هاورێیان لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژەهەڵاتی کوردستان
لاوان بە گشتی توێژی دیار و هەڵسووری نێو کۆمەڵگان، ئەوان بە هەست بە بەرپرسایەتی کردن دەبنە پێشەنگ و لە زۆر بواردا کار بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەیان دەکەن.
لاوانی کوردیش وەک زۆربەی لاوانی دونیا خەبات دەکەن بۆ دەستبەرکردنی ویست و داخوازییەکانی خۆیان و کۆمەڵگا، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە کاتی دامەزرانییەوە تاکوو ئێرە، بە هەزاران لاوی خوێن گەرم و نیشتمانپەروەری لە خۆیدا کۆکردوونەوە وهەنووکەش وەک ڕێکخراوێکی پێشرەو لە گۆڕەپانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان دا پێشەنگایەتی دەکا. دەیان سەرکردەو ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان پێش ئەوەی ببنە ئەندامی حدک لە نێو ڕێکخراوی لاوان دا خەباتیان کردووە و دیارترینیان شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری نەمری حیزب و گەلە و ئێستاش کەم نین ئەو ڕێبەرانەی کە لە لاوان دا پەروەردە بوون.
یەکیەتیی لاوان دەبێ ببێتە پردی بە یەک گەیاندنی نەسڵی نوێ و نەسڵی پێش خۆیان و لە هەوڵی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان و عەداڵەتخواز دابێ و بۆ گەیشتن بە یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی پێویستە کە لە هەموو ڕەهەندەکانی خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران کەڵک وەربگرێ و پەیامی نەتەوەیی خۆی کە خەبات بۆ ڕزگاری کوردستانە بە گوێی کچ و کوڕ و ژن و پیاو و بە گشتی کۆمەڵگای کوردستان بگەیێنێ و لەو پەیوەندییەدا یەکیەتیی لاوان دەبێ مایەی زیاتر لە خۆی دابنێ و بە وەرگرتن و بە ئەندام کردنی لاوانی نێوخۆی وڵات و دەروەی وڵات ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕۆژ بکاتەوە.
بە ڕێز و حورمەتەوە
حەمەرەسووڵ کەریمی
٢٢/١/١٣٩٨