ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە ٢٨ی سێپتامبری٢٠٢١، کۆنفڕانسی ڕێبەرانی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست لەژێر ناوی “لاوان و دوورەدیمەنی ئاڵوگۆڕە دێموکراتیکەکان لە ناوچەی مەدیتەرانە ” بە بەشداری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە شێوەی ئانلاین دەستی بەکارەکانی کرد.
ڕۆژی یەکەمی کۆنفڕانس بە وتاری بەڕێز بروونۆ گۆنزالێس سکرتێری گشتیی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست دەستی پێکرد و پاشان بەڕیز سەیف عەقیل جێگری سکرتێر باسی لە دۆخی ناوچەکە کرد.
لەبڕگەیەکی دیکەی یەکەم رۆژی کۆنفرانسدا سەرجەم بەشداربووان ڕێکخراوەکانیان هەروەها و تێکۆشانی ڕێکخراوەیی خۆیان ناساند، لەو بڕگەیەدا پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بە نزیک بە هەشت دەیە تێکۆشان و هەروەها ئامانج و بەرنامەکانی یەکیەتیی لاوان کرد. پێشەوا عەلی پوور هەروەها ئاماژەی بە هاوپشتی یەکیەتیی لاوان لەگەڵ حیزبی دێموکرات کرد و گوتی کە “حیزبی ئێمە بۆ ئازادی و دێموکراسی باجی زۆری داوە و ڕێبەرانی لە ئۆتریش و ئاڵمان بە دەستی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کراون و هەروەها وتی کە سەرکردایەتی حیزبی ئێمە لە جەریانی بەحسی سیاسی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پرسی کورد لەلایەن سپای پاسدارانەوە کراوەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی.”
پێشەوا عەلی پوور هەروەها گوتی کە “کۆماری ئیسلامی پرسی کورد لە مافێکی دێموکراتیک و مەدەنییەوە بەرەو شەڕ دەبات و بەردەوام هەوڵی داوە کە پرسی کورد میلیتاریزە بکات و جموجۆڵی مەدەنی بە توندو تیژی بکێشێت، هەربۆیە دەبێ ئەم کۆنفڕانسە و ڕێکخراوەکانی بەشدار لەو کۆنفڕانسە یەکدەنگ لە پشت قەزیەی کورد لە ئێران بوەستنەوە و پشتیوانی لە مافەڕەواکانی کورد بکەن.”
لە ڕۆژی دووهەمی کۆنفڕانس کە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە دەستی پێکرد، بەشداربوان ڕا و سەرنجەکانیان لەسەر وڵاتانی دەوروبەر باسکرد و پاشان بەڕێز هەردی سەلیمی وەک نوێنەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسێکی سەبارەت بە دۆخی سیاسی ناوخۆی ئیران پێشکەش کرد کە تێیدا دۆخی ئایینەکانی بەهایی و یارسان و زەرتۆشتی و مەسیحی ئاماژەی پێکرابوو، چەوساندنەوەی سیستماتیکی لە تارانەوە و بێ مافکردنی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران کە پێکهاتوون لە کورد و تورک و بەلووچ و عەرەب، هەروەها دۆخی نالەباری ژنان و لاوان بەشێکی دیکەی وتاری یەکیەتیی لاوان بوون لەو کۆنفرانسە.
لە کۆتایی ڕۆژی دووهەمی کۆنفرانس تیمی یەکیەتیی لاوان وەک بیرهێنانەوە بۆ ئامادەبوان ئاماژەیاندا بە شەقامی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەناو ئەو هەموو هاڵۆزی و کێشە و گرفتانەی کە حکومەتی ناوەندی بەسەریدا سەپاندوون، کۆمەڵگایەکی مەدەنی زیندوو لە کوردستان هەیە کە دەتوانێ هیوای دواڕۆژێکی ڕووناک بێت بۆ سەقامگیری دێموکراسی و کۆمەڵگایەکی یەکسان و زیندوو.
ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە و کۆتاڕۆژی کۆنفڕانس تەرخانکرابوو بە بۆچوونە جیاوازەکانی ناو کۆنفڕانس کە لەلایەن جێگری سکرتێری لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیستەوە جەمعبەندی کران و کار و چالاکییەکانی دووساڵی داهاتوو بڕیاریان لەسەردرا. شایانی باسە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەندامی چالاک و بەڕێوەبەر لە ڕێکخراوی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست، بۆ وەستۆگرتنی ئەرک و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی تایبەت بە لاوان لە ناوچەی مەدیتەرانە لە داهاتوودا ئامادەیی خۆی دەربڕی.
کۆنفڕانس لە کەشێکی ئازاد و دوای سێ ڕۆژ بەحسی بەردەوام کۆتایی بە کارەکانی هات.