ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەزبەر، شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرستیی “بێهزاد قادری” سکرتێری یەکیەتیی لاوان، بەشداریی لە ئیڤێنتی “دەنگدانەوەی خۆڕاگری” کرد کە لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان- دهۆک بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای ئیڤێنتەکەدا، د. “ڕانداڵ ڕۆدس” سەرۆکی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان و پاشان د. “ژیار ئاغاپووری” بەڕێوەبەری سەنتەری ئاشتی و ئاسایشی مرۆیی، وتاری خۆیان لەسەر ئیڤێنتەکە و گرنگییەکەی پێشکەش کرد.
لە نێوئاخنی ئیڤێنتەکەدا، کۆڕی ئاشتیی کچانی ئێزدی بە چەند پارچە مۆسیقا و گۆرانی کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.
لە بڕگەی دواتردا ڤیدیۆیەکی کورت لەسەر ئێزدییەکان و چیرۆکی خۆڕاگرییان، بەتایبەتی لە کاتی هێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش، بڵاو کرایەوە.
لە کۆتایی ئیڤێنتەکەدا، بەشداربووان سەردانی پێشانگەی وێنە و کاری دەستیی “من ئێزدیم” کرد.
ئەم ئیڤێنتە بە هاوکاریی دوو ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی “ئامار” و “خەڵسا” و لەلایەن سەنتەری ئاشتی و ئاسایشی مرۆیی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان- دهۆک بەڕێوە چوو.
شایانی ئاماژەیە کە سەنتەری ئاشتی و ئاسایشی مرۆیی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و هەروەها ئاشتی و پێکەوەژیان و گرنگیدان بە ڕۆڵی پێکهاتەکان لە کۆمەڵگە و گرنگیدان بە هونەر و مۆسیقا لە کوردستان کار دەکات.