ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی ڕێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە سەرەتا بە ساتێک بێدەنگی بۆ سەرجەم گیانبەختکردووانی کوردستان دەستی پێکرد و هەروەها کۆبوونەوەکە لە دوو پەنێل پێکهاتبوو کە ڕێکخراوەکان ئامانج و وتەکانی خۆیان پێشکەش کرد.
لە پەنێلی یەکەم دا هەر ڕێکخراوەیەک هەڵوێست و تێبینی خۆی لە دوای تاوتۆ کردنی باروودۆخی لاوان لە ئێران و کوردستان، ئاڵووگۆڕی ناوچەکە و پرس و تەوەرە گرینگەکانی ڕۆژ و جیهان بەرامبەر بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس ڕاگەیاند و لە دوای ئەوە ڕێکخراوەکان بە نووسینی ڕاگەیاندنێکی هاوبەش و هاوئاهەنگ،هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامییان بایکۆت کرد کە مەبەست و ئامانجی ڕاگەیاندنەکە لە لایەن پێشەوا عەلیپوور، سکرتێری یەکیەتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش بە میدیاکان کرا.
پەنێلی کۆتایی تەرخان کرا بۆ تاوتۆکردنی پڕەنسیبەکانی لێژنەی هاوئاهەنگی ڕیکخراوەکانی لاوان و دووپات کردنەوەی بابەتەکان و بڕیاردرا کە لێژنەکە بە بەهێزی بە چەندین کاری هاوبەش و چالاکی بەردەوام کارا بکرێتەوە و بە ئامانجی ئامادەکاری بۆ بەستنی دووهەمین کۆنفڕانسی لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئامادە بێت.
٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی
١٦ی ژانویەی ٢٠٢٠ی زایینی
لێژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات