ڕیوایەتی شەوچلە لە فەرهەنگ و باوەڕی کورداندا
سارۆ خوسرەوی
شەوچلە بۆ زاگرۆسنشینان، شەوێکی فەرهەنگی و نەریتێکی کەونارایە. خەڵک لە شەوچلەدا لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە و جەژنیان کردوە تا ڕۆژ بێتەوە و پێشوازی لە خۆر بکەن.
دانیشتووانی زاگرۆس، ژیان و گوزەرانیان پەیوەست بووە بە کشتوکاڵەوە. لە دوای شەوێکی دوورودرێژ، هەمدیسان خۆر لە زەویی کشتوکاڵییان دەدرەوشێتەوە و دەبێتە هۆی وزەی زۆرتری بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان، هەر بۆیە لە شەوچلەدا بەرهەمی ڕەنجی خۆیان لەسەر سفرە دادەنێن و ئەمەگناسیی خۆیان بۆ کۆرپەی زەوی و ڕووناکی و گەرمیی خۆر پێشان دەدەن.
لەگەڵ بڵاوبوونەی ئایینی میترا، ئەم نەریتە بە دنیادا بڵاو بووەتەوە. لە نەریتی شەوچلەدا، خەڵک لە درێژترین شەوی زستاندا کۆ بوونەتەوە. ئەو شەوە، زەوی ئاوس بووە بە میتراوە، میترا لە ئەدەبیات و فەلسەفەی باوەڕیی دانیشتووانی زاگرۆسدا، خوادایک و هێمای خۆر و ڕووناکییە.
گردبوونەوە لە دەوری یەک و خواردنی میوە و چەڕەزات لە شەوی چلەدا، بە واتای کۆبوونەوەی زەوییە بۆ لەدایکبوونی کۆرپەیەک کە دەبێتە هێما و سەرچاوەی گەرمی و ڕووناکی.
بەو جۆرەی باسی لێوە دەکرێت، لە سەرەتاکانی زاییندا، ئایینی مێهر گەیشتووەتە ئورووپا. یەکەم جار ڕۆمییەکان کولتووری ئایینی مێهریان قەبوڵ کردوە و ڕۆژی لەدایکبوونی میترایان لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی عیسا مەسیح لە کات و زەمەنێکی دیاریکراودا گونجاندوە. ئایینی میترا، بە هۆی شەڕی درێژخایەنی نێوان ئێران و ڕۆم، لە لایەن سەربازە دیلەکانی ڕۆم کە دواتر گەڕاونەوە بۆ وڵاتی خۆیان، گوازرایەوە بۆ ڕۆم و لە قۆناغێکدا بووە بە ئایینێکی جیهانی.
یەکێک لە پەیامە گرینگەکانی شەوچلە، کۆبوونەوەی خێزانییە. لە شەوچلەدا خوانچە دەکرێتەوە و میوە و چەڕەزات لە سەر سینی ڕوو دەکرێت بۆ پێشوازی و بەرزڕاگرتنی ئەو شەوە. کۆبوەنەوە لە شەوچلەدا بۆ ئەوە بووە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێزتر و بەردەوام بێت.
پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ئیرادەی جەم، یەکێک بووە لە هێما بەرچاوەکانی ئایینی میتراییزم.
ئایینی میتراییزم کۆنترین ئایینی کوردە کە ئێستایش پەرستگەکەی لە کەنگاوەڕ لە دەڤەری شاری کرماشاندا ماوە. وشەی میترا، واتای “ئەڤین” و “پەیمان” دەگەیەنێت. ئەم خودایە پێشتر خودای خۆر و ڕووناکی بووە و دواتر بە پارێزەری ئاسمان و زەوی ناسراوە.
هەتا ئێستا زۆرێک لە یارسانییەکان، خۆر بە یەکێک لە هێما پیرۆزەکانی ڕیشەی ئایینەکەیان کە میتراییزمە، دەزانن و سوێندی پێ دەخۆن، وەک ئەوەی کە دەڵێن: “وەی خوەر نازارە قەسەم”.
