مانگه‌کانی گهلاوێژو خه‌رمانان وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی یه‌کێک له‌و جینایه‌ته بهسامو ترسناکانه‌یه که له ده‌ورانی ده‌سه‌ڵاتداری کۆماری ئیسلامی‌دا ڕووی داوه. 25 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له مانگه‌کانی گهلاوێژو خه‌رمانانی ساڵی 1367یههتاویدا رێژیمی ئیسلامی ده‌ستی بۆ جینایه‌تێک برد که تا ئێستاش به‌ڵگه‌و ئاسه‌واره‌کانی شاهیدێکی زیندوون بۆ دڵڕهقیو بێبهزهییو وه‌حشیگه‌رانه‌ی به‌رپرسانی رێژیمی ئیسلامی.
پڕۆسه‌ی کوشت‌و کوشتاری زیندانییه سیاسییه‌کان له زیندانه‌کانی ئێران له رۆژی هه‌ینی 28ی گه‌لاوێژی ساڵی 1367یههتاویدا ته‌نیا رۆژێک دوای خواردنه‌وه‌ی پیاڵه‌ی ژه‌هرو ئاگربه‌ست له شه‌ڕی دواکه‌وتووی ئێران‌و ئێڕاقو به‌پێی فه‌رمانی خومه‌ینی رێبه‌ری رێژیمی ئیسلامی ده‌ستی پێ‌کرد، له‌م رۆژه‌دا پێوه‌ندی زیندانییه سه‌ره‌کییه‌کانی ئێران له‌گه‌ڵ دونیای ده‌ره‌وه‌دا به ته‌واوی پچڕا‌و له ماوه‌ی دوو مانگدا جینایه‌تێک خوڵقا که تاکوو ساڵانێکیش کۆمه‌ڵگای ئێرانی خسته نێو غه‌مێکی مهرگاوییهوه.
به‌پێی فه‌رمانی خومه‌ینی، کۆمیسیۆنێکی تایبه‌ت به سه‌رپه‌رشتی “ئایه‌توڵڵا ئه‌شراقی” پێکهاتوو له نوێنه‌رانی خومه‌ینی، سه‌رکۆمار، دادستانی گشتی، دادگاکانی به‌ناو شۆڕش، وه‌زاره‌تخانه‌کانی خانه‌ی دادوهریو ئیتلاعات‌و ئیداره‌ی زیندانه سه‌ره‌کییه‌کانی پاراستنی زیندانییه سیاسییه‌کانی ئهوینو گه‌وهه‌رده‌شتی که‌ره‌ج پێک هاتو بوونه به‌رپرسی پڕۆژه‌ی کوشتاری زیندانییه سیاسییه‌کان.
له‌م ڕۆژانه‌دا ده‌زگای کوشتارو جینایه‌تی رێژیمی ئیسلامی هه‌زاران زیندانی به بیروباوه‌ڕگه‌لێکی جۆراجۆری سیاسییه‌وه برده ژێر په‌تی سێداره‌و به‌پێی هێندێک راپۆڕت له نێوان پێنج بۆ شه‌ش هه‌زار که‌سی شۆڕشگێڕ له‌م جینایه‌ته ترسناکه‌دا پاش خۆڕاگری‌و به‌ربه‌ره‌کانی له‌سه‌ر بیر‌و باوه‌ڕه‌کانیان گیانیان له‌ده‌ست دا‌و چوونه ریزی کاروانی نه‌مرانه‌وه.
رێژیم ته‌نیا پاش چواری سه‌رماوه‌زی هه‌ر ئه‌و ساڵه بنه‌ماڵه‌ی قوربانییه‌کانی ئاگادار کرده‌وه‌و پاش ئه‌و رێکه‌وته بوو که خه‌ڵکی ئێران له رووداوی ئه‌م جینایه‌ته دژه مرۆڤایه‌تییه‌ی له زیندانه‌کانی رێژیمی ئیسلامی ئاگادار بوونه‌وه.
