ڕۆژی سێشەممە ٣/٦/٢٠٢٦ (١٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ی کوردی)، لەسەر داوای یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ ڕێکخراوی Friedrich-Ebert-Stiftung (FES) لە شاری بێرلینی پایتەختی ئاڵمان ئەنجامدرا.
ئەم کۆبوونەوەیە بە بەشداریی شاندێک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، “کەماڵ محێدینی” بەرپرسی یەکیەتیی لاوان لە دەرەوەی وڵات، بە سوپاس و پێزانین لە ڕێکخراوی FES بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە، باسی لە ئامانج و داواکارییەکانی یەکیەتیی لاوان کرد و بەوردی ئاماژەی بە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گۆڕانکارییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ناوچەکە کرد.
محێدینی لە درێژەی قسەکانیدا، هیوای خواست بۆ فراوانبوونی هاوکاری و پەیوەندییەکان لەگەڵ بنکەکانی FES تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی وڵات.
نوێنەرانی FES پێشوازییان لە داواکاری و پێشنیارەکانی یەکیەتیی لاوان کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ درێژەپێدانی گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی هەلی هاوکارییەکانی داهاتوو دەربڕی.
هەروەها لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باس لەو کێشە و ئاستەنگانە کرا کە لاوانی کورد لە بنکەکانی حیزب بەهۆی نەبوونی ناسنامە و بەڵگەنامەی فەرمی ڕووبەڕوویان دەبنەوە. ئاماژە بەوەش درا کە ئەم کێشەیە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ژیانی خوێندنی لاوان هەیە، چونکە زۆربەیان بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامە و ناسنامەی فەرمی ناتوانن بە ئاسانی لە قوتابخانە و زانکۆکان ناوی خۆیان تۆمار بکەن یان بەشداری لە بەرنامە پەروەردەیی و فێرکارییە جۆراوجۆرەکاندا بکەن.
هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ئەم دۆخە بارێکی قورسی دەروونی و کۆمەڵایەتیی لەسەر شانی لاوان داناوە و بووەتە هۆی سنوورداربوونی دەرفەتەکانی خوێندن، گەشەی کەسی و پێشکەوتنی زانستی و کۆمەڵایەتییان.
پاشان “لەنیا ڕەسووڵی” بە نوێنەرایەتیی لاوان لە ئاڵمان، باسێکی وردی لەسەر بارودۆخی ئێستای بنکەکانی حیزب و ژیانی ڕۆژانەی ئەندامان و خێزانەکانیان پێشکەش کرد.
ناوبراو ئاماژەی بە هێرشە درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و بە پیشاندانی چەند وێنەیەک، وێنەیەکی ڕوونتری لە زیان و کاریگەرییەکانی ئەو هێرشانە و دۆخی ئێستای بنکەکان خستە بەرچاو.
لە بەشی دواتردا، “مستەفا قازیزادە” و “نەرمین حوسێنی” بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات، باسیان لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دۆخی ناوخۆیی حیزب و کاریگەرییەکانی فشار و هێرشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد.
ناوبراوان ئاماژەیان بەوە دا کە ئەم فشارانە تەنها کاریگەریی ئابوورییان نەبووە، بەڵکوو کاریگەرییەکی قووڵی دەروونی و کۆمەڵایەتییان لەسەر دانیشتووانی بنکەکانیش هەیە.
لە کۆتاییدا، خاتوو “فرێدریکا شتۆلئایس” و هاوکارەکەی بە گەرمی پێشوازییان لە باس و پێشکەشکراوەکان کرد و خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە دەربڕی. هەروەها جەختیان لەسەر گرنگیی هاوکاری لەگەڵ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیی پەیوەندی و لێکنزیکبوونەوەی زیاتر نیشان دا.
کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانە و بەرهەمداردا کۆتایی هات و هەردوو لایەن بە فیدباک و تێڕوانینێکی ئەرێنی، لەسەر گرنگیی درێژەپێدانی ئەم جۆرە گفتوگۆ و هاوکارییانە جەختیان کردەوە.








