لە ئاوایی نێ ی سەر بەشاری مەریوان و بە بەشداری خەڵکی نیشتمان پەرەوەری ئەو ئاوایی یە و خەڵکی دەوروبەری تەرمی نەخشێندراو بەئاڵای کوردستانی چالاکوان و ژینگە پارێز، خەبات ئەحمەدی بەخاک سپێدردرا.
خەبات ئەحمەدی چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوان و کوڕی شەهیدێکی حیزبی دێموکڕات بوو کە بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو کوڕی شەهید “مەنسوور ئەحمەدی” بوو کە ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی ڕێبەندانی ١٣٩٨، لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشیەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو، یەکێک لە کەسانی دڵسۆزو نیشتمانپەروەری ناوچەی مەریوان و ئەندامی ئەنجومەنی “سەوزی چیا”ی مەریوان بوو کە هەمیشە بە دڵسۆزیەوە ئەرکی ژینگەدۆستی و ژینگەپارێزی خۆی وێڕای هاوڕێیانی ئەندام لە ئەنجومەنی سەوزی چیا بەجێ دەگەیاند.
شایانی باسە، ئەنجومەنی سەوزی چیا، یەکێک لە ئەنجومەنە چالاکەکانی شاری مەریوان و دەورووبەریەتی، کە ساڵانە بە ئەرکی کەسانی دڵسۆزی ژینگەپارێز، چەندین چالاکی ژینگەیی لە پێوەندی لەگەڵ پاراستنی ژینگە، هەوڵدان بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە پرس و بابەتەکانی ژینگە، پێشگرتن لە سووتانی دارستانەکان و بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان بەڕێوەدەبات.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکێتی لاوانی دێموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پرسەو سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری خەبات ئەحمەدی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.