حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە رێوەڕەسمێکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە، 2ی رێبەندان بەبۆنەی 69 ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە بەشداریی سەدان کەس لە کادرو پێشمەرگەکانی حیزب و ئەندام و میوان بەڕێوەی برد، بەڵێنی بە خەڵکی کوردستان دایەوە کە لە هەوڵو تێکۆشان بۆ لێکنزیکبوونەوەو دروستکردنی بەستێنی گونجاو بۆ هاوخەباتی و کاری هاوبەش، غافڵ نەبێ.
ڕێوڕەسمی 69 ساڵەی دامەزانی کۆماری کوردستان بە سروودی نەتەوەیی ئەیرەقیبو ڕاگرتنی ساتێک بە بێدەنگی بۆ ریزگرتن لە یادو بیرەوەریی شەهیدانی حیزبو گەل، بە تایبەت شەهیدانی کۆماری کوردستان دەستی پێکردو پاشان وتاری دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیە لەلایەن کاک قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسییەوە پێشکێش کرا.
لەو پەیامەدا هاتبوو پێکهاتنی کۆماری کوردستان، ئەو ڕووداوە سیاسیو نەتەوەییەیە کە دەهێنێ هەموو ساڵێ بە شانازییەوە یادی بکەینەوە. حیزبی دیموکراتی کوردستان، خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستانو لەمەش زیاتر نەتەوەی کورد لە تەواوەتیی خۆیدا، هەر کامیان بە هۆو دەلیلی تایبەت، لە سەریانە هەموو ساڵێ بەو پەڕی ڕێزو وەفاوە یادی ئەو ڕووداوە گرنگە بکەنەوە. حیزبی دیموکراتی کوردستان، حەقیەتی شانازی بە خۆی بکا، چونکە دامەزرێنەری ئەم دەوڵەتە پڕشوێنەوارە بووەو پێشەوای ئەم حیزبە، سەرۆکایەتیی ئەو کۆمارەی کردوە. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، هەر وەک بە کردەوە سەلماندوویانە، لە شانازیکردن بەم ڕووداوە سیاسییە غافڵ نەبوون، چونکە کۆمار هەڵقووڵاوی ئیرادەی ئەوانو نوێنگەی ئارەزووی ئەوان بۆ ڕزگاربوون لە بندەستی بووە. دڵگەرم بە پشتیوانیو هاوکاریی ئەوان بوو کە پێشەوا قازی محەممەدو حیزبەکەی لە خۆیان ڕادی، دەست بۆ ئەم کارە گەوەرەیە – راگەیاندنی کۆماری کوردستان- ببەن. نەتەوەی کوردیش حەقی خۆیەتی دامەزرانی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی لە بەشێکی نیشتمانەکەیدا، وەک یەک لە گەورەترین ڕووداوە سیاسییەکانی مێژووی خۆی لە سەدەی بیستەمدا چاو لێ بکاو بە شانازییەوە هەموو ساڵێ یادی بکاتەوە. چونکە بە دامەزرانی ئەو کۆمارە، پێگەیشتوویی سیاسیو نەتەوەیی خۆی سەلماندو بەردەوامیی خۆی لە سەر ئیرادەی ڕزگاری لە بندەستیو ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی کوردی، جارێکی دیکەو ئەمجارەیان بە ناوەرۆکێکی نوێو دەوڵەمەندەوە، دووپات کردەوە.