وەک دەڵێن، ئایینی مێهر یان میترا چەقی هەموو شتێک لە زەمیندا دەبینێت و لە مرۆڤدا کۆی دەکاتەوە، بە تایبەت لە ژندا، لەبەر ئەوەی میترا خوادایک بووە. ئەم ئایینە بە دنیادا بڵاو بووەتەوە و پەرەستگاکانی گەیشتووتە ڕۆم، ئیسپانیا ، ئاڵمان و زۆر وڵاتی دیکەی دنیا. وەک گوتمان، ئایینی میترا لە سەروبەندی لەدایکبوونی عیسای مەسیح بە دنیادا بڵاو بووەتەوە و تێکەڵ بە کولتووری ئایینیی وڵاتان بووە. کاریگەریی ئایینی مێهر لەسەر جەژنی کریسمس بە ڕۆشنی دەبینرێت.
ئایینی مەسیحی، زۆر یاسا و ڕێسای لە ئایینی میترا وەرگرتوە. کلێتەکەی بابا نوئێل، جەژنی هۆلۆوین، ڕۆژی لەدایکبوونی عیسا، واتا ٢٥ی دێسامبر کە ڕۆژی لە دایکبوونی میترا بووە، ڕەنگکردنی هێلکە، کە هێشتا لە کوردستان باوە، بەشێک لەو بابەتانەیە کە مەسیح لە میترا وەریان گرتوە. هەروەها هێمای ڕەنگی سوور لە شەوچلەدا، زۆر گرینگ و واتادارە. زۆربەی ئەو میوەگەلەی لە شەوچلەدا دادەنرێن، ڕەنگیان سوورە. جلوبەرگ و کڵاوی “بابانۆئێل”یش کە بەشێکی سوورە، لە هێما سوورەکانی میترا وەرگیراوە. واتە، ئایینی مێهر کاریگەریی هەیە لەسەر ئایینی مەسیحییەت. هەنار کە لە شەوچلەدا دەخورێ، هێمایەکی گرینگە لە فەرهەنگی زاگرۆس و ئایینی مێهردا و تا ئێستاش وەک هێمای پێکەوەژیان لە ئایینی یاریدا پارێزراوە.
ژمارەی چل لە زمانی کوردی و لە ئەدەبیاتی باوەڕیی و ئایینی زاگرۆسییەکاندا، پیرۆز بووە. بە تایبەت لە ئایینی یاریدا زۆر ژمارەیەکی پیرۆزە و چەندین شوێن و هێمای یارسانییەکان بە ژمارەی چل دەست پێ دەکات، لەوانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە “چلتەن، چلتەنان و هەروەها چلانە” کە ناوی کانییەکە لە نزیکی مەزاری باوایادگار لە داڵاهۆ هەڵکەوتوە.
هەنار، نمادی دەوڵەتی مادە. لە میتۆلۆژیای زاگرۆسدا، دانەکانی نێو هەنار، هۆزەکانی مادن، پەردە تەنکەکانیشی بە واتای سنوورەکانی نێوان هۆزەکانی مادن. نووکی هەنار هێمای تاجی پادشایی مادەکان بووە. سووریی هەناریش هێمای لەدایکبوونی میترایە.
لە جەژنەکانی یارساندا، هەنار وەک هێمایەکی گرینگ دەبینرێت، کە دیارە لە کولتووری میتراوە وەک میرات بۆیان بەجێماوە. هەنار هەر لە ئەدەبیات و فەلسەفەی باوەڕیی یاریدا پیرۆزە و بە واتای یەکیەتی و یەکبوونە. زاگرۆسنشینان بەردەوام گرینگیان بە بەروبۆمی کشتوکاڵ داوە بۆ درێژەدان بە ژیان و دەربازبوونیان لە زستانە سەختەکانی ساڵ. لەوێدایە میوەیەک وەک هەنار واتا پەیدا دەکات و دەبێتە هێمان یەکبوون و مانەوە.
بەپێی توێژینەوەی توێژەرانی کورد و بیانی، چیاییەکان بەردەوام ڕووبەڕووی واقعیکی سەخت بوونەتەوە، بۆیە پێویستیان بەوە بووە بۆ درێژەدان بە ژیان و سەرکەوتن بەسەر سەختییەکاندا داهێنان بکەن و هێما بخوڵقێنن. ئەگەر هێزی داهێناو و هێما نەبووایە، چیانشینەکان چۆن دیانتوانی بۆ ماوەی شەش مانگ بەرگەی سەرمای سەختی زستان بگرن.
