بە بانگهێشتنامەی فەرمیی ڕێکخراوی لاوانی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان (Jusos)، شاندێک لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆنفڕانسی ساڵانەی ئەم ڕێکخراوەدا بەشدار بوو.
کۆنفڕانسەکە لە ڕێکەوتی ٢٩/٠٥/٢٠٢٦ دەستی پێ کرد و تا ٣١/٠٥/٢٠٢٦، بەردەوام بوو.
لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفڕانسەکەدا، لەسەر دۆخی ئابووریی ئاڵمان بەگشتی و هەروەها پرسی کار و پیشە و دەرفەتەکانی لاوان باس و گفتوگۆ کرا. بەشداربووان بۆچوون و تێڕوانینی خۆیان لەسەر ئەو بابەتانە ئاڵوگۆڕ کرد.
لە ڕۆژی دووەمی کۆنفڕانسەکەدا، بە شێوەیەکی گشتی لەسەر سیاسەتی ئەورووپا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەخت کرایەوە. هەروەها، نوێنەرانی چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کە بانگهێشت کرابوون، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ بەڕێز “هاکان دێمیر” ئەندامی پەرلەمانی ئاڵمان، بەشدار بوون و لەسەر ژمارەیەک بابەتی سیاسی و نێودەوڵەتی گفتوگۆیان کرد.
لە درێژەی بەرنامەکەدا، ناساندنێکی گشتی لەبارەی پەرلەمانی ئاڵمان و سیستەمی کارکردنی پێشکەش کرا. دواتر، بەشداربووان لە چەندین وۆرکشۆپی نێودەوڵەتی بەشدار بوون و لەسەر بابەتە جیاوازەکان گفتوگۆیان کرد.
لە ڕۆژی کۆتایی کۆنفڕانسەکەدا، وۆرکشۆپێک تایبەت بۆ دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها ئۆکراین لە بارودۆخی شەڕدا پێک هێنرابوو.
لەم چوارچێوەیەدا، “لەنیا ڕەسوڵی” وەک نوێنەرایەتیی لاوان لە ئاڵمان، بابەتێکی لەبارەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دۆخی گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ویست و داخوازییەکانی لاوان و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پێشکەش کرد.
لە درێژەدا “کەماڵ محێدینی” بەرپرسی یەکیەتیی لاوان لە دەرەوەی وڵات، بە وردی باسی لە دۆخی مافە زەوتکراوەکانی گەلی کورد کرد و ڕوونکردنەوەیەکی فراوانی لەبارەی بارودۆخی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و هێرشی تیرۆریستیی سپای پاسداران بۆ سەر کەمپی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد و لەسەر ئەوە جەختی کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئورووپاییەکان، نابێ چاوپۆشی لەم هێرشە دڕندانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن و دەبێ هەڵوێستی پێویست بگرنەبەر و لە کۆتاییشدا وڵامی پرسیاری بەشداربووانی دایەوە.
لە کۆتاییدا، بەشداربوونی شاندی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەدا هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ناساندنی پرسی کورد و بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بۆچوون لەگەڵ ڕێکخراو و دامەزراوەکانی لاوان لە جیهاندا.