به دوای ئه‌م جینایه‌ته‌ی رێژیم‌دا هه‌زاران که‌س له زیندانییه ئێعدام کراوه‌کانیان به کۆمه‌ڵ له گۆڕستانی خاوه‌ران خسته ژێر خاکه‌وه، به‌ڵام ئه‌م پڕۆسه‌یه هاوکات له ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران بۆوێنه له کوردستانیش به‌ڕێوه‌چوو، به شێوه‌یه‌ک که ئه‌مڕۆ له‌ڕاستیدا نه‌ک ته‌نیا له گوڵزاری خاوه‌ران، به‌ڵکوو ده‌بێ قسه له گوڵزارانی خاوه‌ران له سه‌رتاسه‌ری ئێران‌دا بکرێ.
ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆش به‌رپرسانی جینایه‌تکاری کۆماری ئیسلامی پێشگیری له چوونی دایکانی جه‌رگ سووتاو بۆ سه‌ر گڵکۆی ئازیزه‌کانیان دهکهنو، له رۆژانێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا ده‌وران ده‌وری گوڵزاری خاوه‌ران به مه‌ئمووره‌کانیان له به‌رگی مه‌ده‌نیدا ده‌ته‌نن تاکوو نه‌کا دایکێکی دڵسووتاو ئه‌گه‌ر بۆ ساتێکیش بێ له‌سه‌ر گڵکۆی شه‌هیده‌کانیان ئارام بگرن‌و سوکناییان بێ.
تاقمێک له بهڕێوهبهرانو رێکخه‌رانی ئه‌م جینایه‌ته سامناکه هه‌نووکه له کابینه‌ی حه‌سه‌ن رووحانی دان. ئه‌و که‌سانه‌ی له نزیکه‌وه گۆڕانکاریه‌کانی کۆماری ئیسلامی‌یان ته‌عقیب کردوه گومانیان له‌وه‌دا نیه که 25 ساڵ لهمهوبهرو له کاتی کاره‌ساتی کوژرانی هه‌زاران که‌س له زیندانییه سیاسییهکانو ناشتنیان له گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌کاندا، حه‌سه‌ن رووحانی له نزیکانو راوێژکارانی ره‌فسه‌نجانی‌و شه‌خسی خومه‌ینی بووه.
له لایه‌کیتره‌وه رێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ له ساڵی 1384یههتاوی له راپۆڕتێکدا له ژێر ناوی “تاوانی مه‌رگ” بڵاو کرده‌وه، ئاماژه به رۆڵی راسته‌وخۆی “مسته‌فای پوورمحه‌ممه‌دی” که له لایه‌ن حه‌سه‌ن رووحانی وه‌ک وه‌زیری خانه‌ی دادوه‌ری(دادگستری) دیاری کراوه، ده‌کا که له رووداوی ئێعدامی هه‌زاران که‌س له زیندانییه سیاسییه‌کاندا ده‌ستی هه‌بووه. له هاوینی ساڵی 1367یههتاویدا، مسته‌فا پوورمحه‌ممه‌دی، جێگری وه‌زیری ئیتلاعات‌و ئه‌ندامی هه‌یئه‌تێک بوو که به‌وه تاوانباره که لێکۆڵینه‌وه‌ی له هه‌زاران زیندانی سیاسی‌و گولله‌باران کردوه.