لە شەوچلەدا، خەڵک لەدەوری ئاگر کۆبوونەتەوە و چیرۆک و ئەفسانە و شانامەیان خوێندووەتەوە. ڕێوڕەسمی شەوچلە، لە درێژترین شەوی زستاندا دەست پێ دەکات و تا بەرەبەیان درێژەی دەبێت. کۆبوونەوەی خەڵک و درێژەکێشانی ئەو شەوە بۆ ئەوە بووە، یارمەتیی زەوی بدەن تاکوو کۆرپەکەی لەدایک بێت، کە دیارە لێرەدا مەبەست لە کۆرپەی زەوی، لە دایکبووبنی ڕووناکییە. بەیانییەکەی کە ڕۆژ دەبێتەوە، پێی دەگوترێت ڕۆژی یەکسانی. لەو ڕۆژەدا پاشاکانی زاگرۆس دەستبەرداری دەسەڵات بوون، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە یەکسان بێت. هەر لەو ڕۆژەدا کوژرانی هەموو جۆرە باڵندە و ئاژەڵێک قەدەغە کراوە.
لە ڕێوایەتەکاندا هاتووە، دەڵێن ئەگەر یەکەمین ڕۆژی چلە بەفر باریبا، ئەو ڕۆژە ڕۆژی خێر و بەرەکەت بووە.
خواردنە سەرەکییەکانی سەر سفرەی شەوچلە, جگە لە هەنار، چەڕەزات و میوەی وشککراو، دانوولە و گەنمەکوتاو لەگەڵ دۆڵمە بە گەڵامێو بوون. گرینگیدان بە خواردن لە شەوچلەدا بۆ ئەوە بووە تاکوو بە هێزی سەروە نیشان بدەن کە خەڵک ئەوەندە خۆیان ئامادە کردوە بتوانی شەڕی ئەم زستانە سەخت و ساردە بکەن.
ئەنجام:
کورد ڕیشەی لە زگرۆسە و خاوەنی شارستانیەتی خۆی بووە، بۆیە بە دووری دەزانم لە خەڵکی دیکەورە کولتووری شەوچلەی وەرگردبێت.
بەکورتی، ڕیشەی جەژنی شەوچلە لە نێو دڵی زەنجیرە چیاکانی زاگرۆسەوە سەریهەڵداوە، چوونکە ئەم جەژنە پەیوەندی بە لەدایکبوونی میتراوە هەیە. هەر بۆیە زۆر گرینگە کورد باوەڕ بە خۆی بێننەوە کە جەژنی شەوچلە بەر لە هەر گەل و نەتەوەیەک، بۆنە و یادی ئەوان بووە.
سەرنج:
یەلدا وشەیەکی سریانییە و بە واتای لەدایکبوونە. وشەی یەلدا زۆر لە یوولی سوێدییەوە نزیکە کە دەبێتە ڕۆژی لەدایکبوونی عیسا مەسیح و سەرەتای وەرزی زستان. وشەی یەلدا لە فەرهەنگی کوردەواریدا تازەیە کە بە هۆی بەرفراونبوونی پێوەندییەکان لە کوردستان و ناوچەکە بە گشتی برەوی پەیدا کردوە و جێگای وشەی شەوچلەی کوردی گرتووەتەوە. بۆ کورد وشەی شەوچلە واتادارە، لەبەر ئەوەی ئەم بۆنەیە پەیوەستە بە ئایینی میتراوە لە زاگرۆسدا. لە دێرزەمانەوە لە هەموو جوگرافیای کوردستاندا، هەر بە شەوچلە ناوبانگی ڕویشتووە، بۆیە باشترە گەلی کورد هەر ناوە کوردییەکەی خۆی بەکار بێنێت.
***
سەرچاوەکان:
– ئایینی یاری، د. حسێنی خەلیقی
– پژوهشی در شەوچلەی کورد، آژوان رازیانی
– شب یلدا از کجا شروع شد؟، ابراهیم دبیری
– تاریخ جشن کریسمس، ن: تحریریە فاینداتو
– جشن شب یلدا، حمید سفیدگر شاهنقی
– آیین یارسان در اساطیر اقوام کرد: منصور یاقوتی
وەرگیراو لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا