پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤/٢/٢٠١٥ لە شاری سلێمانی سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکڕاتی رۆژهەڵاتی کوردستان و سکرتێری لاوانی ئینتێر ناسیۆناڵ سوسیالیست بەیەکەوە دیدارێکیان ئەنجام دا
لەم دیدارەدا پێشەوا عەلی پوور باسی لە دۆخی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کاریگەری ئیسلامی سیاسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە کرد و گوتی کە:” لاوانی بنەماڵەی گەورەی ئینتێر ناسیۆناڵ سوسیالیست دەبێ لە ریزی پێشەوەی بەربەرەکانی هێزە توندڕەوەکان بن و ناکرێت لەم ئاڵۆزیانەدا دەوری مەنفی کۆماری ئیسلامی لەبیر بکەین “.
خاتوو ئەوین ئەنجیر سکرتێری لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست وێڕای بەرز نرخاندنی دەوری لاوانی کورد لە پارێزگاری کوردستان و بەربەرەکانی لەگەڵ گرووپە توندرەوەکان ئاماژەی بە دۆخی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و وتی:” دەبێ لاوانی دێموکڕات بە هاوکاری لاوانی ئینتێر ناسیۆناڵ سوسیالیست پشتیوانی سەرەکی لاوانی چەوساوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بن”
لە درێژەی ئەم دیدارەدا هەردوو لا جەختیان کردەوە کە رێژیمی ئیسلامی ئێران دەوری نێگەتیڤی هەیە لە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەناردە کردنی ئینقلابی شیعە بۆ وڵاتانی دەرووبەر و سەپاندنی هێژموونی شیعە لەو هۆکارانە بوون کە داعش بەم شێوە نامرۆڤانەیە دژکردەوە نیشان بدات.
لە کۆتاییدا هەر دوو لایەن کۆک بوون لەسەر داڕشتنهوهی بەرنامە و پڕۆژە بۆ داهاتووی لاوان و بانگەشە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان و دادپەروەر و هەروەها کارکردن بۆ گەڕانەوەی ئایین بۆناو ژیانی شەخسی مرۆڤەکان و وەستانەوە لەبەرامبەر دیکتاتۆڕەکان.