پاشنیوەڕی ڕۆژی شەممە 10ی خەرمانانی 1403ی هەتاوی بنکەی ڕۆشنبیری چاودێر لە سلێمانی سیمینارێکی لەژێر ناوی “گوتاری ئێرانشاری و سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی- خوێدنەوەیەک بۆ هزری سەید جەوادی تەباتەبایی” بۆ د. ئیسماعیل مەحمودی بەڕێوە برد
لە سەرەتای باسەکەدا، کۆڕگێڕ ئاماژەی بە سەرهەڵدانی سێ قۆناغی ڕەوتی رۆشنبیری ئێرانی کرد و گوتی: ڕەوتی رۆشنبیری ئێرانی، لەسەدەی نۆزدەدا دەردەکەوێت، لەوێوە شوناسی ئێرانی سەرهەڵدەدات، نەوەی دوەمی ڕۆشنبیری، لە بەرلین کۆدەبنەوە، دوو گۆڤار دەردەکەن بەناوی “ئیرانشهر و فرهنگساز”، لەوێوە قۆناغی سەرهەڵدانی ڕەزاشای پەهلەوی و ئێرانی مۆدێرن دێتە کایەوە. نەوەی سێیەمیش ڕوناکبیرانی دژە ڕۆژئاوان، کە لەوێوە گوتاری دژە ڕۆژئاوایی لە ئێراندا دروست دەبێت، زەمینە خۆش دەکات بۆ دامەزراندنی موجاهیدین و حزبی تودە کە دژە ئەمریکایین، خودی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش بەرهەمی ئەو گوتارە بوو.
د. ئیسماعیل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتی: ئێستا لە ئێران گوتاری ئێرانشاری زاڵە، چەندین زانکۆ داوایان کردوە ئێرانشاری بچێتە ناو پرۆگرامی خوێندن، کە گوتارێکی توندی ناسیۆنالیستییە و ڕێبەری ئەم گوتارەش سەید جەواد تەباتەباییە. گوتیشی: تەباتەبایی دوو پرۆژەی سەرەکی هەیە کە شەش کتێبە، سێیانەی یەکەمیان باس لە ئاوابونی ئەندێشەی سیاسی ئێران دەکات و سێیانەی دووەمی پرۆژەکەش باس لە داڕمانی شارستانی ئێران دەکات.
دوای تەواوبونی قسەکانی د. ئیسماعیل، بەشێک لە ئامادەبوانی سیمینارەکە سەرنجەکانی خۆیان خستەڕوو، بەشی زۆریان پێیانوابوو، تەباتەبایی زیاتر وەکو کەسێکی شۆڤێنی و پان ئێرانیزم دەردەکەوێت نەک وەکو ناسیۆنالیستێکی ئاسایی، بۆیە ئەم فکرە زیان بە نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەگەیەنێت و کورد دەبێت ڕەخنە لەم فکرەیە بگرێت، هاوکات هەندێکی دیکە پێیانوابوو، بەهێزبونی ناسیۆنالیزمی توندڕەو و شۆڤێنی، لە ئەنجامی لاوازیی ناسیۆنالسیتی دیموکراسیە، کە هێشتا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناویشیاندا لە ئێران دێموکراسی لاوازە و ئەمەش وایکردوە گوتاری ئایینی و مەزهەبی زاڵ بێت.