بەڕیز سکرتاریای یەکیەتیی لاوان
وێڕای سڵاو
ناکرێ باس لە کۆمەلگە و پەرەسەندن و هەر پێشکەوتنێکی کۆمەڵ بکەی و قامکت نەچێتە سەر ڕۆڵ و قورسایی شوێندانەری لاوان؛ جا لە زانستدا، لە جموجۆڵی مەدەنی و فەرهەنگیدا و لە حەوزەی
سیاسەتدا و لە هەر جێیەک گۆڕانێک و پێشڤەچوونێک بێ، بێگومان لەو شوێنە لاوان چەند هەنگاو و مەودایەک لەپێشترن. لاوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەروەها.
ئەوەی ئەمڕۆکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو بەستێنەکاندا بەرەڕووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆتەوە و بەگژ پلان و پیلانەکانیدا چۆتەوە، هێزی بەهێزی لاوانە کە چوار دەیە سیاسەتی سەرکوت و تواندنەنەوە نەیتوانیوە لە جێگەوپێگەی خۆیانیان داببڕێ و ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیان لەبیر بباتەوە. ئەوەی لەو نێوەشدا دەبێ تیشکی بخرێتەسەر ڕۆڵی ڕێکخراوە و دامەرزاوەکانی لاوانە وەک داینەمۆی ئەم گۆڕانکارییانەن کە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک لەوانە.
ئێستاش کە ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانە، لە قووڵایی دڵەوە پیرۆزبایی بە بەڕێوەبەران و ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە دەڵێم. دەخوازم یەکیەتیی لاوان پتر هەست بە جێگە و شوێندانەریی خۆیان بکەن و پتر خۆیان بە کار و پڕۆژەی مەیدانی لەگەڵ لاوانی ڕۆژهەڵاتە بندەستەکەمان ماندوو بکەن. یەکیەتیی لاوان دەبێ ئەو متمانەیە دروست بکا کە جڵەوی کارەکان بە ئەرخەیانییەوە بدرێتە دەست لاوان و، لاوانیش ڕۆڵی بنیاتنەر و پێشەنگایەتیی خۆیان لە هەموو بەستێنەکاندا بپارێزن.
عەلی بداغی
٢٢/١/١٣٩٨