ئامادەبوانی خۆشەویست!
بەرپرسانی حیزبی و حکومی!
بەڕێزان نوێنەرانی لاوانی هەر چواربەشی کوردستان!
پڕبەدڵ بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ رێوڕەسمی یادی ٧١ ساڵەی دامەزرانی کۆماری میللی دێموکراتیکی کوردستان کە بە دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێشەوا قازی محەمەد دامەزرا.
لەسەردەمێکدا کە ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی دەچوو لە ناوچەی مەهاباد و موکریان بۆشایی دەسەڵات هەست پێدەکرا،
ئەم بۆشایی دەسەڵاتە و قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە لەلایەن پێشەوا قازی، بوو بە دەرفەتێک کە کۆماری کوردستان دابمەزرێ. کۆماری کوردستان بەرهەمی شەڕ و ئاڵۆزی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی نەبوو بەڵکوو بەرهەمی ئاقڵیەتی هەموو چین و توێژەکانی کوردستان بوو کە لەو سەردەمەدا لە هەلێکدا کە بۆ کورد رەخسا، بە دیرایەتی پێشەوا قازی محەمەد ئەم هەلە قۆزرایەوە.
کۆماری کوردستان و فەلسەفەی دامەزرانی کۆماری کوردستان فەلسەفەیەکی مەدەنی و رێگاچارەی ئاشتیانە بوو بۆ چارەسەری پرسی کورد لەو سەردەمەدا. کۆماری کوردستان لە سەردەمێکدا دامەزرا کە سیستمی فئیۆدالی زال بوو و شارستانیەت لە بازنەیەکی بەرتەسکدا خۆی دەدیتەوە و دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی لەوپەڕیخۆیدا بوو، بەڵام پێشەوا قازی هەوڵیدا کە بە لەبەرچاوگرتنی هەموو تەنەوعاتی ناوکۆمەڵگا یەکیەتیی نەتەوەیی بپارێزێ و تەنانەت ئەمە بکاتە وانەیەک بۆ نەوەکانی دوای خۆی کە ئەگەر میلەتێک خوازیاری سەرکەوتن بێ ئەوە بە یەکگرتویی و بە بەبەشداری هەموو چین و توێژەکان دەتوانێ سەرکەوتوو بێت.
فەلسەفەیەکی دیکەی بە قوەتی کۆماری کوردستان دامەزراندنی هێما و هۆییەتێکی نەتەوەیی بوو کە بە بەشداری مەرحومی بارزانی لە تەنیشت پێشەوا قازی بۆ جارێکی دیکە سەنەدیەتیاندا بە یەکگرتوویی نەتەوەی کورد، کە هەلێک دەرەخسێ و هەموو لایەک بەیەکەوە تێیدا بەشدار دەبن و ئەم سەندە سەبت دەکەن و لەهەمانکاتدا لە ئیدامەی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەمان ئەمە دەکەنە سەرەتایەک بۆ بەهێزکردنی روحیاتی نەتەوەیی.
دیاردەیەکی دیکەی بەهێزی کۆماری کوردستان کە سەنەدیەتیدا بە مان و مەوجودیەتی نەتەوەی کورد ئەوە بوو کە قەرادادێکی نەتەوەیی هاتە گۆڕێ و هەنووکە ٧١ ساڵ دوای کۆماری کوردستان ئێستاش لەنێو هەموو چین و توێژەکانی نەتەوەکەمان لە هەرچوار بەشی کوردستان و لەهەموو مەیدانێکی سیاسی بۆنەتە شتێکی حاشا هەڵنەگر و رۆژ بە رۆژ زیاتر نەهادینە دەبن، ئاڵای کوردستان، مێژووی کوردستان، سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب. لەهەموو دنیادا نەتەوەکان بە رابردوویان پێناسە دەکرین، رابردووی ئێمەش ئاڵای کوردستان و مێژووی خەبات و تێکۆشان و سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیبە.
هەنووکە ٧١١ساڵ بەسەر ئەو سەردەمەدا تێپەڕدەبێ کە پێشەوا قازی ئەو بیروهۆشە دێنێتە گۆڕێ، ئەو وەختە زۆرێک لە میللەتان هێشتا دەوڵەتی خۆیان نەبوو، ئێستا نزیک دووسەد دەوڵەت لەدنیادا هەیە.
لە دنیای ئەمڕۆدا کەم نین ئەو وڵاتانەی کە سەرۆککۆماریان هەیە، سەرۆکوەزیریان هەیە و دوای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات راستەوخۆ خانووی خۆیان بەجێ دەهێڵن و دەچنە سەر حازری و راستەخۆ دەچنە کۆشکی کۆماری و وەرزارەتخانەکان، بەڵام پێشەوا قازی محەممەد حکوومەتێکی دامەزراند، هۆوییەت و کەسایەتییەکی دامەزراند، لە دایکبوونێکی نوێ و ناسیونالیزم و کوردایەتی بوو.
خوشک و برایانی بەڕێز!
