دوابەدوای بانگەوازی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕێکخراوە هاوپەیمانەکانی خۆی سەبارەت بە کوشتنی خاتوو ژینا ئەمینی بەدەستی پۆلیسی تاران بە بیانووی بێ حیجابی، ١٦٣ ڕێکخراوی لاوانی جیهان لەژێر ناوی “یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست” بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا کوشتنی ژینا ئەمینی-یان لەلایەن پولیس بە توندی شەرمەزار کرد و پشتیوانی خۆیان لە خەڵکی مانگرتووی کوردستان دەربڕی.
لەو بەیاننامەیەدا هەروەها هاتووە کە: ” تەنیا تاوانی ژینا پابەند نەبوون بە حیجاب بووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 1979وە، بەزۆرەملی بەسەر هەموو ژنانی ئێران و کوردستانیدا سەپاندووە، کوشتنی ژینا کۆمەڵگای ئێران و کوردستانی یەکخستووە و گەلی کوردستان بەمەبەستی مەحکوم کردنی ئەم جینایەتە ڕۆژی دووشەممە مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند و لاوانی کورد خۆڕاگرانە لەبەرامبەر هەڵسوکەوتی وەحشیانەی پۆلیس ڕاوەستان کە بەداخەوە تاکوو ئێستا ٤ کەس شەهید بوون و زیاتر لە ١١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.”
یەکیەتیی نێونهتهوهیی لاوانی سۆسیالیست لەم بەیاننامەیەدا وێڕای دەربڕینی پشتیوانی لەهەموو ژنانی ئێران و کوردستان، هاوکات ههڵسوکهوتی کۆماری ئیسلامی شهرمهزار دهکات و پشتیوانی تەواو لە گەلی ئازادیخوازی کوردستان دووپات دەکاتەوە.