ڕۆژی جومعە ٨ی نۆڤامبری ٢٠٢٤ کۆبوونەوەی ساڵانەی یەکیەتیی لاوانی ئینترناسیۆنال سۆسیالست تایبەت بە کۆمیتەکانی ناوچەکانی مەدیتەرانە و دەریای ڕەش بە هاوبەشی لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئوتریش بەڕێوەچوو.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە بەشداری نوێنەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، سەرەتا هەرکام لە ڕێکخراوەکانی بەشدار ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەشی کۆبوونەوەکە کرد.
هاوڕێ کەماڵ مێحیەدینی نوێنەری یەکیەتیی لاوان لەم بەشەدا سەبارەت بە دۆخی کورد و لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند بابەتی هێنایە گۆڕێ کە بریتی بوون لە بارودۆخی سیاسی و ئابووری خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها ناکارایی ڕێژیم لە دابین کردنی هەلی کار بۆ لاوان بە هۆی گەندەڵی ناوخۆیی و هەڵئاوسان، کە ئەمەش بۆتە هۆی پەرەسەندنی کۆڵبەری وەک دیاردەیەکی پڕ کارەسات و مەترسی بۆسەر ژیانی تاکی کورد.
بەشداری چالاکانەی لاوانی کورد لە ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێژیمی خۆسەپێنی تاران بە تایبەت لە بایکۆتی هەڵبژارنەکانی ئێران لەماوەی ڕابردوو دا، تەوەرێکی دیکەی ڕاپۆرتی یەکیەتیی لاوان بوو کە تێیدا بە چڕی پرسی نەبوونی هەڵبژاردنی ئازاد و بێبەشکردنی لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردندا بۆ بەشداربووان ڕوون کرایەوە.
پانێلی دووهەمی ڕۆژی یەکەمی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بە شەڕی نێوان ڕوسییە و ئۆکڕاین کە لەوێ بەڕێز ئاندریاس شیدەر وەکوو ئەندام پاڕلەمانی یەکیەتیی ئورووپا بەشداری پانێلەکە بوو و لە میانەی بابەتەکاندا نوێنەری یەکیەتیی لاوان سەرنجی خستە سەر ڕۆڵی نێگەتیڤی سپای پاسداران و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دابین کردنی چەک و دڕۆن بۆ ڕووسیە لە دژی خەڵک و خاکی ئۆکڕاین.
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکەمی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بە سەردان بۆ پاڕلەمانی ئوتریش لە ڤییەن و باسێک لەسەر مێژووی ئوتریش و پاڕلەمانی ئەم وڵاتە، کە “کای-ژان کراینەر” ئەندام پاڕلەمانی ئۆتریش لە حیزبی سۆسیالیست چەند بابەتێکی جێگای سەرنجی بۆ بەشداربوان خستەڕوو.