ئەمڕۆ لەسەردەمێکدا یادی کۆماری کوردستان دەکەینەوە کە بەشێک لە ئاواتەکانی قازی محەممەد جێبەجێ بووە، لە هەرێمی کوردستان، لەو شوێنەی کە سەردەمێک تێکۆشەرەکانی بە سەرپەرەستی مەرحوم بارزانی بوونە کۆڵەکەی سەرەکی کۆماری کوردستان، ئێستا بە خۆشیەوە ئێمە حکوومەتێکی کوردیمان هەیە بۆتە تەجروبەیەکی نوێی دێموکراسی لە ناوچەکەدا، هەر بۆیە ئەرکی هەموو هێزەکانە ئەم تەجروبەیە بپارێزین، تەجروبەیەکی دێموکراتیکە، دەسکەتێکی سیڤیلە و بەدوای دێموکراسیدا دەگەڕێ. بۆیە دڵنیام ئەو تەجروبەیە دوای ٧١ ساڵ دەبێتە ئیدامەیەکی باش بۆ وەدیهاتنی خواست و ویستەکانی پێشەوا قازی و بارزانی و هیوادارم بە رێفراندۆم کورد لەم بەشە وەڵامێکی شیاو بداتەوە بە نەیارانی خۆی، لە تورکیا پاش دەیان ساڵ ئینکاری کورد و گەڕانەوە بۆ خەباتی پاڕلەمانی بەداخەوە پڕۆسەی ئاشتی شکستی پێهێنراوە و پاڕلەمانتارانی کورد راپێچی بەندیخانە کراون، وێڕای هیواخوازی ئازادی بۆ پەڕلەمانتاران و سەرکەوتن بۆ کورد لەم بەشەدا، ئاواتەخوازین کە لە رێگای مەنتق و دیالۆگەوە جارێکی تر پڕۆسەی ئاشتی دەست پێ بکاتەوە و کوردی ئەم بەشەش بە مافەکانی خۆیان بگەن. . لە سووریا کە ئاڵۆگوڕەکان لە گۆڕێدا هەن، بە یەکگرتووی کورد بە هەموو تەنوعاتی سیاسیەوە ئێمە دڵنیاین هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێ کورد وەلا بنێ. پێشەوا قازی لەسەردەمی کۆماری کوردستان روبە تاران دەیگوت: وەرن با کێشەی کورد لە رێگای وتووێژ و دانیشتن چارەسەر بکەین، بەڵام وەڵامی ئەوان ئەوکات و ئێستاش ئێعدام، زیندانی و ئەشکەنجەیە و لە وەها دۆخێکدا کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان مافی خۆیەتی پەنا بۆ سازمان و رێکخراوە جیهانیەکان بەرێت و بە پشت بەستن بە پاشخانیی مێژوویی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان مەسئەلەی رێفراندۆم بخاتە رۆژەڤەوە و دڵنیاین لەو شوێنەی کە کۆماری کوردستان دامەزرا، لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لەوشارەی کە پێشەوای کورد، رئیس جمهووری کورد حکوومەتەکەی دامەزراند، لەوشوێنەش ئاڵوگۆڕەکان بەرە و ئەوە دەچن کە لە ئایەندەدا گەلی کورد لەو بەشە بەمافەکانی خۆی شاد بێت. وەسیەتی قازی محەممەد و هەروەها دەسپێکی قازی محەممەد دەڵێ دەبێ یەکگرتوو بین، ئەویەکگرتن و وەحدەتە ئێستاکە لەسەردەمی قازی محەممەد گرنگترە.
هیوادارم هەموو لایەکمان لەهەموو پارچەکانی کوردستان تێبکۆشین بۆ چارەسەری پرسی کورد رێگا چارەمان هەبێ و رێگاچارەکانمان نەخەینە سەرووی بەرژەوەندی نەتەوەیی و هەموومان بەرژەوەندییە شەخسی و حیزبیەکان فیدای بەرژەوەندی نەتەوەیی بکەین.
هیوادارم ئایدیا و بیر و پڕۆژەکانی پێشەوا وکۆمار رۆژ بەرۆژ لە پەرە ئەستەندن دابن و باشترین پێزانینی ئێمە بۆ پێشەوا قازی ئەوەیە کە پێێ بڵێین “پریزێدنت پێشەوا تۆ گیانی خۆت فیدای گەل و نیشتمان کرد، تۆ بە نەمری دەمێنیەوە و بیر و ئەندێشەکانت دەبەینە ناو کۆمەڵانی خەڵک و بەڵێنی یەکگرتوویت پێ دەدەین و ئەو تنۆکە خوێنەت بۆتە بنەما و پایەی حکومەتێکی کوردی کە دوور نییە و بە چاوی خۆمان دەیبینین و رۆڵەکانی کورد بە دیقەت و تێبینیەوە ئەم رەسالەتە بەجێ دەگەیەنن.
بەرز و پیرۆز بێت یادی دووی رێبەندان دامەزرانی کۆماری کوردستان و
رووحی قازی محەممەد رئیس جمهووری کوردستان سەمبولی کوردایەتی و ئازایەتی پیرۆز بێ
ئێوەش هەمووتان هەر ساغو سڵامەت بن
یەکیێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
22/01/2017