پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی 14/2/2015 لە میانەی کۆنفڕانسی رێگای ئاشتی لە شاری سلیمانی، شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکڕاتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەسەرپەرەستی پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتی رێکخراو لەگەڵ رائید محەممەد ئەلدەبعی نوێنەری لاوانی ئینتێر ناسیۆناڵ سوسیالیست لە جیهانی عەڕەبی و نوێنەری حەرەکەی لاوانی فەتحی فەلەستین کۆبوونەوە.
لەم دانیشتنەدا هاوپێوەندی و دۆستایەتی نەتەوەی کورد و فەلەستین لە رابردوو و ئەمڕۆ باس کرا و رۆڵی دکتۆر قاسملوو وەک رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و بەڕێز یاسر عەرەفات رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستین لەرابردووی ناوچەکەدا بەرز نرخێندرا.
نوێنەری لاوانی ئینتێر ناسیۆنال سۆسیالیست لە جیهانی عەڕەبی جەختی کردەوە کە لە تەبایی و ئارامی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کورد و فەلەستینی دەتوانن دەوری باش بگێڕن.
پێشەوا عەلی پوور سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای ئاماژە بەو دۆخەی کە هێزە توندئاژۆ ئایینییەکان لەناوچە خوڵقاندوویانە، باسی لە دوو قۆناغی بە دەسەڵات گەیشتنی کورد لە ناوچەکەدا کرد و گوتی “نەتەوەی کورد پاش دامەزرانی کۆماری کوردستان سەلماندی کە دتوانێ دەوری پۆزێتیڤ لە ئاشتی ناوچەکەدا بگێڕێت و ببێتە نموونەیەک بۆ ناوچە لە رووی دێموکراسی و مافی مرۆڤ، و ئێستاش لە هەرێمی کوردستان هەمان ئەزموون دووبارە بۆتەوە و کورد دیسان سەلماندوویەتی کە دەتوانێ لە گەردەلوولی کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوورگەیەکی ئارام و ئەمن و تەژی لە دێموکراسی بەڕێوە ببات.”
شایانی باسە شاندی یەکیەتیی لاوان پێکهاتبوو لە بەڕێزان: پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتیی و ئومید مودەبیری و محەممەد عەلیزادە لە بەشی پێوەندییەکانی یەکیەتیی لاوان