کاک قادر وریا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی دەفتەری سیاسیدا گوتی کۆماری کوردستان، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری مەهاباد پێک هاتبوو، بێ ئەوەی بە مافی خۆی بزانێ بڕیار بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان بدا، باوەشی بۆ تێکۆشەرانو دڵسۆزانی کورد لە هەموو پارچەکان کردبۆوە. ئەگەر بارزانییەکان بە سەرۆکایەتی مەلامستەفا بارزانیو ئەگەر ئەفسەرانی شۆڕشگێڕو مامۆستایانو ڕووناکبیرانی نەتەوەییو دڵسۆزی باشوورو بەشەکانی دیکە، بێهیچ چاوەڕوانییەکو تەنیا بە نیازی خزمەت هاتبوونە ژێر سێبەری دەسەلاتی کۆمار، دەولەتی جمهووریی کوردستانیش، بەو پەڕی ڕیزو پێزانینەوە، شانبەشانی خەڵکی خۆوڵاتیو تەنانەت لە پێشەوەی ئەوانیش، کاروباری ئەم دەسەڵاتە کوردییەی پێ سپاردبوون و نەریتی هاوکاریی دوولایەنە لە نێوان دەسەلاتی کوردیو تێکۆشەرانی بەشەکانی دیکە، لە کۆماری کوردستانەوە داهاتوە.
لە بەشیکی دیکەی ئەو پەیامەدا هاتبوو کە ئێمە دەزانین کە بەرەوپیشچوونی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانو نزیکبوونەوە لە ئامانجەکانی کۆماری کوردستان، لە گرەوی یەکڕیزیی خەڵکەکەمان و یەکگرتووییو هاوخەباتیی هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشە دایە. لەم بیرەوەرییە مێژووییەدا، جاریکی دیکە بەڵین بە خەڵکی کوردستان دەدەینەوە کە لە هەوڵو تێکۆشان بۆ لێکنزیکبوونەوەو دروستکردنی بەستێنی گونجاو بۆ هاوخەباتی و کاری هاوبەش، غافڵ نەبین.
دوای وتاری دەفتەری سیاسیی حیزب سروودێک لەلایەن کۆڕی هونەری حیزبەوە بە ناوی “سروودی گەرچی زستان بوو” پێشکێش کراو دواتر پەیامی هاوبەشی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانو یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ٦٩ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لەلایەن پێشەوا عەلیپوورەوە خوێندرایەوە.
لە بەشێکی ئەو پەیامەدا هاتبوو کە کەم نین ئەو هێزانەی لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی و حزبیدا خۆیان لەگەڵ واقیعێکی نەخوازراوی گەلەکەیان دەگونجێنن، بەڵام حزبی دیموکراتی کوردستان و پێشەوا قازی محەمەد رەستەیەکی نەگۆری خستە ناو قامووسی ئەدەبیات و کرداری سیاسیی، رەستەیەک کە سەدان ساڵە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشوێنیدا وێلە، ئەویش ئەوەیە کە “خوێنی سەرکردە لەهی خەڵکەکەی کە سەرۆکایەتی دەکات سوورتر نییە.” کۆماری کوردستان لەدایکبوونەکەی چەندە گرانبەها بوو، مردنەکەشی سەد هێندە بەنرختربوو، چونکە جارێکیتر ئەخلاقی لەگەڵ سیاسەت ئاشتکردەوەو، پێشەوامان بەپێچەوانەی ئەوەی لەئازەربایجان روویدا، خۆی فیدای خەڵکەکەی کرد. هەربۆیەش ئێستاش دوای ٦٩ ساڵ تاکە شانازی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت هەبوونی کاریزمایەکی ئەخلاقییە، کەنەبوونیشی یەکجار زۆر واتادارە.
سروودی “یادی کۆمار”و خوێندنەوەی شێعری پێشمەرگە لەلایەن پێشمەرگەی شاعیر رەسووڵ سوڵتانی، گۆرانیی”بارگەی خەم” لەلایەن بێهرووز لوتفی گەشتێک بە ناو گۆرانیی فۆلکلۆر لەلایەن کۆڕی هونەریی حیزب چەند بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێورەسمە بوو.
ڕێوڕەسمی 69 ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە پیرۆزبایی بەشدارانی ئەو کۆڕیادە لە یەکترو نوێکردنەوەی پەیمانی وەفا لەگەڵ دامەزرێنەرانی کۆمار بۆ درێژەدانی رێگایانو هەوڵدان بۆ وەدیهێنانەوەی ئامانجەکەیان کۆتایی پێهات.