکی دانپێدانراو لە عێراقدا کە ئەمەش ڕووبە سێ وڵاتی دیکەی داگیرکەری کوردستان قورسایی سیاسی کورد بۆ ئەوانیش و بۆ جیهانیش دەردەخات.
لەوەها دۆخێکدا کە کورد لە چوار وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دابەش و بڵاوە، یەکگرتوویی کورد بەتایبەتی لە ناو جەرگەی هاڵۆزییەکانی بەغدا دەتوانێ کاریگەریی سیاسیی بەرچاوی لەسەر دۆخی ناوچە و پاشەکشە کردن بە هەندێک سیاسەتی ئێران هەبێ. یەکگرتوویی کورد و داڕشتنی سیاسەتێکی تۆکمە ڕووبە بەغدا و تاران دەتوانێ بەشێک لە مافەکانیان و هەروەها سەنگی کوردی باشوور تا ئاستێک مسۆگەر بکات و هاوکات بیانکەتە پشتیوانەیەکی جدی بۆ کوردی ڕۆژهەڵات، بە بێ نیگەرانی لە هەڕەشەکانی ئێران.
ئاکامی هەڵەی ستراتێژیک لە خوێندنەوەکانی ئێران بۆ دامەزراندنی بەرەیەکی شەڕ و هاندانی گرووپە میلیشیاکانی لە دژی ئیسڕائیل، لەو چەند خاڵەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت:
١- ئێران نەک هەر نەیتوانی بەو هێرشانە ژێرخانی نیزامی و مرۆیی ئیسڕائیل لاواز بکات، بەڵکوو حەماسیش وەک یەکێک لە باسکە میلیشیایییەکانی، وەها لاواز بووە کە عەمەلەن پاسیف کرا.
٢- لەبار بردنی پرسی بەرحەقی فەلەستین و وێرانکردنی ژێرخانی مرۆیی و شارستانییەتی غەزە و ئاوارەکردنی هەزاران فەلەستینی لە خاکی خۆیان بۆ وڵاتانی دەوروبەر!
٣- بەهەدەردانی داهاتی زۆر و زەمەندی ئێران لە درووستکردن و هەڵدانی مووشکە ئیسڕائیل نەپێکـەکانی، لەکاتێکدا کە دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئێران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو داڕمانی زیاتر دەچێت.
٤- هێرشی ناوە ناوەی ئیسڕائیل بۆسەر بنکە و بارەگا نیزامی و کەسایەتییە دیارە میلیشیاییەکانی ئێران لەناو جەرگەی ئێراندا و، نەبوونی وەڵامی نیزامیی پێویست لەلایەن ئێرانەوە، دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژیم تەنیا لەبەرابەر وەڵاتانی گەشەنەسەندووی نیزامیی ناوچەکە و هێزە شۆڕشگێڕەکانی کورد توانای چەکداریی و مووشەکیی هەیە نەک دەوڵەتە پێشکەوتووەکان.
٥- لەبار نەچوونی پێوەندییە بنیاتنراوە نوێیەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسڕائیل کە خامنەیی هیوای لەسەر هەڵچنیبوو.
٦- چوونە سەری ڕێژەی خەسارە نیزامی و مرۆییەکانی سپای پاسداران و گرووپەکانی نزیک لە ڕێژیم لە سووریا، کە بەردەوام دەکەونە بەر هێرشی ئاسمانی سپای ئیسڕائیل.
٧- تەقینەوەی دۆخی عێراق و لایەنە شیعەکان پاش دەسپێکی قۆناغی نوێی دەستوەشاندنی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆسەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و هەروەها بەرفراوانبوونی مەیدانی تۆڵەسەندنەوەی ئیسڕائیل کە بەرۆکی عێراقیش دەگرێتەوە. ئاشکرایە لەو دۆخەدا هاتنە کایەی جیلێکی نوێی لاوان لە کۆمەڵگای عەرەبیی عێراق، کە شوناسخوازن و زیاتر بەدوای هەلی کار و ژیانێکی شیاو و سەقامگیردا دەگەڕێن و گیرۆدەی خەونە مەزنیخوازیەکانی شیعەگەریی ئێران نین دەتوانێ دیزاینی سیاسیی عێراق بگۆڕێت.
