بۆچی گرنگە لاوانی کورد مێژووی کوردستان و کورد بزانن؟
بێریڤان عەزیمی؛ بەکالۆریۆس لە مێژوو
پێشەکی
هەڵدانەوەی پەڕەکانی مێژووی کوردستان و نەتەوەی کورد ئەرکی هەموو تاکێکی کوردە. زانیاری و ئاگایی لاوانی کوردیش لەهەمبەر مێژووی نیشتمان و نەتەوەی خۆیان، یەکێکە لەو بنەمایانەی کە هۆشیاریی مەعریفی و نەتەوەیی گەش دەکاتەوە. مێژوو تەنها باسێک نییە لە ڕابردوو، بەڵکوو چاوگێکە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر لە نیشتمانەکەماندا.
مێژوو
مێژوو پڕۆسەی گشتیی ڕووداو و ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە بە درێژایی زەمان، هەموو ئەو ئاڵوگۆڕە سروشتی، فەرهەنگی، ئابووری و سیاسییانە دەگرێتەوە کە لە کات و شوێنی جیاواز لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا ڕوویانداوە.
لەبیرمان بێت، مێژوو بە گوتەی د. قاسملوو “فاکتۆگرافی نییە”، واتە تەنها دانان و ڕیزکردنی ڕووداوەکان نییە، بەڵکوو مێژوو دۆزینەوەی پەیوەندی لەنێوان ڕووداوەکان و نیشاندانی ئەوەیە کە ئەو ڕووداوانە چۆن کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە و چۆن دەگۆڕێن و پەرە دەستێنن، بەتایبەتی کە مێژوو ڕاناوەستێت و ڕووداوەکان بەردەوامن لە ڕوودان.
گرنگیی مێژوو
مێژوو ڕێگایەکە بۆ ناسینی ڕابردوو و وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە کە ئێمە کێین؟ لە کوێوە هاتووین؟ چۆن قۆناغەکانی شارستانییەتمان بڕیوە؟ هەروەها کۆمەڵگەکانمان چۆن پەرەیان سەندووە؟ ئەمەش یارمەتیمان دەدات ئاسانتر لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئێستا بگونجێین. هەروەها ڕێگایەکە بۆ پاراستنی ناسنامە و فەرهەنگی نەتەوەکان، کە لەم ڕێیەدا وەک میراتێکی نەتەوەیی کار دەکات.
ئەو نەتەوانەی کە لە مێژوو گەیشتوون و بەهای مێژوویان زانیوە، بوونەتە خاوەن مێژوو. بەپێچەوانەوە ئەو نەتەوانەی لە بایەخ و بەهای مێژوو تێنەگەیشتوون، بێبەش بوون لە مێژوو. بەو واتایەی مێژوو پەند وەرگرتنە لە هەڵە و کەموکوڕییەکانی ڕابردوو لەپێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیر. هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت داهاتوویەکی یەکگرتوو و بەڵێندەر بنیات بنێت، ئەگەر ئاوڕ لە ڕووداوەکانی ڕابردوو و کاریگەریی ئەو ڕووداوانە بەسەر نەتەوەکەیدا نەداتەوە.
بۆچی گرنگە لاوانی کورد مێژووی کوردستان و کورد بزانن؟
لاوانی کورد وەک هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە لەهەمبەر نەتەوەکەیان و پاراستنی میراتی نەتەوەکەیان کە مێژووش بەشێکە لەم میراتە، بەرپرسیارن. لاوان بە خوێندنەوەی مێژوو، بەتایبەتی مێژووی کورد و کوردستان، لە قەیرانی شوناس خۆیان ڕزگار دەکەن و لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردیش چالاکانە بەشدار دەبن.
“ئێرنێست ڕێنان” بیرمەندی فەڕەنسی لەم بارەیەوە دەڵێت: نەتەوەیەک کە مێژوو دەخوێنێتەوە، منداڵەکانی وەک گەورە بیر دەکەنەوە و بەپێچەوانەوە نەتەوەیەک کە هۆگریی بۆ مێژوو نییە، گەورەکانی وەک منداڵن.
بەم پێیە پێویستیی خوێندنەوە و شارەزابوونی لاوانی کورد لە مێژووی کورد و کوردستان، پێویستییەکی بێ ئەملاوئەولایە، بەتایبەت کە ئێستا نەتەوەکەمان لە قۆناغی خەباتی ڕزگاریخوازیدایە. لەگەڵ ئەوەی مێژووی خەباتی کورد لەپێناو مافی دیاریکردنی چارەنووس پڕە لە لاپەڕەی پڕشنگدار، لە هەمان کاتدا بە دوور نەبووە لە هەڵە و کەموکوڕی. بۆیە خوێندنەوەی ئەم مێژووە خۆپاراستنە لە دووپاتبوونەوەی هەڵەکانیش. ئەوەیە کاکڵ و پەیامی مێژوو کە دەبێ وانەی لێ فێر ببین، نەک پێی بژین.
لەگەڵ ئەوەی مێژوو ئەوەندەی بەسوودە بۆ لاوی دەروەست و نیشتمانی، ئەوەندەش ناسک و هەستیارە، واتە چۆنی وەردەگریت و چۆنی مامەڵە لەگەڵ دەکەیت، چونکە بەسانایی بە لاڕێدا دەبرێت بەهۆی کۆمەڵێک بەرژەوەندی، کە ئەمە بەتایبەت هەوڵی لەمێژینەی دوژمنانی گەلی کوردە کە دەیانەوێت بە هەموو جۆرێک مێژووی کورد و ڕەگ و ڕیشەی ئەم نەتەوەیە بە ڕێگای جیاواز چەواشە بکەن.
“هیگڵ” فەیلەسوفی ئەڵمانی دەڵێت: “مێژوو دوو جار دووپات دەبێتەوە، یەکەم جار بە شێوازی تراژێدیا و جاری دووەم بە شێوازی کۆمیدیا”. کەوابوو هەوڵ بدەین مێژووی شکست و ناکامی و ڕووداوە تاڵەکان لە سەربوردەی نەتەوەکەمان دووبات نەبێتەوە، چونکە دووپاتبوونەوەی هەڵە مێژووییەکان، بە تێچووی تەمەنی وەچەیەکیش زیاترە!
ئەنجام
لە کۆتاییدا بەو ئاکامە دەگەین، خوێندنەوەی مێژوو و بەتایبەت مێژووی کورد و کوردستان بۆ لاوانی کورد پێویستییەکی هەنووکەییە لەم قۆناغەدا و لەم ڕێیەدا مێژوو دەبێتە چرای ڕۆشنکردنەوەی ڕێگای ڕزگاری. کاتێک دوژمن هەموو هەوڵێک دەدات بۆ چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی مێژووی کورد و تێکۆشانی کورد لە پێناو ڕزگاری، ئەوە ئەرکی لاوانی هۆشیار و پێگەیشتووە ڕێگە بۆ ئەم کارە خۆش نەکەن، و بە وردبینییەوە مێژووی نەتەوەکەمان لە ڕێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی مێژووی گەلی کورد بخوێننەوە و لەم ڕاستایەدا لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەکادیمی بکەن. هەروەها خۆیان بە دووربگرن لە هەڵەی ئەزموونکراو و هەموو هەوڵێک بدەن لەپێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی پڕشنگدار بۆ نیشتمانەکەمان کوردستان.