هه‌روه‌ها عه‌لی ره‌بیعی که له لایه‌ن رووحانییه‌وه وه‌ک وه‌زیری کار داندراوه، له فه‌رمانده یه‌که‌کانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران له ده‌یه‌ی 60ی هه‌تاویدا بووه‌و له بکه‌رانی کوشتاری زیندانییه سیاسییه‌کان له ساڵی 1367ی هه‌تاوی به ئه‌ژمار دێ. عه‌لی ره‌بیعی دوابه‌دوای ئه‌وه له سه‌رده‌می خاته‌میدا بووه سکرتێری به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایش‌و له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن رووحانی‌دا پێکه‌وه وه‌شوێن کاروباری ئه‌منیه‌تییه‌وه بوون. ناوبراو له زانکۆی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات به ناوی ئیمام باقر مامۆستای شه‌ڕی دهروونیو له هۆکارانی قه‌تڵه زنجیره‌ییه‌کان بووه. ئه‌مه‌یه رووخساری راسته‌قینه‌ی ده‌وڵه‌تی “تدبیرو امید”ی حه‌سه‌ن رووحانی.
ئه‌مڕۆکه به ههوڵو هیممه‌تی خه‌باتگێڕانی سیاسی‌و رزگاربووان له کوشتارگه‌کانی ئه‌وین، ره‌جایی شه‌هر، عادڵ ئاوا، دیزڵ ئاوا‌و به‌ندیخانه‌ی سنه‌و شوێنه‌کانیتر، ره‌هه‌نده‌کانی ئه‌م جینایه‌ته دژه مرۆڤانه‌یه روون بۆته‌وه. هه‌موو ساڵێک له مانگه‌کانی گهلاوێژو خه‌رماناندا ده‌یان بۆنه‌و رێ‌و ره‌سمی یادکردنه‌وه‌و ده‌یان کهمپهینو بڵاوکردنه‌وه‌ی بیرهوهریو به‌ڵگه له وڵاته جۆراوجۆره‌کانی جیهاندا به‌ڕێوه ده‌چێ. له‌وه‌ها بارودۆخێکدا په‌رده‌پۆشی ئه‌م جینایه‌تانه له لایه‌ن دهستو پێوه‌ندیگه‌لێکی وه‌ک حه‌سه‌ن رووحانی، مسته‌فا پوورمحهممهدیو عه‌لی ره‌بیعی‌و حاشا لێکردنی رۆڵێک که له‌م جینایه‌تانه‌دا بوویانه، زۆر به جوانی ماهیه‌تی راسته‌قینه‌ی کابینه‌ی حه‌سه‌ن رووحانی ئاشکرا ده‌کا.
خه‌ڵکی ئێران هۆکاره راستهوخۆو ناڕاسته‌وخۆکان، بهڕێوهبهرانو قامک لهسهردانهرانی ئه‌م جینایه‌ته نه له‌بیر دهکهنو نه ده‌شیان به‌خشن. بوونی ئه‌م جینایه‌تکاره کارکوشتانه له کابینه‌ی حه‌سه‌ن رووحانی‌دا ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن که ئه‌گه‌ر خه‌ڵک ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان پێبده‌ن، ده‌چنه‌وه سه‌ر ئه‌و رێیه‌ی که خومه‌ینی به کوشتاره‌کانی ده‌یه‌ی شهستو به ئه‌وپه‌ڕی گه‌یاندنی له ساڵی 67دا پێی نیشان داون.
سه‌ره‌نجام ئه‌و رۆژه دێ که به‌ڕێوه‌به‌رانی جینایه‌تکاری کۆماری ئیسلامی بێنه به‌رده‌م دادگای عه‌داڵه‌تی خه‌ڵکی زهجردیتووی ئێران‌و محاکمه بکرێن‌و، ئه‌و نهێنییه سه‌رداپۆشراوه جینایه‌ته له ژمارنههاتووانهی که تووشی بوون زیاتر ئاشکرا بن‌و سزای خۆیان وه‌رگرن.
یادی گیان به‌خت کردووانی کوشتاری ساڵی 67و هه‌موو گیان به‌خت کردووانی رێگای ئازادی مرۆڤایه‌تی به‌خێر!
وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: باوکی ژیار
تێبینی: ئه‌م وتاره پێشتر له گۆڤاری ژماره 51-52ی لاوان‌دا بلاو کراوه‌ته‌وه