بۆچی پێویستە لاوانی کورد تێکەڵی زیرەکی دەستکرد بن؟
هەورین مەنگوڕی؛ خوێندکاری ئەندازیاریی زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتیک
پێشەکی
لە جیهانی ئەمڕۆدا، تەکنەلۆژیا خێراتر لە جاران بەرەوپێش دەچێت؛ یەکێک لە بەهێزترین و سەرنجڕاکێشترین تەکنەلۆژیاکان زیرەکی دەستکردە. زیرەکی دەستکرد شۆڕشێکە لە تەکنەلۆژیا کە باڵی بەسەر هەموو جیهاندا کێشاوە. لاوانی کوردیش ئەو بەهرە و داهێنانەیان هەیە کە بەشێک بن لەم شۆڕشە.
لاوان بە فێربوونی چۆنیەتیی کارکردنی زیرەکی دەستکرد و بەکارهێنانی ژیرانە و بنیاتنانی سیستەمی زیرەک، دەتوانن کوردستان بکەنە ناوەندێکی داهێنان و پێشکەوتن. داهاتوو هی ئەو کەسانەیە کە لە تەکنەلۆژیا تێدەگەن و بۆ لاوانی کورد زیرەکی دەستکرد کلیلی بنیاتنانی ئەو داهاتووە بەهێز و گەشاوەیەیە، هەروەها فێربوون و تێگەیشتن لێی تەنیا ڕێگای سەرکەوتن نییە بەڵکوو ڕێگای گەشەپێدانی کوردستان و کردنی بە بەشێک لە جیهانی دیجیتاڵییە.
زیرەکی دەستکرد چییە؟
زیرەکی دەستکرد لقێکی زانستی کۆمپیوتەرە کە وا لە ئامێر و کۆمپیوتەر دەکات وەک مرۆڤ بیر بکەنەوە و فێر بن کە بە بەکارهێنانی ئەلگۆریتم و داتا کار دەکات. بە زمانێکی سادەتر، هەر سیستەمێک لەسەر زیرەکی مێشکی مرۆڤ بنیات نرابێت، پێی دەگوترێت زیرەکی دەستکرد، وەک فێربوون و ناسینەوە و تێگەیشتن و وڵامدانەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان و… .
گرینگیی زیرەکی دەستکرد
هەر داهێنان و پێشکەوتنێک ڕوو لە جیهان دەکات، بۆ خزمەتکردنی ئێمەی مرۆڤە، زیرەکی دەستکردیش بە هەمان شێوە یارمەتیی خەڵک دەدات کە شتەکان خێراتر و ئاسانتر ئەنجام بدەن، وەک بەکارهێنانی نەخشەی گوگڵ و کردنەوەی قفڵی دەموچاو لە مۆبایلەکەتدا. و کات و وزە پاشەکەوت دەکات، ئەرکەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەنجام دەدات وەک ڕیزکردنی ئیمەیڵەکان و ئۆتۆمبێلی خۆ لێخوڕ بۆ ئەوەی سەرنجمان لەسەر کارە گرینگەکان بێت.
هەروەها لە پزیشکیدا ئامێرەکانی زیرەکی دەستکرد بە خێرایی نەخۆشییەکان دیاری دەکەن تەنانەت دەتوانێت پێشبینیی کێشە تەندروستییە ئەگەرییەکان بکەن پێش ئەوەی ڕووبدەن. هەروەها لە بواری پەروەردەدا یارمەتیی فێرخوازان دەدات خێراتر لە شتەکان تێبگەن و خێراتر فێر بن بەهۆی ئەو ئامرازانەی لەو بوارە پەرەیان پێ دراوە.
پاڵپشتیی بازرگانی و ئابووری دەکات و هەلی کار و پیشەی نوێ دروست دەکات. و چارەسەری کێشە جیهانییەکان دەکات لە توێژینەوەکانی کەشوهەوا و کشتوکاڵ و پێشبینیکردنی کارەساتەکاندا.
بۆچی پێویستە لاوانی کورد تێکەڵی زیرەکی دەستکرد بن؟
بۆ لاوانی کورد، فێربوون و بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد زۆر گرنگە، چونکە دەتوانێت لە ڕێگەی بیرۆکە و تەکنەلۆژیای سەردەمەوە کۆمەڵگە پەرە پێ بدات. بە تێگەیشتن لێی دەتوانن بە شێوەیەکی داهێنەرانەتر بیر بکەنەوە و چارەسەری زیرەک بۆ ئاستەنگە ناوخۆییەکان بدۆزنەوە. ئەو لاوانەی فێری زیرەکی دەستکرد دەبن، نەتەوەکەیان بەرەو ئایندەیەکی گەشاوەتر و پێشکەوتووتر دەبەن.
ئەنجام
زیرەکی دەستکرد خەریکە شێوازی ژیان و کارکردنی مرۆڤەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەگۆڕێت. هێزێکی نوێ بە مرۆڤ دەبەخشێت بۆ بیرکردنەوە و دروستکردن و چارەسەرکردنی کێشەکان خێراتر دەکاتەوە. بۆ لاوانی کورد فێربوون نەک هەر بژاردەیەک بەڵکوو دەرفەتێکی گەورەیە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر. دەتوانێت یارمەتییان بدات لە مۆدێڕنکردنی کوردستان و باشترکردنی ژیانی ڕۆژانە بۆ هەمووان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیا و داهێنانەوە.
هەروەها زیرەکی دەستکرد دەرگا بەڕووی پەیوەندیی جیهانیدا دەکاتەوە، ئەمەش ڕێگەیان پێ دەدات ڕکابەری لەگەڵ کەسانی دیکە بکەن لە سەرانسەری جیهاندا. لە هەمان کاتدا دەرفەتیان پێ دەبەخشێت کە بە دروستکردنی ئامراز و ئەپی دیجیتاڵی بە زمانی کوردی، فەرهەنگی وڵاتەکەیان بپارێزن. و بە بەکارهێنانی ژیرانە و بەرپرسیارانەی زیرەکی دەستکرد دەتوانن کۆمەڵگەیەکی زیرەکتر و بەهێزتر بنیات بنێن.








