ڕۆژی شەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە یەکەم ساڵوەگەڕی بەندکرانی زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بەهۆی فێرکاری زمانی کوردی، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە زیندانی کراوە، ڕێکخراوی کوردشۆپ بۆ خزمەت بە زمان، کەلتوور و مێژوو، لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا بە ئامادەبوونی ڕووناکبیران، نووسەران، ڕێکخراوەکانی مەدەنی و میدیاکان، خەڵاتی زارا بۆ زمانی کوردیی پێشکەش بە ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی ”ڤەژین” کرد.
ڕێکخراوی کوردشۆپ خەڵاتی ڕێزلێنانیشی پێشکەش بە بنەماڵەی مامۆستا زارا محەممەدی کرد کە بەڕێز هەیبەت محەممەدی، برای مامۆستا زارا بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەکەیان ڕیزنامەکەی وەرگرت، ناوبراو وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە و ڕێزگرتن لە تێکۆشانی مامۆستا زارا، ئاوڕێکی لە قۆناغەکانی ژیانی مامۆستا زارا دایەوە و باسی لە ژیان و زەحمەتەکانی کرد کە زیاتر لە دە ساڵی ژیانی بۆ خزمەت بە زمانی کوردی تەرخان کردووە.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، وڵات قادری، سەرۆکی ڕێکخراوی کوردشۆپ، وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و ئاماژەی بە کار و چالاکی و هەوڵی ڕێکخراوی کوردشۆپ بۆ پەرەپێدانی زیاتری زمانی کوردی و هاوکاریی هەرچی زیاتری چالاکانی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و باسی دۆخی مامۆستا زارا محەممەدیی لە زینداندا کرد و خەڵاتی ساڵانەی زمانی کوردی پێشکەش بە ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی ”ڤەژین” کرد.
شایانی باسە ڕێکخراوەکانی لاوان و ژنان و خوێندکارانی دێموکرات و هەروەها ڕێکخراوی داکۆکی لە زیندانیانی سیاسی بەشدارییان لەو ڕێوڕەسمەدا کرد.