٨- تێوەگلان و شکستی دەستبەجێی حیزبوڵڵا لە شەڕی خۆتڕێن و گیرۆدەکردنی لوبنان بە شەڕی سایبێری و شەڕێکی نیزامیی ماڵوێرانکەر و ئاوارەکردنی هەزاران لوبنانی، کە پاش کوژرانی حەسەن نەسڕوڵڵا، بە لەپێ خستنی حیزبوڵڵا شایەد کۆتایی بێت.
٩- بەو چارەنووسەی کە ئێران تووشی خۆی و بەکرێگیراوەکانی خۆی کردوە، ڕوونە کە حوسییەکانیش لە یەمەن بە زووترین کات باجی سەرەڕێگرتن لە کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و هەروەها مووشەکهاوێژیی ناوبەناویان دەبێ بدەن.
کۆی ئەم خاڵانە ناکامیی پڕۆژەیەکی چل ساڵەن لەژێر درووشمیی “ڕێگەی قودس بە کەربەلادایە” و دواتر بە ناوی “هیلالی شیعە” ناوی دەرکرد، کە بە نرخی بەفیڕۆدانی سەرجەم سەرمایەکانی سەرزەوێ و ژیر زەوێ و برسیکردنی خەڵکی ئێران تەواو بوو.
خۆگرتنەوەی ئێران لە وەها دۆخێکی هەڵدێردا، پاش ئەو شکستە چەند ڕەهەندییەی کە تووشی هات (ئەوەش بڵێین کە ڕەهەندی دیکەی کێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی ئێران فرۆشتنی دڕۆن و مووشەک بە ڕوسیایە دژی ئۆکڕاین و هەروەها نزیکبوونەوە لە قۆناغەکانی کۆتایی پیتاندنی ئۆرانیۆم و دروستکردنی بۆمبی ناوکییە)، بە نرخی ئاگربەردانی زیاتر لە خەرمانی ئابووریی ئێران و چەوساندنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوەکانی ئێران تەواو دەبێت، کە ئاکامەکەی داخرانی زیاتری دەرگا نێودەوڵەتییەکانە بەڕووی ئێران، کە پەیام و سیگناڵەکانی پاشەکشەی ئێران لە زمان پزشکیان لە کۆڕی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ناتوانێ بەمزوانە دەرگا نێودەولەتییەکان بەڕووی ئیراندا بکاتەوە و لە ئاکامدا بەردەوامیی هەڵئاوسانی نرخی شتوومەک و ڕۆچوونی زیاتری خەڵک لە زۆنگاوی داڕمانی ئابووری بەدوادا دێت.
کەڵەکەبوونی ئەم کێشە و ئاریشە چارەنووسسازانە لە وڵاتدا، جارێکی دیکە خەڵک هاندەدات بۆ ئەوەی لەسەرشەقام فریا چارەنووسی خۆیان بکەون. ڕاپەڕینی یەکانگیری گەلانی ئێران بە هێنانەگۆڕی ویست و داخوازیی ئازادیخوازانە و کۆنکرێت و مرۆڤ تەوەرانە، تەنیا چەکێکە کە دەتوانێ خەونی خامنەیی لەمەڕ دروستکردنی کۆرەی شومالی دووهەم (کە بۆ خەڵکی ئێران و ناوچە و جیهان مۆتەکەیە) لەگۆڕ بنێت.
ئەم وتارە لە ژمارە ٨٨٠ی ڕۆژنامەی “کوردستان”، زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چاپ و بڵاو بۆتەوە.