لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان!
ئەمڕۆ ۲٨ی خەرمانان ، نەتەوەکەمان لە سەرجەم شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاپەڕەیەکی نوێیان لە خەبات و خۆڕاگری دژی دەسەڵاتی ستەم و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی تۆمار کرد و بەمەبەستی ئیدانەکردنی کوشتنی خاتوو ژینا ئەمینی لە تاران، لە مانگرتنێکی سەرتاسەریدا بێزاری خۆیان بە داگیرکەری کوردستان نیشاندا.
حەماسەی مانگرتن کە پێشتریش لە بۆنەی دیکەدا وەک ئەزموونی تاقی کراو و سەرکەوتوو هاتبۆ گۆڕێ، ئەمجارەیان جیاوازتر لە جاران بوو، ئەمجارە لەگەڵ ئەوەیکە دوکان و بازاڕەکان بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە دەسەڵاتی تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامی داخران، بەڵام شەقامەکان چۆڵ نەکران و بەپێچەوانەوە شەقامەکان بوونە مەیدانی بەرئەنگاری لاوانی شۆڕشگێڕی کورد لە بەرامبەر هێزە سەرکوتکەرەکاندا.
بەرئەنگاری قارەمانانەی لاوانی کورد لەسەر شەقامەکانی شار پەیامێکی بەهێز و جدیە ڕوو بە داگیرکەرانی کوردستان، بێگومان ئەو وەدەست هاتنەی لاوان لە هێزە سەرکوتکەرەکان سەرەتایەکی نوێیە بۆ ڕێکخستنەوەی پتانسیەلی لاوانی شۆڕشگێڕ بەمەبەستی ڕاماڵینی یەکجاری داگیرکەران.
هەر لەم سۆنگەیەوە ئێمە وەک یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە قۆناغی جۆراوجۆردا پشتیوان و پێشمەرگەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بووین، هەنووکە پشتیوانی لە خۆڕاگری و بەرئەنگاریی شۆڕشگێڕانەی لاوانی سەر شەقامەکانی ڕۆژهەڵات دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.
سەرکەوێ خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان
بڕوخێ ڕێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی