لاوانی خەباتگێڕی کوردستان
بە بۆنەی ۲۲ی خاکەلێوە، ۷٦مین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوادارم لەپێناوی بەدەستهێنانی مافەکانتان نەسرەوتوو بن.
توێژی لاوان بە هۆی تایبەتمەندیی قۆناغی تەمەنی و گرێدراویی کەمتری ماددی، دینامیکترین و ڕادیکاڵترین توێژی کۆمەڵگان. لاوانن کە زۆرترین توانای بردنە ژێر پرسیاری پێکهاتە زاڵەکانیان هەیە و بە ئومێدی وەدیهێنانی دنیایەکی جیاواز، تەنگ و چەڵەمەکانی سەر ڕێگا، نایانترسێنێ و تووشی موحافیزەکارییان ناکا. گۆڕانخوازی و ڕادیکالیزم دوو تایبەتمەندیی لاوانن. هەر کۆمەڵگایەک لە نەبوونی توانا و خولیا و هزری لاوانە و گەنجانەدا، تووشی پاسیفیزم دەبێ و چەق دەبەستێ. لاوێتی و گەنجبوون لە ئیرادەی تێپەڕاندنی نەزمی مەوجوودا دەردەکەوێ و زێدەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێم بەبێ ئیرادە و هزری گەنجانە، داهێنان و خوڵقاندن نایەتە ئارا و بەگشتی کۆمەڵگا لە نەریت و ڕابردوودا دەخنکێ. بەم پێناسەوە، لاوان زیاتر لە هەر توێژێکی دیکە ئەرکی ڕەتکردنەوە و تێپەڕاندنی نەزمی مەوجوودیان لەسەر شانە و پێویستە هەست بە بەرپرسیارێتی خۆیان بکەن و زیاتر لە پێشوو ڕۆڵی دینامیزم و کاتالیزۆری خەبات بگێڕن. چاوەڕوانیمان لە لاوانی وڵاتەکەمان ئەوەیە کە ڕۆڵی لۆکۆمۆتیوی خەبات بگێڕن و ورەبەخشتر و ئازایانەتر لە پێشووش مەیدانداری بکەن و لە هەر شوێنێک ترس و موحافیزەکاری و پاسیڤبوونیان دیت، بەرەنگاری ببنەوە. لە بیرتان نەچێ لاونبوون واتە چالاکبوون و ڕوحیە و نەوەستان؛ واتە خەونبینین بە دنیایەکی گەشتر و جوانترەوە و، واتە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونە.
بەڕێزەوە حەسەن شێخانی
٢٢/١/١٣٩٨