دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە ١٤ی ڕەزبەی ١٣٧٩ی هەتاوی بەرنبەر بە ٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨ی زائینی کومیتەی نۆڕوێژی یەکێتی لاوانی دیموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هاوکاری کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەو وڵاتە کۆڕیادێکی پرس و ماتەمینی بۆ لاوی جوانەمەرگ سۆنیا باختە ئەندامی چالاکی یەکێتی لاوان ، بە بەشداری بنەماڵەی لاوی کۆچکردوو ، دۆستان و خزمان،ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی لاوان ،
سەرەتای کۆڕەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاک و بێگەردی لاوی جوانەمەرگ سۆنیا باختە دەستی پیکرد. پاشان لە لایەن بەڕێوەبەری کۆڕەکە جەعفەر ڕەسووڵی بەخێرهاتنی بەشداران کرا، پاشان ئەو دەستە لە کچان و کورانی لاو کە وابڕیار بوو لە رۆژی زەماوەندی لاوی جوانەمەرگ سۆنیا هاوڕێیەتی بکەن، بە دانانی چەپکە گوڵ لە بەردەم وێنەی لاوی جوانەمەرگ سۆنیا خۆشەویستی ورێز و وەفاداری خۆیان نواند.
پاشان پەیامی یەکێتی لاوانی دیموکڕاتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆڕویژ لە لایەن هاوڕێ هێژا ڕۆستەمی پێشکەش کرا، لە پەیامی یەکێتی لاواند اهاتبوو : چەند بە ئازارە کاتێک ئەژدیهای مەرگ بەرۆکی ژین دەگرێت و کۆشک و هیواو ئاوەتەکانی لاوێکی کەو لە خۆ نەدیو دل بە دنیا خۆش تەفرو تونا دەکات . سرووشتی ژیان ئاوایە، بون و نەمان دەکاتە دوو هێزی کاریگەرو دژ بە یەک وە هەر کام لە وانە لە ناوەرۆکی ئەوەیتردا مانا دەبەخشێت. لاوانی کوردیش فێرن بۆ ژیان بمرن وە لە پێناوی ژیاندا بە گژ مەرگدا بچنەوە.بە کۆچی ناوەختی سۆنیای خۆشەویست بنەماڵەی نیشتمان پەروەری باختە شۆڕە لاوێکی تێگەیشتوو پێگەیشتوویان لە دەستدا ، وە یەکێتی لاوانی دێموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تواناکانی لاوێکی دڵسۆزو پڕ لە هیواو ئاوات ، بێبەش بوو.
پاشان یەیامی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان لە نۆڕوێژ لە لایەن هاوڕێ هەمزە ئاگووشی ئەندامی کومیتەی گشتی ح د ک لە نۆروێژ خوێندرایەوە. لە پەیامی کومیتەدا هاتبوو: نزیک بە ٢٥ رۆژ دوای کارەساتی ١٧ی خەرمانان و شەهید و برینداربوونی پۆلێک لە رێبەران و تێکۆشەرانی دێموکرات، هاوکات چەند رۆژ دوای کۆچی دوایی کادری لێهاتوو و لەمێژینەی حیزبەکەمان حاجی حوسێن حەداد، بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨ی زایینی، جگەرگۆشەیەکی دیکەی بنەماڵەی دێموکرات، کیژۆڵەی لاو و خاوەن هەست و ئۆمێدێکی دواڕۆژی نەتەوەکەمان، خاتوو ” سۆنیا باختە” ئەندامی چالاکی یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کچی پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک لوقمان باختە و خوشکە هەڵاڵە میران، لەبەردەم کەژاوەی ژیانی هاوبەش و لەئامێزگرتنی خۆزگەو ئاواتەکانی، تارای سووری مەرگ بردی و گوڵی تەمەنی هەڵوەری و هەموو لایەکمانی تاساند و خەمێکی قورس و گرانی دیکەی بە خەرمانی خەمەکانمانەوە زیاد کرد.
پاشان هاوڕێ تێکۆشەر کاک هاشم رۆستەمی بەم بۆنەوە ماتەمینەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. بە دوای ئەو دا لە لایەن کومیتەی گشتی یەکێتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بروسکەیەکی ماتەمینی بەڕێورەسمەکە گەیشتبوو ، خوێندرایەوە.
پاشان سپاسنامەی بنەماڵەی لاوی کۆچکردوو سۆنیا باختە لە لایەن هاوڕێی تێکۆشەر لوقمان باختە باوکی سۆنیا پێشکەش کرا.
دوابەشی کۆڕیادەکە تا کاتژمێر ٧ی ئێوارە بە پرسەو سەرەخۆشی و هاودەردی لە بنەماڵە لە لایەن بەشداربووانەوە درێژەی هەبوو.
یەکێتی لاوانی دیموکڕاتی رۆژهەڵاتی کوردستان
کومیتەی نۆڕوێژ